له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ته‌نگژه یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردوو له كوردستان، كێشه كۆمه‌ڵاتییه‌كانیش روویان له زیادبوون كردووه. یه‌كێك له‌و تاوانانه‌ی ماوه‌یه‌كه زیادی كردووه، بریتییه له فڕێدانی منداڵ یان كۆرپه‌ڵه. به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه" له كوردستان له 15 مانگی رابردوودا هه‌شت منداڵ فڕێ دراون.
فڕێدانی منداڵ له هه‌رێمی كوردستان خه‌ریكه له حاڵه‌ته‌وه ده‌بێته دیارده، ئه‌مه‌ش خه‌ڵكی نیگه‌ران كردووه و ده‌پرسن بۆچی دایك و باوكان منداڵه تازه‌بووه‌كانی خۆیان فڕێ ده‌ده‌ن.
له ماوه‌ی رابردوودا له سۆشیاڵ میدیا وێنه‌یه‌ك بڵاو كرایه‌وه كه سه‌گێك پاسه‌وانی له منداڵێكی فڕێدراو ده‌كات. رێڤان نادر ئه‌و كه‌سه بوو توانی ئه‌و دیمه‌نه بڵاو بكاته‌وه، خۆی بۆ "وشه" گوتی "زۆرم پێ سه‌یر بوو كاتێك بینیم سه‌گێك پاسه‌وانی له منداڵێك ده‌كات، سه‌ره‌تا وامزانی سه‌گه‌كه ده‌یه‌وێ په‌لاماری منداڵه‌كه بدات، به‌ڵام دواتر رووداوه‌كه پاسه‌وانی و به‌رگریكردن بوو، له دڵی خۆمدا گوتم ده‌بێت ئاژه‌ڵ له مرۆڤ میهره‌بانتر بێ."
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، فڕێدانی منداڵ به‌شێوه‌ی گشتی دوو به‌شه، به‌شێكیان ئه‌و منداڵانه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی و ناشه‌رعی له دایك ده‌بن، ئه‌و ژنه له‌پێناو ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كات، ئه‌و كاره ده‌كات. به‌شی دووه‌م پێوه‌ندی به ناوخۆی خێزانه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش به‌هۆی ته‌نگژه‌ی دارایی كه خێزانه‌كان ناتوانن منداڵ به‌خێو بكه‌ن، هانا بۆ ئه‌م جۆره كاره قێزه‌ونه ده‌به‌ن.
لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان له هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌و شوێنانه بكه‌ن كه ژنی بیانی تێیدا كار ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی كافتریاكان، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له دایك نه‌بێت. به‌ڵام هیچ زانیارییه‌ك نایسه‌لمێنێ كه ئه‌و منداڵانه زۆرینه‌ی هی كچی بیانی بن.
هۆگر عه‌زیز گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا ئه‌و منداڵه‌ی فڕێ درابوو، ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون كراوه، تا ئێسته‌یش نه‌توانراوه خێزانی بدۆزرێته‌وه.
له ماوه‌ی 15 مانگدا له هه‌رێمی كوردستان هه‌شت منداڵ فڕێ دراون. شوان ته‌حسین به‌رپرسی راگه‌یاندنی نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوونی هه‌ولێر، بۆ "وشه" ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه له حاڵه‌تی فڕێدانی منداڵ ئاگادار ده‌كرێنه‌وه، ده‌ستبه‌جێ پشكنین بۆ منداڵه‌كه ده‌كرێت بۆ دڵنیابوون له ته‌ندروستیی تا چاره‌سه‌ری پێویستی پێشكه‌ش بكرێت.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه ئه‌وان ئامێری پێشكه‌وتوویان نییه تا بزانن ئه‌و منداڵه‌ی فڕێ دراوه، سه‌ر به چ نه‌ته‌وه‌یه‌كه، دایك و باوكی كێن؟.
له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی ملیۆنێك و 500 هه‌زار ئاواره‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق و خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان هه‌ن، ئه‌مه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی به‌سه‌ر چه‌ند كو‌لتوورێكدا دابه‌ش كردووه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له به‌رده‌ستی "وشه"دان، ئه‌و منداڵانه‌ی فڕێ دراون، دایكه‌كانیان به نه‌ته‌وه عه‌ره‌ب بوون، هه‌ندێكیشیان له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بوون. به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه ده‌ریبخات ئه‌و بیانیانه بن كه له كوردستان كار ده‌كه‌ن.
جه‌مال محه‌مه‌د توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی دوو پێشنیار بۆ "وشه" ده‌خاته ڕوو و ده‌ڵێ، پێویسته ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن و هه‌موو ئه‌وانه‌ی مۆبایلیان هه‌یه، هه‌ر كاتێك ده‌بینن منداڵێك فڕێ دراوه، رێ به‌خۆیان نه‌ده‌ن بڵاوی بكه‌نه‌وه، چونكه زۆر بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه لای تاك به ئاسایی وه‌رناگیرێت، ئه‌مه‌ش زیانی بۆ كۆمه‌ڵگه ده‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت میدیاكان هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه بده‌ن نه‌ك ته‌نیا ورووژاندنی بابه‌ته‌كه.
ئه‌و توێژه‌ره باسی له‌وه كرد، "هه‌موومان به‌رپرسین له بنبڕكردنی ئه‌و جۆره تاوانانه. به پله‌ی یه‌كه‌م مامۆستایانی ئاینی و خێزان، دواتر ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری. پێویسته یاسایه‌ك ده‌ربكرێ تا هه‌ر كه‌سێك تاوانێكی ئاوای ئه‌نجام دا سزا بدرێت، په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێ باشتر چاودێری خه‌ڵك و لایه‌نی پێوه‌ندیدار بكات، تا رووداوی له‌م شێوه‌یه روو نه‌داته‌وه".
*ئه‌و منداڵانه‌ی فڕێ دراون، دایكه‌كانیان به‌شێكیان عه‌ره‌ب و ئه‌وانیتر كوردن.
وشه/ به‌دواداچوونی زریان ته‌ها