گه‌لی سووریا به‌دوای وڵاته‌كه‌یاندا ده‌گه‌ڕێن
رامی عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سووریا بۆ مافی مرۆڤ، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا به وردی دۆخی سووریا روون ده‌كاته‌و و تیشك ده‌خاته سه‌ر چاره‌نووسی نادیاری ئه‌و وڵاته و دۆزی رۆژئاوای كوردستان. هاوكات دووپاتی ده‌كاته‌وه "ئه‌وه‌ی هه‌یه له سووریا، چه‌ند هێزێك كۆنترۆڵی دۆخه‌كه ده‌كه‌ن و گه‌لی سووریا به‌دوای سووریادا ده‌گه‌ڕێن".
رامی كه روانگه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوی رووداوه‌كانی سووریایه بۆ هه‌موو میدیاكانی دنیا، "بوونی كورد له چوارچێوه‌ی سووریایه‌كی دیموكراسی و فره‌یی به باشتره له جیابوونه‌وه" ده‌زانێ.
*چی له سووریا روو ده‌دات، ئاخۆ له كۆتایی ئه‌و دیمه‌نه كاره‌ساتباره‌داین یان سیناریۆی پێشبینیكراو چین؟
پاشه‌كشه‌ی ئه‌مه‌ریكا كارته‌كانی تێكه‌ڵ كرد بۆ ئه‌وه‌ی توركیا بڵێت لایه‌نێكی به‌هێزم له سووریا، ئه‌مه‌ریكا ویستی بڵێت رێكخراوی داعش له‌ناو ده‌بات و پاشه‌كشه ده‌كات، به‌ڵام له رووی ئه‌خلاقییه‌وه ده‌بوو به‌ر له‌وه مسۆگه‌ری پاراستنی هاوپه‌یمانه‌كانی بكردایه كه زیاتر له 11 هه‌زار شه‌هیدیان له‌و پێناوه به‌خشی بۆ ئازادكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی فورات له داعش، له‌باره‌ی سووریا هیچ سه‌روه‌رییه‌ك نه‌ماوه و ئه‌وه‌ی هه‌یه تێكه‌ڵبوونی كارته‌كانه، چه‌ند هێزێك كۆنترۆڵی دۆخه‌كه ده‌كه‌ن له ئێران و توركیا و رووسیا و ئه‌مه‌ریكا و هیچ بڕیارێكی سووری نه‌ماوه چ بۆ حكوومه‌ته‌كه‌ی یان بۆ ئۆپۆزسیۆن و هیچ شوێنێك له‌ژێر ده‌ستی ئۆپۆزسیۆن نه‌ماوه.
ئێسته سووریا له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك پێكهاتووه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورد و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ژێر داگیركاری توركیا و حكوومه‌تی سووریا و رووسیا و ئێرانییه‌كان. ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتان و تێكه‌ڵبوونی كارته‌كانه و چاره‌نووسی گه‌لی سووریا دیار نییه، له حاڵه‌تی رێككه‌وتن له‌سه‌ر لیژنه‌ی ده‌ستووری سووریا كه ئاخۆ شۆڕشه‌كه بۆچی كرا، پێم وایه سیناریۆی نزیك دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی كاتییه و دوای ئه‌وه هه‌ڵبژاردنێكی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجام ده‌درێت و په‌رله‌مانی وڵات داده‌مه‌زرێت.
*دۆخه‌كه بۆ كورد له سووریا به چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوات، چاره‌نووسی ئه‌وان چی ده‌بێت دوای نه‌مانی داعش و له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا؟
ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسین ئه‌وه‌یه كورد زیانمه‌ندی گه‌وره و تاكه زیانمه‌ند بن له سووریا، چونكه وه‌ك بینیمان ئه‌وكاته‌ی ئه‌مه‌ریكا پشتی تێكردن یان هه‌وڵی ئه‌وه‌ی دا، ئه‌گه‌ر فشاری چه‌ند لۆبییه‌ك نه‌بووایه له واشنتن، ئه‌مه‌ریكا له به‌رده‌م چاره‌نووسی خۆیان وازی لێ ده‌هێنان له به‌رانبه‌ر هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچه‌كانیان، وه‌ك بینیشمان له عه‌فرین چی رووی دا، بۆیه ئه‌وانه‌ی وا ده‌زانن توركیا ته‌نیا له‌ناو سووریا دوژمنی كورده ئه‌وه هه‌ڵه‌ن، چونكه ئه‌و تاوانانه‌ی تا ئێسته‌یش له عه‌فرین له دژی كورد ئه‌نجام ده‌درێت، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و رقه‌ی توركیا و گرووپه چه‌كداره‌كانی له به‌رانبه‌ر كورد به گشتی هه‌یانه.
*ئه‌ی چاره‌نووسی هێزه بیانییه‌كان له سووریا، ئه‌مه‌ریكا و رووسیا و ئێران و توركیا و گرووپه چه‌كداره‌كانی شیعه و سوننه كه‌ی ئه‌و وڵاته جێ‌دێڵن؟
وای ده‌بینم چاره‌نووسی ئه‌وان له داهاتوودا له چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌رێكی گشتی بۆ سووریا ده‌بێت به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی له‌و وڵاته كه بێ ئه‌وه‌یش هیچ بڕیارێكی سووریایی له‌سه‌ر خاكی سووریا بوونی نابێت.
*پێت وایه ئه‌مه‌ریكا بۆچی له سووریا پاشه‌كشه‌ی كرد و پلانی نوێی بۆ ناوچه‌كه چییه؟
ئه‌مه‌ریكا پلانی نوێی بۆ ناوچه‌كه به‌ده‌سته‌وه نییه، ئه‌مه‌ریكا دواجار رای گه‌یاند كه 400 سه‌ربازی له سووریا جێده‌هێڵێت له‌ناو خاكی سووریا، به‌ڵام ئه‌وان بێده‌نگ نابن ئه‌گه‌ر توركیا هه‌وڵی ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنێك له باكوری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بدات، بابه‌ته‌كه ته‌نیا ئه‌وه‌نده نییه كه توركیا ئۆپراسیۆنێكی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌دات، زانیاری هه‌یه به‌وه‌ی چه‌ند گرووپێكی ناو هه‌سه‌ده سه‌ربه توركیا یان سه‌ر به هه‌ردوو حكوومه‌تی سووریا و ئێرانن، واته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره هه‌یه له دروستكردنی فیتنه‌یه‌كی عه‌ره‌بی-كوردی له رۆژهه‌ڵاتی فورات.
*به بۆچوونی ئێوه توركیا و ئێران چی‌یان له سووریا ده‌وێت، بۆچی كۆنگره‌كانی ئاشتی بۆ سووریا سه‌رناگرن؟
پڕۆژه‌یه‌كی سه‌فه‌وی –عوسمانی له سووریا هه‌یه، ئێران (سه‌فه‌وییه‌كان)، ده‌ڵێن به‌وه‌ی ئه‌وان پاڵپشتی له تایفه‌ی عه‌له‌وی ده‌كه‌ن، توركیا (عوسمانییه‌كان)، ده‌یانه‌وێت سوننه له سووریا به‌كار بێنن، بۆیه نه توركیا باشی بۆ خه‌ڵكی سووریا ده‌وێت و نه ئێرانیش، ئه‌وان هه‌ردووكیان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌وه‌ن و ئه‌وه‌ی دووره خه‌می گه‌لی سووریایه.
كۆنگره‌كانی چاره‌سه‌ری دۆخی سووریا بۆیه سه‌رناگرن، چونكه كه‌س گرنگی به به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی سووریا نادات، ئێمه باسی رژێمێكی شه‌بیحه و به‌كرێگیراو ده‌كه‌ین كه ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌وێت، باسی ئۆپۆزسیۆنێك ده‌كه‌ین كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی سووریا هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وان له كوێن؟ ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی سه‌ره‌تا ستایشی قاعیده و دواتر داعشی كرد، پێم وا نییه ئه‌وان شایانی ئه‌وه بن نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی سووریا بكه‌ن و ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی له ده‌ره‌وه‌یشه جیاوازییه‌كی نییه له‌و رژێمه‌ی سه‌ربه ئێران و رووسیایه.
*ناوچه‌ی ئارام له سووریا تا چه‌ند سه‌رده‌گرێت، داوایه‌كی راسته‌قینه‌یه یان هه‌وڵێكی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌رقاڵكردنی توركیا و دوورخستنه‌وه‌ی له رووسیا؟
ناوچه‌ی ئارام ته‌نیا یارییه‌كی ئه‌مه‌ریكایه بۆ سه‌رقاڵكردنی توركیا، پێم وایه دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام واته له‌ناوچوونی كورد و ئه‌وه‌یش لێكه‌وته‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت نه‌ك ته‌نیا له‌و ناوچه‌یه، بۆیه دووباره ده‌یڵێینه‌وه كه ناوچه‌ی ئارام ته‌نیا بۆ خزمه‌تی داگیركاری توركیایه و ئه‌گه‌ر توركیا هاته ئه‌و ناوچه‌یه هه‌رگیز لێی ناچێته ده‌ره‌وه، پێشتر لیوای ئه‌سكه‌نده‌رۆنی داگیر كرد و ئێسته‌یش ده‌یه‌وێت باكوری سووریا داگیر بكات به‌پێی نه‌خشه‌ی 1925.
*دوای ساڵانێك له جه‌نگ و وێرانكاری، سووریاییه‌كان بڕوایان چییه و ژماره‌ی قوریانییان چه‌نده؟
دوای ساڵانێك له جه‌نگ و وێرانكاری، گه‌لی سووریا كه خواستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی بوو له سووریا، ئێسته وا به‌دوای سووریادا ده‌گه‌ڕێت و هه‌ر كه‌سێك له راگه‌یاندنه‌كان ده‌رده‌چێت و باسی قسه‌ی سۆزداری بێسوود ده‌كات به‌وه‌ی ده‌ستكه‌وتیان هه‌بووه، ئه‌وانه‌ی ده‌ستكه‌وتیان هه‌بوو بازرگانانی خوێن بوون له رژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆن و زیانمه‌ندیش گه‌لی سووریا بوو له‌و جه‌نگ و شۆڕشه، چونكه هه‌مووان پیلانیان له دژی ئه‌و گه‌له گێڕا، تا ئێسته ژماره‌ی ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر و شه‌هیدان و برینداران نیوه‌ی ژماره‌ی گه‌لی سووریای تێپه‌ڕاندووه.
*روانگه‌ی سووریا بۆ مافی مرۆڤ رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو له گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاریی باوه‌ڕپێكراو له‌باره‌ی رووداوه‌كانی سووریا، چۆن گه‌یشتنه ئه‌و پله‌یه و قوربانیدانتان چۆن بوو؟
وه‌ك روانگه‌ی سووریا له‌پێناو به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌ركه قوربانیمان داوه و هه‌شت شه‌هیدمان هه‌یه له‌و كاته‌ی به ئاشكرا كارمان ده‌كرد، ئێسته‌یش به نهێنی له هه‌موو ناوچه‌كانی سووریا له‌ژێر ده‌ستی رژێم و ئۆپۆزسیۆن و هه‌سه‌ده‌یش كار ده‌كه‌ین، ئێمه ده‌مانه‌وێ بێلایه‌نانه كار بكه‌ین له‌پێناو گه‌لی سووریا.
ئه‌و كاته‌ی هه‌واڵه‌كان ده‌گوازینه‌وه كه ده‌ڵێین روانگه‌ی سووریاین چالاكانمان تووشی مه‌ترسی ده‌بنه‌وه، ئێمه له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه له داعش و رووسیا و رژێم و ئێرانییه‌كان و توركیا و قاعیده‌وه تووشی هه‌ڕه‌شه هاتووینه‌وه، من وه‌ك خۆم هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامم لێ ده‌كرێت، به‌ڵام ئێمه له‌پێناو دۆزێك كار ده‌كه‌ین كه گه‌لی سووریایه و ئه‌وه‌ی له‌پێناو ره‌وایی گه‌له‌كه‌ی كار بكات، له كه‌س ناترسێت.
*به‌گشتی پێتان وایه كه‌ی ته‌نگژه‌ی سووریا به‌كۆتا دێت و نزیكترین سیناریۆی دۆخی سووریا چییه؟
هیوادارین دۆخه‌كه به‌كۆتا بێت و سوورییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه وڵاتی خۆیان، به‌ڵام هیوا ته‌نیا به‌س نییه، بڕیار له سووریا به‌ده‌ستی وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهانییه وه‌ك رووسیا و ئه‌مه‌ریكا، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه به ده‌ستی گه‌لی سووریا بووایه ئه‌وه له 2011 دۆخه‌كه به‌كۆتا ده‌هات، به‌ڵام كه‌سانێك ویستیان و ده‌یانه‌وێت سووریا وێران بێت و له‌و حاڵه‌ته‌یش سووریا وای لێ دێت ببێت به ده‌وڵه‌تێكی وێرانه و په‌رته‌وازه و بێ به‌ها، ئه‌وكات دۆخه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
ئێمه ده‌خوازین چاره‌سه‌ر ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ بێت، به‌ڵام بڕیاره‌كه به‌ده‌ست گه‌لی سووریا نییه. هه‌روه‌ها سووریای دواڕۆژ به‌لایه‌نی كه‌م له داهاتووی نزیك به‌ده‌ستی گه‌لی سووریا نابێت.
*ئاخۆ ئه‌زموونی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كورد چه‌ند سه‌ركه‌وتوو بوو و پێتان وایه به‌رده‌وام ده‌بێت؟
ئه‌گه‌ر هه‌موو كارگێڕییه‌كان له سووریا هاوشێوه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بووایه، له دۆخێكی باش‌دا ده‌بووین، ئێمه ره‌خنه‌مان له هه‌سه‌ده گرتووه، به‌ڵام له خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری نا، ئه‌گه‌ر هه‌موو كارگێڕییه‌ك وه‌ك خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بووایه، هه‌مووان له ژیانێكی خۆشدا ده‌بوون، له‌باره‌ی تاوانه‌كانیش ئێمه باسی تاوانی هه‌مووان بێ جیاوازی ده‌كه‌ین.
*كوردی سووریا وه‌ك هه‌ر پارچه‌یه‌كی تری كوردستان خواستی سه‌ربه‌خۆییان هه‌یه، به‌ڵام بۆچی ئه‌وان له سه‌ره‌تاوه تا ئێسته داوای مانه‌وه‌یان له سووریای یه‌كپارچه ده‌كه‌ن؟ هۆكاره‌كان چین؟
ئێسته بوونی كورد له چوارچێوه‌ی سووریایه‌كی دیموكراسی و فره‌یی بۆ ئه‌وان باشتره له جیابوونه‌وه، چونكه ئه‌وان دوژمنێكی سه‌ره‌كییان هه‌یه كه توركیایه، جیا له خاوه‌ن هزری توندڕۆی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی كه له‌كاتی راگه‌یاندنی هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، كار بۆ له‌ناوبردنیان ده‌كه‌ن، ئێمه هه‌موومان له‌گه‌ڵ سووریایه‌كی دیموكراسی و فره‌یین كه مافی هه‌موو گه‌لی سووریا له پێكهاته‌كانی ئه‌تنی و نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی دابین بكات.
* ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسین ئه‌وه‌یه كورد زیانمه‌ندی گه‌وره و تاكه زیانمه‌ند بن له سووریا
* مه‌ترسییه‌كی گه‌وره هه‌یه له دروستكردنی فیتنه‌یه‌كی عه‌ره‌بی-كوردی