"وشە" زانیاری لەسەر ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان بڵاو دەكاتەوە

:: PM:02:21:16/02/2019 ‌
بڕیارە سەعات سێی ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدرێ، وەك پێشبینی دەكرێ‌ كۆبوونەوەكە دوایین كۆبوونەوەی نێوان ئەو دوو حزبە دەبێت لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان و دواتر ڕێككەوتنی سیاسیی دەكەن.

سەرچاوەیەك لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی گوت، ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو پارتی و گۆڕان كۆبوونەوە و پارتی دوو سیناریۆی داوەتە گۆڕان، بۆیە ئەمڕۆ گۆڕان وەڵامی ئەو سیناریۆیانەی پارتی دەداتەوە لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت.

سەرچاوەكە كە بەرپرسیاریەتی هەیە و لەوكاتە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە گوتی، گۆڕان ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو داوای كردووە جێگری سەرۆك وەزیرانی كوردستان وەربگرێ‌، بەڵام پێدانی ئەو پۆستە بۆ گۆڕان ئەگەرێكی لاوازە، بۆیە پێدەچێ گۆڕان بە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕازی بێت بە مەرجی زیادكردنی دەسەڵاتەكانی.

وەك سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ كرد، گۆڕان لەبەرانبەر سازشكردن لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی كوردستان داوای چەند پۆستێكی تر لە وەزارەتی ناوخۆ كردووە و ڕەنگە پارتیش بەو مەرجانەی گۆڕان ڕازی بێت.

بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ پارتی و گۆڕان دەگەنە بڕیاری كۆتایی و لێكنزیكبوونەوەی زۆر لە نێوانیان هەیە.

پێشتر ئاراس وەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاندبوو كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ خاڵێكی ناكۆك لە نێوانیاندا نییە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم