لە کاتی وەرگرتنی مووچەی بێ پاشەکەوت دڵی وەستا

:: AM:11:03:12/03/2019 ‌
مامۆستایەكی شاری هەولێر دوای ئەوەی مووچەكەی وەردەگرێت، لە قوتابخانە گیانی لە دەست دا و پەروەردەی دەشتی هەولێریش پرسەنامەیەك بڵاو دەكاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئادار، لەبارەی گیان لە دەستدانی مامۆستایەك بە جەڵتە لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر، دوای وەرگرتنی مووچەكەی، ڕائید هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە لە بنكەكانی پۆلیسی هەولێر پەراو نەكراوەتەوە، چونكە ئەمە داوای مافی كەسییە و لە دوای تەواوبوونی پرسەكەی پەراوی بۆ دەكرێتەوە.

هاوكات بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەشتی هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، بەناوی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەشتی هەولێر پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو (مامۆستا یوسف محەمەد عەزیز) یاریدەدەری قوتابخانەی ژەنیاری بنەڕەتی كوران دەكەین كە دوێنێ‌ گیانی لە دەست داوە.

ئەو مامۆستایە دوێنێ‌ دوای ئەوەی مووچەكەی وەردەگرێت هەر لەناو قوتابخانەكەی خۆیدا گیان لە دەست دەدات.

بە بڕیارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پاشەكەوتی مووچەی چوار ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا، ئەمەش دڵخۆشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی لێ كەوتەوە.



وشە - رامیار جەواد