كامیل مولحه‌م سیته‌یی له ساڵی 1947 ساڵێك له دوای دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له دایك بووه، له ساڵی 1959 بووه‌ته پێشمه‌رگه و تا راپه‌ڕینی 1991 به‌رده‌وام بووه، ئه‌و نۆ منداڵی هه‌یه و له گوندی كه‌مپا سیریێ سه‌ر به شاره‌دیێ شێلادزێ نیشته‌جێیه. سیته‌یی له سه‌دان شه‌ڕ و داستان و شۆڕشی ئهیلوول به‌شداری كردووه و چه‌ندان جار بارزانی نه‌مری بینیوه. له دیمانه‌یه‌كدا بۆ "وشه" باسی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی ده‌كات.
چۆن و كه‌ی بوویت به پێشمه‌رگه؟
كه‌متر له ساڵێك پێش هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئهیلوول ئێمه له گونده‌كه‌مان نیشته‌جێ بووین و خه‌ریكی به‌خێوكردنی مه‌ڕ و ماڵات و كشتوكاڵ و بازرگانی بووین، دواتر هه‌واڵی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش دژ به رژێمی به‌عس بڵاو كرایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به سته‌می سه‌ر گه‌لی كوردستان بهێنرێ، له‌وكاته‌دا له‌سه‌ر داوای بارزانی نه‌مر ئێمه گونده‌كه‌مان به‌جێهێشت و چووینه ده‌ڤه‌ری ئاكرێ، له‌گه‌ڵ عومه‌ر ئاغا دۆڵه‌مه‌ڕی پێوه‌ندیمان به شۆڕشه‌وه كرد، پاشان چووینه "گوندی سه‌فتێ" له نزیك چیای پێرس و له‌وێ بارزانی نه‌مرمان بینی كه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه قسه‌ی ده‌كرد له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی ده‌ست پێكردنی شۆڕش، له‌سه‌ر داوای بارزانی من و 500 پێشمه‌رگه‌ی تر چووینه گوندی شه‌هێ له ده‌ڤه‌ری زێبار و چاوه‌ڕێی بارزانی نه‌مرمان كرد.
دواتر چی رووی دا؟
دوای 18 رۆژ مانه‌وه له‌و گونده، تووشی شه‌ڕێك بووین له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عس، یه‌كێك له پێشمه‌رگه‌كانمان بریندار بوو، من له‌گه‌ڵ برینداره‌كه چوومه گوندی بارزان بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ وه‌ربگرم، له‌وێ جارێكی تر بارزانی نه‌مرم بینی، پاشان له‌سه‌ر داوای ئه‌و جارێكی تر گه‌ڕاینه‌وه ماڵ و چاوه‌ڕێ بووین تا بانگمان بكاته‌وه، پاشان بارزانی نه‌مر سه‌ردانی ده‌ڤه‌ری نێروه و رێكانی كرد، دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ك جارێكی تر بارزانی سه‌ردانی ده‌ڤه‌ری زێباری كرده‌وه، جارێكی تر له‌سه‌ر داوای بارزانی پێوه‌ندیمان به حه‌سه‌ن میرخان دۆڵه‌مه‌ری كرد و گه‌یشتینه لای بارزانی نه‌مر، به‌ڵام تووشی چه‌ندان شه‌ڕ و ئاڵۆزی بووین له‌گه‌ڵ رژێمی به‌عس، ته‌نانه‌ت تانك و زرێپوش و فڕۆكه‌یان دژی ئێمه به‌كار هێنا و ژماره‌یه‌ك له پێشمه‌رگه شه‌هید و بریندار بوون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سته‌م له‌سه‌ر پێشمه‌رگه و گه‌لی كوردستان به‌رده‌وام بوو، بۆیه ساڵی دواتر به سه‌رۆكایه‌تیی بارزانی نه‌مر شۆڕشی ئهیلوول به‌رپا بوو.
چۆن بڕیارت دا به‌شداریی شۆڕشی ئهیلوول بكه‌ی؟
ئه‌و كاته‌ی پێوه‌ندیم به شۆڕش كرد چه‌ند مانگێك بوو هاوسه‌رگیریم كردبوو، هه‌روه‌ها ئه‌وكات كاری بازرگانیم ده‌كرد و پاره‌م هه‌بوو، بۆیه له‌سه‌ر داوای بارزانی و له‌پێناو نه‌هێشتنی سته‌م و شه‌هیدكردنی هاووڵاتییان، هه‌روه‌ها له‌پێناو ئازادی كورد و كوردستان و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، هه‌موو موڵك و سامانی خۆم فرۆشت و چه‌كێكی ئه‌مه‌ریكیم پێ كڕی و پێوه‌ندیم به شۆڕش كرد، ئه‌وكات نیازمان ته‌نیا ئه‌وه‌بوو كوردستان ئازاد بێت، كاتێك ئێمه ده‌چووینه سه‌ر ئه‌ركی پێشمه‌رگایه‌تی، هه‌ندێ جار بۆ ماوه‌ی حه‌وت مانگ نه‌ده‌گه‌ڕاینه‌وه ماڵ، هه‌رچه‌نده من تازه زاوا بووم و زۆر حه‌زم ده‌كرد بێمه ماڵه‌وه و خێزانم ببینم، به‌ڵام شۆڕش و رزگاركردنی كوردستان له هه‌موو شتێك گرنگتر بوو، بۆیه نه‌ده‌گه‌ڕامه‌وه، سوپاس بۆ خوا به هه‌وڵی بارزانی نه‌مر و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان توانیمان شۆڕش به‌رپا بكه‌ین و سه‌ركه‌وتوو بین و كوردستان ببه‌ینه قۆناغێكی تر و ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ كوردستان مسۆگه‌ر بكه‌ین.
دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئهیلوول توانیت بگه‌ڕێیته‌وه ماڵه‌وه؟
دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش، بۆ ماوه‌یه‌ك گه‌ڕامه‌وه ماڵه‌وه و له‌گه‌ڵ خێزانم زۆر دڵخوش بووین، ئه‌وكات خێزانم دووگیان بوو، پاشان ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕی خێزانم منداڵێكی بوو، زۆر به‌خته‌وه‌ر بووین، به‌ڵام جارێكی تر گه‌ڕاینه‌وه ئه‌ركی پێشمه‌رگایه‌تی و له‌پێناو به‌رگری له كوردستان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان به‌رده‌وام بووین، له ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستان له چه‌ندان داستان و شه‌ڕ به‌شداریمان كرد.
ئایا به‌رهه‌می ئه‌و ماندووبوونانهت وه‌رگرتووه‌ته‌وه؟
ئێمه به چه‌ك و پاره‌ی خۆمان به‌شداریمان له شۆڕش كرد و بووین به پێشمه‌رگه و كوردستان‌مان رزگار كرد، به‌ڵام به‌رهه‌می شۆڕش و ده‌ستكه‌وته‌كانی بۆ چه‌ند كه‌سێكی تر به‌جێ ما كه ئه‌مه‌ش جێی داخه، هه‌ندێ كه‌س هیچی نه‌كردووه و زیاتر له من پاداشتی شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی وه‌رگرتووه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه مرۆڤی باش و كوردپه‌روه‌ر بووین، فێڵمان نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ كه‌س هه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مر بگرن، به‌شداری شۆڕش بوون و دواتر خۆیان ون كردووه، به‌ڵام له‌به‌ر وێنه‌كه كراون به هه‌موو شتێك.
بێجگه له شۆڕشی ئهیلوول له شۆڕشه‌كانی تر به‌شدار بوویت؟
ئێمه ئاماده بووین دژی رژێمی به‌عس هه‌موو شتێك بكه‌ین و به‌شداری له شۆڕشه‌كانی تریش بین، به‌ڵام خۆم به‌شداریم له شۆڕشی گوڵان نه‌كرد، چونكه ئه‌وكات ئێمه له ده‌وامی پێشمه‌رگایه‌تی بووین له شوێنێكی تر، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی رژێمی به‌عس له ساڵی 1988 شاڵاوی ئه‌نفالی له كوردستان و ده‌ڤه‌ری بادینان ده‌ست پێ كرد، ناوچه‌كه‌مان كه‌وتنه به‌ر ئه‌نفال و خۆم و خێزان و منداڵه‌كانم گیراین، ره‌وانه‌ی قه‌ڵای نزاركێ له دهۆك كراین، هه‌روه‌ها دوو له كوڕه‌كانم له‌كاتی ئه‌نفالدا شه‌هید كراون و منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌یشم بۆ قه‌ڵای سه‌لامیه له مووسڵ گواسترانه‌وه و له‌وێ زۆر ئازاریان دان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی رژێمی به‌عس به‌رده‌وام بوو له سه‌ركوتكردنی پێشمه‌رگه و پرۆسه‌ی ئه‌نفال و كاره‌ساتی مرۆیی، ئێمه ئاواره‌ی ئێران بووین و تا راپه‌ڕینی ساڵی 1991 جارێكی تر گه‌ڕاینه‌وه.
داواكاری تۆی پێشمه‌رگه‌ی دێرین چییه؟
ماوه‌یه‌كی زۆره من به‌دواداچوون بۆ مافه‌كانم ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌كه‌م زیاد بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێسته نه‌متوانیوه بگه‌مه لایه‌نی پێوه‌ندیدار و ئێسته ته‌نیا 300 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرم، ئه‌مه‌ش به‌شی ژیانم ناكات، بۆیه داوا له‌لایه‌نی پێوه‌ندیدار ده‌كه‌م ئاوڕێكی رژد له پێشمه‌رگه دێرینه‌كان بده‌نه‌وه و بزانن پێویستیان به‌چییه، چۆن ده‌بێت كه‌سێك هیچی نه‌كردبێت شه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی شۆڕشی ئهیلوول وه‌ربگرێت.
ئاواتیشم ئه‌وه‌یه حكوومه‌تی داهاتووی كوردستان ئومێدبه‌خش بێت و مافی هه‌موو چین و توێژه‌كانی گه‌لی كوردستان دابین بكات.
*ئاواتم ئه‌وه‌یه حكوومه‌تی داهاتووی كوردستان ئومێدبه‌خش بێت.
وشه/ دهۆك- نه‌وزاد هلۆری