ڕوونكردنەوە لەسەر تونێلی پیرمام دەدرێت

:: PM:01:12:16/03/2019 ‌
بەرپرسێكی شاری هەولێر ڕوونكردنەوە لەسەر تونێلی پیرمام دەدات و ئاشكرای دەكات، ئەو وێنەیەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە پێوەندی تونێلی پیرمام نییە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئادار، هونەر نووری بەڕێوەبەری گشتی ڕێگەوبانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو وێنەیەی بڵاو كراوەتەوە هیچ پێوەندییەكی بە تونێلی پیرمام نییە و ئەوە ڕێی تونێلی میراوەیە و ماوەی دوو ساڵە بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست ئەو شوێنە جێهێڵراوە.

بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی هەولێر گوتی، ئەو شوێنەی تێكچووە لە نزیك تونێلی میراوە ئەوا كۆمپانیا بەرپرسە لە چاككردنەوەی ئەوەیش بەهۆی دروستبوونی كانیاوێكی ئاو ئەوبەشەی شەقامەكەی وای لێ هاتووە و دوای دەستبەكاربوونەوەی پڕۆژەكە نزیكەی 60 مەترە بەڵێندەر بەرپرسە لە چاككردنەوەی.

ئاشكرای كرد، تونێلی پیرمام ئێستە كاركردنی تێیدا بەردەوامە و دوای چەند مانگێكی تر بە تەواوەتی دەكرێتەوە و هیچ كێشەیەك لەو پڕۆژەیە نییە، لەهەر شونێك تێك بچێت، ئەوا كۆمپانیا تا دوو ساڵ بەرپرسە لە چاككردنەوەی.

ماوەی دوو ڕۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند وێنەیەك بڵاو بۆتەوە گوایە تونێلی پیرمامە و شەقامەكەی بەر لە كردنەوەی بە تەواوەتی تێكچووە.

تونێلی پیرمام یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگانەی هەولێر كە دووریی نێوان هەولێر بۆ شارۆكەی شەقڵاوە لە 45 خولەك دەكاتە 15 خولەك ئەمەیش گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ لەو ڕێیە.







وشە - رامیار جەواد