"كتێبی كلاسیكی، بریتییه له‌و كتێبه‌ی دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌كانی ناوه‌ڕۆكی هه‌رگیز ته‌واو نابێ و هه‌موو سه‌رده‌مێك به‌شی خۆی لێ وه‌رده‌گرێ". ئیتالیۆ كافانۆ
له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین، زیاتر له هه‌ر ده‌مێكی تر، هه‌ست به خێرایی ڕۆیشتنی كات ده‌كرێ، بۆیه ناچارین هه‌میشه و بۆ هه‌ر كارێك، هه‌ره گرنگه‌كان دیاری بكه‌ین تا هیچ نه‌بێ فریای ئه‌وان بكه‌وین، ئینجا ئه‌گه‌ر كات ده‌رفه‌تی دا، بپه‌ڕینه‌وه بۆ لاوه‌كییه‌كان. ژیان كورته و بژارده‌كانیش ئێجگار زۆر بوون و ناچارین بڕیار بده‌ین، چی هه‌ڵبژێرین. له بواری خوێندنه‌وه‌شدا، كاتێك ده‌یان كتێبمان هه‌ڵبژاردووه و ده‌مانه‌وێ بیانخوێنینه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین نه‌ك ئه‌م ژیانه‌ی تێیداین، جارێكی تریش ده‌رفه‌تی ژیانمان بۆ بگه‌ڕێته‌وه، هه‌ر فریایان ناكه‌وین. به‌ڵام وێڕای ئه‌و ملیۆنان كتێبه‌ی ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌كانیان پڕ كردووه، هه‌ندێك له‌و كتێبانه، كۆنه‌كان بێت یان نوێ، توانیویانه گه‌شه‌كردنی هه‌نگاوه‌كانی هزری مرۆڤ به‌ره‌وپێش ببه‌ن، ئه‌وانه‌ش هێنده زۆر نین كه فریای خوێندنه‌وه‌یان نه‌كه‌وین، به‌ڵام ئه‌وه گرنگه، له نێو ئه‌و جه‌نجاڵییه‌دا چۆن بیاندۆزینه‌وه.
بیرمه‌ندان و ئه‌دیبان و ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌گرانیش، چه‌ندان لیستیان به‌پێی جیاوازیی جۆری ناوه‌ڕۆكه‌كان بۆ باشترین كتێبه‌كان دیاری كردووه و ده‌توانین له ڕێی ئه‌و لیستانه‌وه بگه‌ین به كتێبه هه‌ره گرنگه‌كان، وه‌ك لیسته‌كه‌ی "لۆ مۆند"ی فڕه‌نسی و لیستی "ته‌لیڤراف" و لیستی "گۆڤاری تایم" كه له‌سه‌ر باشترین كتێبه‌كان به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی گه‌وره نووسه‌ر و بیرمه‌نده‌كان ڕیزیان كردوون و بواره‌كانی ئه‌ده‌بی، فیكری و زانستی له‌خۆ ده‌گرن.
لێره لیستی باشترین 10 ڕۆمان ده‌خه‌ینه ڕوو كه ئه‌دیب و ڕه‌خنه‌گران كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی باشترینن له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو مێژووی ڕۆمان و ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم، وه‌ك نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه و خوێنه‌رێكی ڕژدی ڕۆمان، پێم وایه ڕۆمانی "تاوان و سزا"ی فیۆدۆ دۆستۆیڤسكی له ڕیزی ئه‌م ڕۆمانانه‌یه كه لێره‌دا باس كراون، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێ، له‌م لیسته‌دا ته‌نیا ڕۆمان دانراوه، بۆ نموونه نابێ به‌لامانه‌وه سه‌رسوڕمان بێت، بۆچی شانۆ مه‌زنه‌كانی شكسپیر و شیعره نه‌مره‌كانی هۆمیرۆسی تێدا نییه. ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ش ڕۆمانه‌كانن به‌پێی ڕیزبه‌ندی دانراون:
یه‌كه‌م: گه‌ڕان به‌شوێن سه‌رده‌مێكی بزربوودا- مارسیل پرۆست 1908
گه‌ڕان به‌شوێن سه‌رده‌مێكی بزربوودا، درێژترین ڕۆمانه له دنیادا. به زمانی ئۆرجیناڵ ده‌گاته ملیۆنێك و 200 هه‌زار وشه، واته ڕه‌نگه به كوردی زۆر زیاتریش بێت. ڕۆمانه‌كه له سه‌ره‌تادا هیچ چاپخانه‌یه‌ك ئاماده نه‌بوو بۆی چاپ بكه‌ن، به‌ڵام دواتر بووه باشترین ڕۆمانی مێژوو كه به ماوه‌ی 14 ساڵ هه‌موو به‌شه‌كانی له حه‌وت به‌رگدا بڵاو كرایه‌وه.
پیاوێك به گه‌ڕانێكی به‌رده‌وام و دووباره، به‌شوێن مانا و هۆكاری هاتنی خۆی بۆ ژیان ده‌گه‌ڕێ و له هه‌موو شتێكی چوارده‌وری ورد ده‌بێته‌وه و له مێشكی‌دا شیكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌كات. ڕه‌خنه‌گران پێیان وایه، ئه‌م پیاوه‌ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه، مارسیل پرۆست خۆیه‌تی.
دووه‌م: ئولیس- جێمس جۆیس 1922
زۆر كه‌س پێیان وایه، ڕۆمانی ئۆلیسی ڕۆماننووسی ئایرله‌ندی جێمس جۆیس، ئاڵنگارییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه بۆ خوێنه‌ر، چونكه یه‌كێكه له گرانترین ڕۆمان و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان تا ئێسته نووسرابێت. ڕۆمانه‌كه زمانێكی تایبه‌تی هه‌یه و به شێوه‌یه‌كی ئاڵۆز نووسراوه. ته‌نانه‌ت به‌شه‌كانیش به شێوه‌یه‌كی جیاواز داڕێژراون. له‌به‌ر گرانیی ڕۆمانه‌كه، تا ئێسته نه‌كراوه كوردی و ئه‌وه‌ی بیه‌وێ بیخوێنێته‌وه، ڕه‌نگه ئینگلیزیش بزانێ، وا باشتره له عه‌ره‌بی یان فارسی بیخوێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كۆڵ به‌شێكی ئه‌و هه‌موو عه‌زیه‌ته‌ی مێشك ببێته‌وه، ئه‌گه‌رچی خۆی چێژێكی سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌كه، له‌و ئاڵۆزی و وشه‌كارییانه‌یدایه.
سێیه‌م: دۆن كیشۆت- میگیل دی سێرڤانتێس 1615
به‌لای زۆر له ڕه‌خنه‌گرانه‌وه، ڕۆمانی دۆن كیشۆت یه‌كه‌م ڕۆمانه له مێژووی هاوچه‌رخدا نووسرا بێت، وه‌ك چۆن جگه له‌م لیسته، به‌لای به‌شێكی زۆری ئه‌دیبان و ڕه‌خنه‌گرانه‌وه، باشترین ڕۆمانه له مێژوودا تا ئێسته نووسرابێت.
دۆن كیشۆت، پیاوێكی گه‌مژه‌یه، وا ده‌زانێ ئه‌ركێكی پیرۆزی پێ سپێردراوه و ده‌یه‌وێ ببێته سوارچاك و به گژ دێ‌و و دڕنده زه‌به‌لاحه‌كاندا بچێته‌وه و هه‌مووشی به خه‌یاڵی خۆی دروستی كردووه.
چواره‌م: برایانی كارامازۆف – فیۆدۆر دۆستۆیڤسكی 1880
ڕه‌نگه شتێكی زۆر ئاسایی بێت، له هه‌ر لیستێكدا كه كۆمه‌ڵێ ڕه‌خنه‌گر له‌سه‌ر باشترین ڕۆمانه‌كان دایده‌نێن، به‌بێ ناوی دۆستۆیڤسكی تێپه‌ڕ نه‌بێت. له‌م لیسته‌دا برایانی كارامازۆڤ دانراوه و له هه‌ندێك لیستی تردا، تاوان و سزا یان هه‌ژاران و قومارچییه‌كان جێیان بووه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌مه‌ش بۆ گه‌وره‌یی ئه‌و ڕۆماننووسه ڕووسییه ده‌گه‌ڕێته‌وه و زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران و ئه‌دیبان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن، فیۆدۆر خۆی وه‌ك ڕۆماننووس، باشترینه له مێژوودا. ده‌توانین بڵێین ڕۆمانه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌موو زمانه‌كانی سه‌ر زه‌وی هاتوونه‌ته وه‌رگێڕان و هیچ میله‌تێكی دنیا نییه، پشكدار نه‌بووبن به چێژوه‌ره‌رگرتنی له به‌رهه‌مه‌كانی، ئه‌م چانسه‌ش به هیچ ڕۆماننووسێكی تر نه‌بڕاوه. فرۆید گه‌وره زانای كۆمه‌ڵناس كه زۆر سه‌رسامی دۆستۆیڤسكی بووه ده‌ڵێ: هیچ چه‌مك و بیرۆكه‌یه‌كی سایكۆلۆجی نییه، پێشتر فیۆدۆر قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كردبێ.
پێنجه‌م: جه‌نگ و ئاشتی- لیۆ تۆلستیۆی 1867
ڕۆمانێكی گه‌وره‌ی نووسه‌ری مه‌زنی ڕووسی لیۆ تۆلیستیۆیه. به كوردی، له دوو به‌رگی ئه‌ستووردا جێی بووه‌ته‌وه كه ناتوانی به ده‌ستێك بیگریت و بیخوێنیته‌وه. ئه‌م ڕۆمانه، ده‌كرێ وه‌ك بابه‌تێكی زانستی مێژوو ته‌ماشا بكرێ و سوودی لێ وه‌رگیراوه و مێژوونووسه پسپۆڕه‌كان، وه‌ك ڕێسایه‌ك بۆ داڕشتنی مێژوو هه‌ژماری ده‌كه‌ن. تۆلیستۆی له‌م ڕۆمانه‌دا، كۆمه‌ڵێ كه‌سایه‌تیی لۆجیكی هێناوه كه هێنده ڕاستگۆیانه و بێ زێده‌گۆییكردن كه‌سایه‌تییه‌كانی داناوه، ده‌ڵێی كه‌سانی چوارده‌وری خۆتن یان ڕه‌نگه یه‌كێكیان خۆت بیت. ئه‌م ڕۆمانه و "ئانا كاردینا" باشترین دوو ڕۆمانی ئه‌م ڕۆماننووسه مه‌زنه‌ن و خوێنه‌ری ڕژد ده‌بێ هیچ نه‌بێ ئه‌م دوو به‌رهه‌مه‌ی بخوێنێته‌وه.
شه‌شه‌م: گوڵبژێرێك له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌نتوان چیخۆف
له‌ژێر ئه‌م ناوه‌دا، به زمانی ئینگلیزی، به‌شێك له باشترین چیرۆكه‌كانی ئه‌نتوان چیخۆف بڵاو كراوه‌ته‌وه و ڕه‌خنه‌گران له‌م لیسته‌دا وه‌ك باشترین به‌رهه‌مه‌كانی مێژوو دایانناوه. ئه‌م گوڵبژێره له لیستی پڕفرۆش‌ترین كتێبه‌كانی مێژوو دانراوه كه یه‌ك به‌رگه.
كتێبخانه‌ی كوردی كه‌مترین به‌رهه‌می چیخۆفی تێدا بوو، به‌ڵام له ماوه‌ی ڕابردوودا، ڕه‌سووڵ سوڵتانی وه‌رگێڕی به ئه‌زموون، سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و ڕۆمانووسه مه‌زنه‌ی وه‌رگێڕا و بڵاو بووه‌ته‌وه و یه‌كێكه له‌و به‌رهه‌مانه پێویسته له كتێبخانه‌ی هه‌موو ماڵێك هه‌بێ.
حه‌وته‌م: سه‌د ساڵ ته‌نیایی- گابرێل گارسیا ماركیز 1967
ئه‌م ڕۆمانه یه‌كێكه له ناسراوترین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی له مێژوودا و ڕه‌نگه تاكه ڕۆمان بێت ڕكابه‌ریی به‌رهه‌مه‌كانی فیۆدۆر دیسكۆڤسكی ده‌كات له ڕووی زۆریی بڵاوبوونه‌وه‌ی. ویلیا‌م كیندی له‌سه‌ر ئه‌م ڕ‌ومانه ده‌ڵێ: تاكه به‌رهه‌می ئه‌ده‌بییه له دوای په‌رتووكی پیرۆزه‌وه نووسرابێت و هه‌موو مرۆڤایه‌تی ناچاره بیخوێنێته‌وه. پابلۆ بیرۆدا له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆمانه ده‌ڵێ: باشترین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بییه به زمانی ئیسپانی نووسرابێت. خۆشبه‌ختانه ڕۆمانه‌كه چه‌ند جارێك كراوه به كوردی، دوایه‌مینیان ئه‌حه‌مدی مه‌لا كردوویه‌تی و به چاپێكی جوان چاپ بووه.
جگه له سه‌د ساڵ ته‌نیایی، ڕۆمانی "خۆشه‌ویستی له سه‌رده‌می كۆلێرادا" یه‌كێكه له باشترین به‌رهه‌مه‌كانی گابرێل و گرنگه بخوێندرێته‌وه.
هه‌شته‌م: دادگایی- فرانز كافكا 1925
كافكا یه‌كێكه یان یه‌كه‌مین و باشترین نووسه‌ری وڵاتی چیكه و وڵاته‌كه‌ی خستووه‌ته نه‌خشه‌ی به‌رهه‌مه مه‌زنه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، ئه‌م ڕۆمانه به شه‌و و ڕۆژێك نووسراوه. به‌رهه‌كانی كافكا، بۆ خوێنه‌ر وه‌ك مۆته‌كه وان، كاتێك ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی ده‌كه‌ی، ناچاری ته‌واویان بكه‌یت و دوای ته‌واوبوونیش له‌گه‌ڵت ده‌مێننه‌وه و دوور مه‌بینه خه‌ونی ناخۆشیش ببینی.
نۆیه‌م: ژاوه‌ژاو و توندوتیژی- ولیام ڤۆگنه‌ر 1929
باشترین ڕۆمانه كه له ئه‌مه‌ریكاوه پێشكه‌شی خوێنه‌ر كرابێت، ئه‌م ڕۆمانه‌ی ڤۆگنه‌ره، ئه‌گه‌رچی له ڕیزی ئه‌و نووسه‌رانه‌یه كه به ئاڵۆزی ده‌نووسن و ڕۆمانه‌كه‌ش ئاسان نییه لێی حاڵی بیت، چونكه به ئاست و شێوه‌ی جیاواز نووسراوه و ئه‌و توندوتیژییه‌ی تێیدایه، بێزارت ده‌كات، وه‌ك چۆن له هه‌مان كاتدا چێژبه‌خشن، چونكه خوێنه‌ر ده‌زانێ، له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو توندوتیژییه، به‌رانبه‌ره‌كه‌ی مه‌به‌سته و په‌یامێكی پێچه‌وانه‌ی گه‌یاندووه.
ده‌یه‌م: به‌ره‌و مناره- ڤیرجینیا وۆڵف 1927
ئه‌م ڕۆماننووسه، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌رنجڕاكێش له‌سه‌ر دۆخه ورووژاو و ئازاره‌كانی مرۆڤ ده‌دوێ و جوانی و ترسی له ناخی مرۆڤ خۆیه‌وه ده‌رهێناوه و به ته‌واوی ده‌ڵێی ده‌تخوێنێته‌وه. خۆی زۆر سه‌رسامی مارسیل پرۆست و جێمس جویس بووه و هه‌میشه ویستوویه‌تی به ڕێیه‌كی نوێ به‌ڵام به هه‌مان ئه‌و شێوازه ئاڵۆزه‌ی ئه‌وان بنووسێ. ڕۆمانه‌كانی له ڕوانگه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیی قووڵه‌وه نووسراون.
جگه له‌م ڕۆمانانه‌ی سه‌ره‌وه، وه‌ك پێشتر باسم كرد، ناكرێ "تاوان و سزا"ی فیۆدۆ دۆستۆیڤسكی و "1984"ی جرۆر ئۆریل فه‌رامۆش بكرێن، به هه‌مانشێوه "لۆلیتا"ی فلادیمێر نابوكۆف، "بێگانه"ی ئه‌لبێر كامۆ، "خاتوو بوفاری"ی فلۆبیر، "مۆبی دیك"ی هیرمان مه‌لفیل و زۆری تر.