پۆلیسی سلێمانی: لەشفرۆشی لە مەساجەكان بكرێ‌ دایدەخەین

:: PM:07:17:03/03/2019 ‌
گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕای گەیاند، ئەم ساڵ هیچ مەساجێك لە سلێمانی بەهۆی كاری لەشفرۆشییەوە دانەخراوە و ئێستە لەلایەن لیژنەكانی قایمقامییەتی شارەكەوە بە وردی چاودێری دەكرێن.

ئەمڕۆ یەكشەم سێی ئادار، نەقیب سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، مەساجەكانی سلێمانی لەلایەن لیژنەكانی تایبەت بە قایمقامییەتەوە سەرپەرشتی و چاودێری دەكرێن و پۆلیس تەنیا ئەو بڕیارانە جێبەجێ‌ دەكات كە لەسەر شوێنەكان دەدرێن.

ڕوونیشی كردەوە كە لە حاڵەتی بوونی شەڕ یان هەواڵی كاری لەشفرۆشی لە مەساجەكاندا پۆلیس دەتوانێت بچێتە شوێنەكە و لەمساڵدا هیچ حاڵەتێك نەبووە كە مەساج بەهۆی لەشفرۆشییەوە دابخرێ‌، به‌ڵام حاڵه‌تى وا هه‌بێت داده‌خرێ.

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە زۆر جار لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەواڵ دەدرێتە پۆلیس ئەگەر مەساجێك كاری لەشفرۆشی تێدا بكرێ‌ و دەستبەجێ‌ پۆلیس لە ڕێی لیژنەكان و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پێوەندیدارەكان بەدواداچوونی بۆ دەكات.

ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستە چەندان مەساج لە سلێمانی بوونی هەیە كە لەلایەن هاووڵاتییانەوە گومان دەكرێ‌ بەشێك لەو مەساجانە بۆ كاری لەشفرۆشی بەكار بهێنرێن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم