بزانە زێدان سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید چی بە پێرێز گوتووە؟

:: PM:01:04:08/03/2019 ‌

رامۆن كالدیرۆن سەرۆكی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە زێنەدین زێدانی راهێنەری پێشووی یانەكەیان رەتی كردۆتەوە دووبارە بگەڕێتەوە ریزی یانەكەی.

زێدان هاوینی رابردوو وازی لە ئەركی راهێنەرایەتیی یانەی ریال مەدرید هێنا دوای ئەوەی توانی بۆ سێیەمساڵ لەسەریەك ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بۆ یانەكە بەدەستبێنێ.

فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید چەند رۆژێك پێش ئێستا پەیوەندی بە زێدانەوە كردبوو بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە راهێنەری یانەكەی لە شوێنی سانتیاگۆ سۆلاری دوای شكستەكەیان بەرامبەر یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی و دەركردنیان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە رۆژی سێشەمی هەفتەی رابردوودا.

كالدیرۆن بە تەلەفزیۆنی (بی بی سی) ئینگلیزی راگەیاند: راستە پێرێز پەیوەندی بە زێدانەوە كردبوو بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە، بەڵام راهێنەرە فڕەنسییەكە داواكەی رەت كردبووەوە.

زیاتر گوتی: زێدان بە پێرێزی گوتبوو كەیئێستا ناتوانێ بگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگەی ئەگەری گەڕانەوەی لە هاوینی داهاتوودا دانەخستبوو.

سەرۆكەكەی پێشووی یانەی ریال مەدرید هەروەها رایگەیاند: ئێستا پاڵێوراوی یەكەمی پێرێز بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید جۆزێ مۆرینۆی پورتوگالییە، بەڵام راستییەكەی من لەگەڵ بۆچوونە نیم، چونكە ئێستا دۆخی یانەكە باش نییە و كاتی ئەوە نییە بیر لە دامەزراندنی راهێنەری سێیەم بكەینەوە.

لە كۆتاییدا جەختی كردەوە كە فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی ئێستای یانەی ریال مەدرید كەسێكی سەیر و بزرە و هەر ئەویش دۆخی یانەكەی بە ئێستا گەیاند.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید لەم وەرزەدا لە ركابەرییەكانی بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا كراوەتە دەرەوە و لە جامی شای ئیسپانیاش لەسەر دەستی یانەی بەرشەلۆنە كرابووە دەرەوە و هەفتەی رابردووش لەسەر دەستی یانەی ئەیاكس لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەركرا، واتە لەم وەرزەدا هیوای بەدەستهێنانی هیچ ناسناوێكی نەماوە و تەنیا دەبێت بەردەوامبێت لە یاریكردن تا كۆتایی.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م