بەرپرسانی پشت دزييەکەی سلێمانی ئاشکرا دەکرێن

:: PM:02:55:13/03/2019 ‌
سەرۆكی عەشیرەتێكی سلێمانی رای دەگەیەنیت، خەڵكی كوردستان و سلێمانی باش دەزانن كێ لەو سنوورە لە پشتی دروست كردنی باند و دزین و تاڵان كردن و پیاو كوشتنەوەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئادار، عەشیرەتی غەوارە لە ‏‎ڕوون كردنەوەیەك بۆ ڕای گشتیی هاتووە، ‏‎بەداخەوە وەك پیشەی هەمیشەی ناحەزانمان و چاو هەڵنەهاتنی دوژمنانمان بە بوون و و جودی بنەماڵەكەمان جارێكی تر لە لایەن هەندێك پەیج و ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كەوتینە بەر شاڵاوی ناشرین كردن و ناو زڕاندنمان و تۆمەت باركردنمان بە دزینی پارەی مووچەی كارمەندانی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی كە گوایە كوڕانی ئێمە هەستابن بەو كارە نابەجێ و قێزەونە.

شاهۆ خالید سەرۆكی عەشیرەتی غەوارە لە ڕوونكردنەوەكە ئاشكرای كردووە، من لێرەوە بە هەموو دۆستان و خزمان لە سەرتاسەری كوردستان ڕادەگەیێنم، كە ئەم جۆرە بڵاو كردنەوانە جگە لەوەی كە بەشێكە لەو ئیرهابە فكریەی كە لەم ناوچەیە لەسەر هەموو ئەندامێك و لایەنگرێكی پارتی هەیە هیچی تر نیە و دوورە لە ڕاستی، بە هیچ جۆرێك ئەو كەسانە كە  گیراون هیچ پێوەندییەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان بە ئێمەوە نیە.

‏‎ئاماژەی داوە، خەڵكی كوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی زۆر لەوە وشیارترن و باش ئەزانن كێ لەم سنوورە لە پشتی دروست كردنی باند و دزین و تاڵان كردن و پیاو كوشتنەوەن ئایا ئێمە و بنەماڵەكەمان و عەشیرەتەكەمانین یان ئەوانەن كە لە پشتی دروست كردنی ئەم تۆمەتە ناشرین و ناڕەوایانەن.

ئەو سەرۆک عەشیرەتە بەبێ ئەوەی ناوی هیچ باڵ و بەرپرسێکی ناو سلێمانی بهێنێت، ئەستۆپاکی بنەماڵەکەیانی لەو رووداوی دزینە راگەیاند و بە پلانێکی سیاسیی وەسفی کرد.



وشە - رامیار جەواد