ئه‌لقوش سه‌ربه شارۆكه‌ی تلكێفی سه‌ربه سنووری پارێزگاى مووسڵ، له ساڵى 1918 بووه‌ته شاره‌دێ و تا ئێسته 49 به‌ڕێوه‌به‌ری گۆڕیوه، دانیشتووانه‌كه‌ی مه‌سیحین و رێژه‌یه‌ك له پێكهاته‌كانیش تێیدا ده‌ژین. به‌ڵام لارا یوسف ئیسحاق ئێسته تاكه به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێیه‌كی عێراقه كه ژنه، له‌م دیمانه‌یه‌ى "وشه"دا باس له كێشه‌كانی ده‌كات و به "پشتگوێخراو" له‌لایه‌ن حكوومه‌تى ناوه‌ندى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كورستان ناوی ده‌بات.
ژماره‌ى دانیشتووانى ئه‌لقوش پێش هاتنى داعش و دوای ده‌ركردنی داعش چه‌ند گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه؟
ئێسته كار له‌سه‌ر دروستكردنى سه‌رژمێرى نوێ ده‌كه‌ین بۆ شاره‌دێكه، چونكه ئه‌و سه‌رژمێرییانه‌ى هه‌ن كۆنن و بۆ ساڵى 2016 ده‌گه‌ڕێنه‌وه كه شاره‌دێكه له 83 گوند و سێ كۆمه‌ڵگه پێك ده‌هات و ژماره‌ى دانیشتووانى له پێش هاتنى داعش 62 هه‌زار كه‌س بووه، به‌ڵام دواى هاتنى داعش بووه‌ته 55 هه‌زار كه‌س، له‌و ژمارانه نزیكه‌ى حه‌وت هه‌زار كه‌س روویان له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا كردووه و بوونه‌ته په‌نابه‌ر.
ئه‌لقوش پێكهاته‌ى ئێزیدیش له‌خۆ ده‌گرێت و گونده‌كانى سه‌ربه شاره‌دێكه‌مان 80% دانیشتووانى ئێزیدین، 10%ی له مه‌سیحین و 8%یش مسوڵمانى عه‌ره‌بن، ئه‌و دوو له سه‌ده‌ی ده‌مێنێته‌وه مسوڵمانى كوردن، به‌ڵام دانیشتووانی سه‌نته‌رى شاره‌دێكه تێكڕا مه‌سیحین.
له كاتی هاتنی داعش بۆ ناوچه‌كه چه‌ند كه‌س له خه‌ڵكى ئه‌لقوش ئاواره بوون؟
له شه‌شی ئابی 2014 داعش هاته ناوچه‌كه و چه‌ند گوندێكی داگیر كرد، به‌ڵام نه‌یتوانی بگاته ناو سه‌نته‌ری شاره‌دێ، ئه‌وه‌بوو هه‌موو خه‌ڵكى ئه‌لقوش ئاواره بوون و ته‌نیا هێزى پێشمه‌رگه و ئاسایش و ژماره‌یه‌كى كه‌م له پیاوان مانه‌وه، زۆربه‌ى خه‌ڵكى ناوچه‌كه روویان له پارێزگاى دهۆك كرد و له شارۆكه‌ی ئامێدى و زاخۆ و بامه‌ڕنێ جێگیر بوون، ژماره‌یه‌كى كه‌م نه‌بێت روویان له عه‌نكاوه‌ی هه‌ولێر كرد، به‌ڵام ئێسته هه‌موو به‌دڵخوشییه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر جێ و ڕێی خۆیان، جگه له‌وانه‌ی كۆچی ده‌ره‌وه‌یان كردووه.
كه‌واته بارۆدوخى ته‌ناهیی ئێسته‌ى ده‌شتى مووسڵ به گشتى و ئه‌لقوش به‌تایبه‌تى چۆنه؟
ئه‌وه راسته كه ئه‌لقوش به‌شێكه له ناوچه‌ى ده‌شتى نه‌ینه‌وا، به‌ڵام له هه‌موو روویه‌كه‌وه جیاوازه، ته‌نانه‌ت له رووى داونه‌ریت و دۆخى ئاسایش و زۆر لایه‌نى تریش, ئه‌گه‌ر ئه‌لقوش له‌گه‌ڵ ده‌شتى نه‌ینه‌وا به‌راورد بكه‌یت، جیاوازى زۆر ده‌بینى بۆیه به‌راورد ناكرێن.
ئێسته ئه‌لقوش له رووى ئاسایشه‌وه 100% پارێزراوه و سه‌قامگیره، به‌ڵام ده‌شتی نه‌ینه‌وا وانییه و تا ئێسته‌یش مه‌ترسیى تێدایه, ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نیا پاش هاتنى داعش، به‌ڵكو پێش هاتنى داعش‌یش ئه‌لقوش له رووى ئاسایشه‌وه له ده‌شتى مووسڵ جیاواز بوو، هه‌ر له ساڵى 2003وه تا ئێسته زۆر كارى تیرۆریستى و ترسناك له ناوچه‌كه روویان دا، به‌ڵام ئه‌لقوش له‌و ئاڵۆزییانه دوور بوو، ته‌نانه‌ت گوندى تلسقۆف كه 10 خوله‌ك له ئه‌لقوش دووره و دانیشتووانه‌كه‌ی مه‌سیحین، ژماره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه تێیدا رووی دا، قه‌ره‌قووش به‌هه‌مانشێوه, ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنمه‌وه كه بوونى هێزى ئاسایش و پێشمه‌رگه به‌شێوه‌یه‌كى ته‌واو له ئه‌لقوش ته‌ناهیی خه‌ڵكه‌كه‌ی پاراست.
ئه‌ی دواى هاتنى داعش رێژه‌ى كرده‌وه‌ى تێكده‌رانه و كاولكارى چه‌ند بووه؟
بوونى داعش له سنووری ئه‌لقوش ته‌نیا 10 رۆژى خایاند، له‌م ماوه‌یه‌شدا نه‌یتوانى هیچ بكات و ته‌نیا له هه‌ندێ شوێنی پیرۆزى ئێزیدییه‌كان كاولكارى كرد له گونده‌كان كه ده‌كه‌ونه لاى باكور و رۆژئاواى ئه‌لقوش وه‌ك گوندى ریساله، به‌گشتی داعش ژماره‌یه‌كى كه‌م كاولكاریى تێدا كرد، به‌ڵام ئه‌لقوش خۆى به ده‌ردى پشتگوێخستنه‌وه ده‌ناڵێنێ.
واته خزمه‌تگوزارى له ئه‌لقوش به‌پێى پێویستى خه‌ڵك نییه؟ كێن ئه‌وانه‌ن كه هاوكارى ئاوه‌دانى و دابینكردنى خزمه‌تگوزارى بۆ ناوچه‌كه ده‌كه‌ن؟
ئێسته خزمه‌تگوزارى له شاره‌دێكه هیچ نییه و له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكوومه‌تى ناوه‌ندى و هه‌رێمى كوردستان پشتگوێ خراوه, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم پێش ته‌نگژه‌ى ئابوورى زۆر جار هاوكارى شاره‌دێكه‌ی كردووه، هه‌رچه‌نده سه‌ربه حكوومه‌تى ناوه‌ندیشه، به‌ڵام هه‌رێم له بودجه‌ى هه‌رێم به‌شێكی به ئه‌لقوش ده‌دا. به نموونه هه‌ر له ساڵى 2011وه تا ئێسته كاره‌بامان له پشكى كاره‌باى پارێزگاى دهۆكه‌وه بۆ دێت, به‌ڵام ئێسته به‌هۆى ئه‌و دۆخه خراپه‌ى هه‌رێم تێیدا ده‌ربازى بوو، ئیتر هه‌رێم ناتوانێ هاوكاریمان بكات و حكوومه‌تى ناوه‌ندیش پێش هاتنى داعش هه‌ر ئاگای لێمان نه‌بوو.
ئه‌وه‌ى ئێسته هاوكاریمان ده‌كات ته‌نیا رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانن كه ژماره‌یه‌ك كارى نۆژه‌نكردنه‌وه و چاككردنه‌وه‌ى بوارى خزمه‌تگوزارى و رێگه‌وبان و ئاو و باڵه‌خانه‌ی له‌خۆ گرتووه.
ئێسته كێشه‌ى سه‌ره‌كیى ئه‌لقوش چییه؟
له رووى ئاسایشه‌وه هیچ كێشه‌مان نییه و 100% گیانمان پارێزراوه، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه كێشه‌ى خزمه‌تگوزارین كه به‌ڕاستى كێشه‌ى سه‌ره‌كین بۆ خه‌ڵكى شاره‌دێكه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له هه‌موویان گرنگتره كێشه‌ى یه‌ك سایدیى رێى نێوان مه‌فره‌قى به‌درییه بۆ مه‌فره‌قى باعه‌درێ، ئه‌مه چه‌ندان جاره داوا ده‌كه‌م و نووسراوی فه‌رمی بۆ پارێزگاى دهۆك و مووسڵ ده‌نێرم, چاره‌ی ناكه‌ن، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا كێشه‌یه، به‌ڵكو كاره‌ساتى مرۆییه و ساڵانه به‌هۆى ئه‌و رێیه‌وه 11 حاڵه‌تى مردن له‌گه‌ڵ 30 حاڵه‌تى بریندارى دروست ده‌بێت, ئێسته هیچ گوندێكی ئه‌لقوش نه‌ماوه یه‌كێك یان زۆرتری به‌هۆى ئه‌و رێیه گیانى له ده‌ست نه‌دابێت، له كاتێكدا رێیه‌كه بازرگانیشه و توركیا و عێراق پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و رۆژانه بڕێكى زۆرى پاره به‌هۆیه‌وه ده‌چێته داهاتی حكوومه‌ته‌كانه‌وه، بۆیه داوا ده‌كه‌ین بڕێك له‌و پاره‌یه له كردنه‌وه‌ى سایدێكى تر‌ى رێیه‌كه خه‌رج بكرێت.
وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێی ئه‌لقوش كه خۆت ژنی و ناوچه‌كه‌یش بێ خزمه‌ته، چۆن رووبه‌ڕووى كێشه‌كان ده‌بیته‌وه؟
ئه‌گه‌ر ناخۆشى نه‌بێ مرۆڤ ناتوانێ ئیش بكات، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت ئیش بكات چ ژن بێت یان پیاو، ده‌بێت دووچارى كێشه و ئه‌سته‌می بێت، به‌ڵام به دڵنیایی كێشه‌كان بۆ ژن زۆرن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا، چونكه چاوى هه‌موویان زۆرتر له‌سه‌ر ژنه, جا ئه‌گه‌ر ژنێك به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێ بێت كه من یه‌كه‌م ژنم له‌سه‌ر ئاستى عێراق پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێم وه‌رگرتووه و له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم دووه‌مم, دووچارى زۆر ناخۆشى بووم، له‌وانه كێبه‌ركێ و زۆر شتى تر كه زۆر له كه‌سه‌كان هه‌وڵیان داوه دژ به من كار بكه‌ن، زۆربه‌یان پیاو بوون و به چاوى ئیره‌یی سه‌یرم ده‌كه‌ن و نه‌یانویستووه ببم به به‌ڕێوه‌به‌ر، به‌ڵام من بنه‌مایه‌ك له ژیانم هه‌یه كه به‌رده‌وام ئیش بكه‌م و له رێى خۆم به‌رده‌وام بم و بۆ دواوه نه‌گه‌ڕێمه‌وه، ئه‌مه په‌یاممه بۆ هه‌موو ژنێك تا ببن به سه‌ركرده و سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بێنن.
وشه/ ئه‌لقوش- دێژین سدقى