پێشڤه‌چوونى ره‌وشى پێكهاته‌كانى كوردستان به‌هۆی سه‌رۆك بارزانى بووه
محه‌مه‌د ئیلخانى سكرتێرى پارتى گه‌شه‌پێدانى توركمانى و ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاماژه به هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت، پێشڤه‌چوونى ره‌وشى پێكهاته‌كان له كوردستان به‌هۆی ڕۆڵى سه‌رۆك بارزانى بووه.
ئیلخانی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه پێویسته یه‌كێتى واز له‌و بیركردنه‌وانه بێنێ كه بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت هه‌یه‌تى و پێى وایه "ئه‌و حزبه بابه‌ته‌كانى تێكه‌ڵ كردووه".
ئێسته ئه‌زموونێكى نوێ له كارى په‌رله‌مانى هه‌یه و ژنێك سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ده‌كات و نوێنه‌رى پێكهاته‌كانیش له ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تییه، ئه‌وه بۆ ئێوه چى ده‌گه‌یه‌نێت؟
له دواى ڕاپه‌ڕینى ساڵى 1991 ئه‌زموونێكى دیموكراسیى سه‌ركه‌وتوو له هه‌رێمى كوردستان هاته ئاراوه و تا ئێسته‌یش ئه‌و دیموكراسییه به‌رده‌وامه كه له ئه‌نجامى ئه‌وه حزبه سیاسییه‌كان و هاووڵاتییانیش مافیان پارێزراوه، بۆیه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پێكهاته‌كانیش توانیان مافى خۆیان به‌شێوه‌یه‌كى باش به‌ده‌ست بێنن و كارى خۆیان بكه‌ن، له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایی پێشكه‌وتنى زۆرباش هه‌بوو له دابینكردنى مافى پێكهاته‌كان كه ئه‌وه له‌سه‌ر حزبه توركمانى و مه‌سیحییه‌كان ڕه‌نگى دایه‌وه.
ئێسته هه‌نگاوى نوێتر دروست بووه، ئه‌ویش ڕۆڵى پێكهاته‌كانه له ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌ت توركمان كه نه‌ته‌وه‌ی دووه‌من، ئه‌وه‌ش هێمایه بۆ بوونى پێكه‌وه‌ژیان له كوردستان، به‌هه‌وڵى سه‌رۆك بارزانى ره‌وشى پێكهاته‌كان له كوردستان به‌ره‌وپێشه‌وه چووه و به‌رده‌وام دووپاتى له‌وه كردووه‌ته‌وه كه پێویسته پێكهاته‌كان له پێشه‌وه بن.
له كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانى به‌رده‌وام دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه‌ته‌وه كه پێكهاته‌كان به كردار له‌ناو حوكمڕانى كوردستان بن، ئێسته‌یش جگه له وه‌رگرتنى پۆست له حكوومه‌ت، داوامان كردووه له سه‌رۆكایه‌تییه‌كان ڕۆڵمان هه‌بێ و له سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ئامانجى خۆمان پێكا و جێى دڵخۆشى بوو.
پۆستى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ توركمانه‌كان دوو ساڵ به دوو ساڵ به‌ڕێوه ده‌برێ له نێوان دوو كاندید، ئه‌مه كاردانه‌وه‌ى نه‌رێنى نییه له‌سه‌ر ره‌وشى پێكهاته‌كان؟
ئێمه وه‌ك پارتى گه‌شه‌پێدانى توركمانى ده‌نگى زۆرترمان هێناوه و دوو كورسیمان هه‌یه، بۆیه داواى ئه‌و پۆسته‌مان كردبوو، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى داواى ده‌سته‌یه‌ك و وه‌زاره‌تێكیشمان له كابینه‌ى داهاتوو كردووه، به‌ڵام پارتى چاكسازى توركمانیش هاوپه‌یمانن و ئه‌وانیش داواى ئه‌و پۆسته‌یان كردبوو، بۆیه پێكهاتین و ئامانجیشمان ئه‌وه‌بوو كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان سه‌ركه‌وتووبێ و پۆسته‌كه‌یش دوو ساڵ به دووساڵ بێ، گرنگ نوێنه‌رى پێكهاته‌یه‌ك له‌و شوێنه بێ، ئیتر هه‌ر كه‌سێك بێ ئاساییه.
به‌ڵێنتان پێ دراوه له سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى تر پۆستتان پێ بدرێ؟
جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانمان داوا كردبوو و به ده‌ستمان هێنا، ئێسته‌یش داواى ده‌سته‌یه‌ك له حكوومه‌ت ده‌كه‌ین، ئه‌و كاته‌یش هه‌موو لایه‌نه توركمانییه‌كان مافیان ده‌بێت و هه‌ست به‌وه ناكه‌ن ناحه‌قیان به‌رانبه‌ر كرابێ، بۆیه ئه‌گه‌ر پارتى پۆستێكى ترمان بداتێ، به‌شى ته‌واوى توركمانه‌كان ده‌بێته‌وه له حكوومه‌ت و كێشه‌مان نابێ.
ئه‌و كاته‌ى توركمان پۆستى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى وه‌رگرت، هه‌ندێك لایه‌ن باسى ئه‌وه‌یان كرد كه ئه‌وه بۆ خزمه‌تى لایه‌نى تره، خۆتان چی ده‌ڵێن؟
قبووڵمان نییه پێمان بڵێن توركمان خزمه‌تى لایه‌نى تر ده‌كه‌ن له پۆسته‌كان و نابێ به‌هۆى ململانێى سیاسیى مافى پێكهاته‌یه‌ك پشتگوێ بخرێ، لایه‌نگرى حزبێك ده‌كه‌ین یان له‌گه‌ڵى هاوپه‌یمان ده‌بین، ئه‌وه پێوه‌ندى به خۆمانه‌وه هه‌یه، چۆن حزبه‌كانى تر هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ پارتى ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش ئازادین له‌وه‌ى له‌گه‌ڵ كێ هاوپه‌یمانى ده‌كه‌ین، بۆیه پێویسته ئه‌و لایه‌نه‌ى ئێمه تۆمه‌تبار ده‌كات به شتى لاوه‌كى، واز له‌و تۆمه‌تانه بێنن، چونكه ئێمه به‌دواى وه‌رگرتنى مافى نه‌ته‌وه‌یین و پێویسته لایه‌نه‌كانى تریش وه‌ك پارتى مافى پێكهاته‌كان بده‌ن، وه‌رگرتنى پۆست له‌لایه‌ن پێكهاته‌كانه‌وه پێوه‌ندى به یه‌كێتییه‌وه نییه.
گفتوگۆكانی پێكهێنانى حكوومه‌ت به‌هۆى تێكه‌ڵكردنى كه‌یسه‌كانى كه‌ركووك و به‌غدا دواخراوه، ڕاى ئێوه له‌سه‌ر ئه‌وه چییه؟
به دیدى ئێمه گرنگه حزبه كوردستانییه‌كان یه‌كده‌نگ بن و بۆ به‌غدا و كه‌ركووكیش به‌هه‌مانشێوه، به‌ڵام بابه‌تى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان پێوه‌ندى به پرسى كه‌ركووك و به‌غداوه نییه و پێوه‌ندى به خه‌ڵكى كوردستانه‌وه هه‌یه، بۆیه پێویسته یه‌كێتى واز له‌و بیرۆكه‌یه بێنى كه بابه‌ته‌كان تێكه‌ڵ به پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان بكات، خه‌ڵك چاوه‌ڕێى پێكهێنانى حكوومه‌تێكه به‌پێى به‌ركه‌وته‌ی حزبه‌كان و هه‌ڵبژاردنى ڕابردوو.
تۆ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستانى، له پێشینه‌ى كاره‌كانى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان چییه؟
ده‌مانه‌وێ سیسته‌مى سیاسیی كوردستان ڕێك بخه‌ینه‌وه و ئه‌و هه‌ڵانه‌ى له ڕابردوو ڕوویان دا دووباره نه‌بنه‌وه، ئه‌وه‌یش به رێكخستنه‌وه و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسایى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێ، دواتر ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان دابنرێت و چاكسازى بكرێ له كاروباره‌كانى حكوومه‌ت.
ئه‌مساڵ له بابه‌تى ده‌ستوور كار ده‌كرێ؟
هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه ده‌بێ ده‌ستوور له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان ته‌واو بكرێ و ئاماده بكرێ، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ره‌شنووسه‌ى پێشتر هه‌بووه كاره‌كان ده‌كه‌ین.
كابینه‌ى داهاتوو مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكایه‌تیى ده‌كات، چاوه‌ڕێى چى ده‌كه‌ن بۆ ره‌وشى كوردستان؟
به‌هۆى ئه‌وه‌ى مه‌سروور بارزانى ڕاوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان بووه و ئه‌زموونى زۆرى هه‌یه له پارێزگاریكردن له سه‌قامگیرى كوردستان و پێوه‌ندى باڵاى دیپلۆماسیی هه‌یه، ده‌توانێ كوردستان بباته قۆناغێكى گه‌شه‌سه‌ندووتر.
ئه‌زموون و دیپلۆماسیه‌تی مه‌سروور بارزانى كوردستان ده‌باته پێشه‌وه
هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆكن ده‌بێ ده‌ستوور له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان ته‌واو بكرێ
پڕۆفایل:
محه‌مه‌د سه‌عده‌دین ئیلخانى
سه‌رۆكى پارتى گه‌شه‌پێدانى توركمانى
سكرتێرى ئه‌دیب و نووسه‌رانى توركمانى
له ساڵى 1978 له قه‌ڵاى هه‌ولێر له دایك بووه