كێشه‌ی نێوان هه‌ردوو هاوپه‌یمانی فه‌تح و سائیروون چاره‌سه‌ر نابێت
موئه‌یه‌د جحێشی شاره‌زای ستراتیجی له عێراق، تیشك ده‌خاته سه‌ر گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی به‌رده‌م په‌رله‌مان و حكوومه‌تی عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به سازان هاتووه و پاڵپشتی فراكسیۆنی گه‌وره‌ی نییه.
جحێشی له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئه‌وه‌ش راده‌گه‌یه‌نێت كه هاوپه‌یمانێتییه‌كانی ناو په‌رله‌مان په‌رت بوون و ئێسته ناتوانن هیچ یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ن، به سازان نه‌بێت، كه ناتوانن پێی بگه‌ن.
*وه‌رزی یه‌كه‌می یاسادانانی په‌رله‌مانی عێراق هیچمان نه‌بینی جگه له په‌رله‌مانێكی نیوچه په‌ككه‌وته، ئایا له داهاتوو چی روو ده‌دات؟
ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی ئێسته سازانی تێدا نه‌بوو به هاوشێوه‌ی خوله‌كانی پێشتر، چونكه پێشتر به‌ر له سازكردنی یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مان، سازان دروست ده‌بوو و ئه‌وان له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت و پۆسته باڵاكان رێك ده‌كه‌وتن، ئینجا یه‌كه‌م دانیشتنیان ساز ده‌كرد، له دووه‌م خول ماوه‌ی هه‌شت مانگ دانیشتنی په‌رله‌مان به كراوه‌یی مایه‌وه تا كاتی سه‌رۆك وه‌زیرانی دیاری كرا، بۆیه چه‌ند كێشه‌یه‌ك هاته پێشه‌وه وایان كرد په‌رله‌مان نه‌توانێت ئه‌و بۆشاییه‌ی هه‌بوو پڕی بكاته‌وه، بۆ نموونه ئه‌و ساخته‌كارییه‌ی له‌و هه‌ڵبژاردنه كرا كه ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی به‌رهه‌م هێنا، كه‌می به‌شداری ده‌نگده‌ر كه گه‌یشته 20%، دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كان كه هه‌ڵه بوو، لێكترازانی هاوپه‌یمانی و حزبه‌كان كه وایانكرد په‌رله‌مان به‌و دۆخه بگات، بۆیه ده‌توانم بڵێم ئه‌وه دوا په‌رله‌مان ده‌بێت له ده‌وڵه‌تی عێراق.
ئه‌و په‌رله‌مانه زۆر لاوازه و به‌ڵگه‌یش ئه‌وه‌یه نه‌یانتوانیوه به درێژایی وه‌رزێك جگه له یاسای بودجه، هیچیتر تێپه‌ڕ بكه‌ن. ئه‌ویش به‌و هۆیه‌وه بوو كه پاره‌ی تێدایه، فراكسیۆنه‌كان له هه‌موو شتێك‌دا جیاوازن ته‌نیا له‌سه‌ر پاره نه‌بێت، بۆیه ده‌نگیان به پڕۆژه‌كه نه‌دا تا هه‌ر پارتێك مسۆگه‌ری پشكی خۆی له‌و پاره‌یه كرد. ئه‌گه‌رنا تا ئێسته‌یش كێشه‌یان له‌سه‌ر هه‌دوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگری هه‌یه، پێم وایه ئه‌و په‌رله‌مانه ته‌نیا لاواز نییه، به‌ڵكو ناتوانێ هیچ یاسایه‌ك ده‌ربكات له هیچ له وه‌رزه‌كانیدا.
كێشه‌ی گه‌وره نه‌بوونی سازانه و هاوكات نه‌مانی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییه، ئه‌وان له 2010 كاتێك ویستیان نووری مالیكی له بری ئه‌یاد عه‌لاوی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران دابنێن، له رێی دادگای فیدراڵه‌وه داهێنانیان كرد به‌وه‌ی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی ناو په‌رله‌مان حكوومه‌ت پێك دێنێت، بۆیه مالیكی هات و بریا نه‌هاتایه، چونكه نه داعش و نه به‌زاندنی سنووره‌كان و نه چوونه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكامان ده‌بینی.
لایه‌نه‌كان له هه‌ڵبژاردنی 2018 نه‌یانتوانی فراكسیۆنی گه‌وره له‌ناو په‌رله‌مان پێك‌بێنن، نه‌شیانتوانی بۆ ده‌ستوور بگه‌ڕێنه‌وه، واته له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان كه سه‌در زیاترین كورسی هێنا، بۆیه نه سازان كرا و نه فراكسیۆنی گه‌وره پێكهات.
له عێراق كێشه‌كان له‌سه‌ر سه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانه و ئه‌ویش وه‌ك چاره‌سه‌ری ناوه‌ندی هاتووه، واته نه له فراكسیۆنی گه‌وره‌یه له‌ناو په‌رله‌مان و نه له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، بۆیه پارت و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی ناو په‌رله‌مان په‌رت بوون و ئێسته‌یش ناتوانن هیچ یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ن مه‌گه‌ر به سازان نه‌بێت.
*وه‌ك ئاگادار بیت ململانێی نێوان هێزه سیاسییه‌كان به‌كوێ گه‌یشت له‌باره‌ی ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكوومه‌ت؟
پرسی وه‌زاره‌ته‌كان و لیژنه‌كانی په‌رله‌مان هه‌ر ماون و ئه‌وانیش پێویستیان به سازان هه‌یه، بۆیه ته‌واو نه‌كراون، له‌وكاته‌ی له په‌رله‌مانه‌كانی پێشتردا ئه‌و لیژنانه زوو پڕ ده‌كرانه‌وه و زۆر له په‌رله‌مانتاران خۆیان له بوونه ئه‌ندام تێیاندا ده‌دزییه‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وان به‌رانبه‌ر به وه‌زاره‌ته‌كانن، بۆ نموونه لیژنه‌ی وزه و نه‌وت هاوتایه له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كاره‌با و نه‌وت، ئه‌وان ده‌توانن هه‌ر گرێبه‌ستێك هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه كه وه‌زیرانی كاره‌با یان نه‌وت واژووی بكه‌ن.
*به‌ڵام په‌رله‌مانتارانی عێراق ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌م وه‌رزی یاسادانان پێیان نه‌كرا، له دووه‌م وه‌رزدا شۆڕشی بۆ به‌رپا ده‌كه‌ن، ئێوه چی ده‌ڵێن؟
من پێشبینی پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌كه‌م، هیچ شتێك له دووه‌م وه‌رزی یاسادانان روو نادات و ئه‌وه‌ی ده‌بێت ته‌نیا ده‌ستی ده‌ستی و كاتكوشتنه، ته‌نانه‌ت پێشبینی ده‌كه‌م پێكهێنانی حكوومه‌ت تا كۆتایی ئه‌و خوله ته‌واو نه‌بێت، پێشتر بینیومانه كه نووری مالیكی بۆ چوار ساڵ به وه‌كاله‌ت وه‌زیری به‌رگری و ناوخۆ بوو، بۆیه ئاساییه ئه‌و وه‌زاره‌تانه به وه‌كاله‌ت بمێننه‌وه، چونكه كێشه‌ی نێوان هه‌ردوو هاوپه‌یمانی فه‌تح و سائیروون چاره‌سه‌ر نابێت، ئه‌و قسانه‌یشی ده‌كرێت له‌باره‌ی سازان و كۆبوونه‌وه‌ی لبنان له نێوان موقته‌دا سه‌در و قاسم سلێمانی گوێیان بۆ ناگیرێت، ئه‌وان سازانیان نه‌كردووه، چونكه پرسه‌كه پێوه‌سته به پاره‌وه.
هه‌شت ملیار دۆلار بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ته‌رخان كراوه، گرێبه‌ستێك هه‌بوو بۆ كڕینی پیكاب بۆ وه‌زاره‌ته‌كه به به‌های 600 ملیۆن دۆلار كه ئه‌وه شتێكی ماقووڵ نییه ده‌وڵه‌ت ئه‌و هه‌موو پیكابه بۆ وه‌زاره‌تێك بكڕێت، وه‌ك له راگه‌یاندنه‌كانیش باسی لێوه كرا یاریی به نرخ و تایبه‌تمه‌ندی پیكابه‌كان كراوه. هه‌رچی وه‌زاره‌تی به‌رگرییه 12 ملیار دۆلاری بۆ ته‌رخان كراوه كه ملیارێكی بۆ ئازووقه‌ی سوپایه كه رێژه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌و پاره‌یه ده‌گاته 60%، بۆ هه‌ر سه‌ربازێك كه ده‌وام ده‌كات بۆ هه‌رسێ ژه‌می خۆراك بڕی 17 هه‌زار دیناری بۆ ته‌رخان كراوه كه ده‌كاته نزیكه‌ی 15 دۆلار، كه‌چی ئه‌و سه‌ربازه هه‌رسێ ژه‌مه‌كه‌ی به سێ هه‌زار دینار پێ ده‌گات كه ده‌كاته 2.5 دۆلار، جیا له‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی فه‌وجه‌كان 150-200 سه‌ربازیان هه‌یه ده‌وام ده‌كه‌ن، به‌ڵام باسی 500 ده‌كات، واته هه‌ر سه‌ربازێك 2.5 دۆلاری به‌رده‌كه‌وێت له‌وكاته‌ی ده‌وڵه‌ت 15 دۆلاری بۆ خه‌رج ده‌كات، كه بڕی گه‌نده‌ڵی ده‌گاته 12.5 دۆلار، بۆیه ئه‌وان شه‌ڕیانه له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی به‌رگری.
وه‌زیری به‌رگری پشكی 5%ی هه‌یه له هه‌ر گرێبه‌ستێكی ئه‌و وه‌زاره‌ته، بۆیه له‌و 12 ملیاره 5%ی بۆ وه‌زیری به‌رگرییه، ئه‌وه هۆكاری ئه‌وه‌یه كه بۆ به 50 ملیۆن دۆلار وه‌زاره‌تی به‌رگری دێته كڕین، چونكه چوار هێنده‌ی ئه‌و پاره‌یه له گرێبه‌سته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و وه‌زیره، ئه‌گه‌ر هیچ گه‌نده‌ڵییه‌كیش نه‌كات. هه‌مان شتیش بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌یه.
*چه‌ندان پڕۆژه‌یاسای گرنگ چاوه‌ڕوانی عێراق ده‌كه‌ن، وه‌ك كردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه وێرانه‌كان و ئاشته‌وایی و نه‌هێشتنی تیرۆر، ئه‌وانه تا چه‌ند نزیكه په‌سندكردنیان؟
نه‌خێر ئه‌و بابه‌تانه دوورن و ئه‌سته‌مه تێپه‌ڕ بكرێن، چونكه ئه‌و په‌رله‌مانه پشتی پێ نابه‌سترێ، من باسی حكوومه‌ت ناكه‌م كه چه‌ند وه‌زیرێكی تێدایه و بوارێك هه‌یه بۆ كاركردن و دووركه‌وتنه‌وه له گه‌نده‌ڵی، به‌ڵام گه‌نده‌ڵی هه‌ر هه‌یه، خۆم و زۆر له شاره‌زایان و شرۆڤه‌كاران و سیاسه‌توانانیش داوامان كرد كه وه‌زیر له په‌رله‌مانه‌وه نه‌یه‌ن، واته په‌رله‌مانتار نه‌كه‌ن به وه‌زیر، ئه‌وان پاره‌یه‌كی زۆریان خه‌رج كرد و بوونه‌وه په‌رله‌مانتار و وه‌زیر، چونكه ئه‌و پاره‌ی خه‌رجیان كردووه له هه‌ڵبژاردن له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌ی وه‌زاره‌تی پێ ده‌كڕن، له چوار ساڵی بوونیان له‌و پۆسته به چه‌ند هێنده به‌ده‌ستی دێننه‌وه، ئێسته ئه‌وه نه‌ما، كه‌چی ئه‌وان رێیه‌كی تریان بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره دۆزییه‌وه له رێی ده‌ركردنی یاساكانه‌وه، بۆ نموونه بۆ یاسای نه‌وت و غاز داوا له وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت و كاره‌با ده‌كه‌ن كه پاره‌مان پێ ده‌ده‌ن یان یاسا ده‌رده‌كه‌ن، بۆیه پڕۆژه‌كان هه‌مووی دێته په‌رله‌مان و له‌وێ به‌پێی ژماره‌ی كورسی و سه‌نگ پاره وه‌رده‌گیرێت، چوار ساڵی داهاتوو به‌و شێوه‌یه ده‌بێت.
وه‌زیری به‌رگری و ناوخۆ 5%یان له هه‌موو گرێبه‌سته‌كاندا هه‌یه كه سه‌دان ملیۆن دۆلار ده‌كات، بۆیه نرخی پۆسته‌كه گه‌یشتووه‌ته 50 ملیۆن دۆلار.
پێشبینی ده‌كه‌م پێكهێنانی حكوومه‌ت تا كۆتایی ئه‌و خوله ته‌واو نه‌بێت