ناڤاس چارەنووسی خۆی لە ریال مەدرید یەكلایی كردەوە

:: AM:10:31:17/03/2019 ‌

كایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی دوای یاریكردنی بەشێوەی سەرەكی لە یارییەكەی دوێنێ بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ لە خولی ئیسپانیا، چارەنووسی خۆی لەگەڵ یانەی شاهانە یەكلایی كردەوە.

دوێنێ شەموو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 28ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 2-0 گۆڵ لە یانەی سێلتا فیگۆی بردەوە.

ناڤاس دوای یارییەكە بە رۆژنامەكانی راگەیاند: هەمیشە بەشێوەیەكی باش مەشق و راهێنانم كردووە و بۆ سەرجەم یارییەكانی داهاتووی یانەی ریال مەدرید ئامادەم.

هەروەها راگەیاند: لە ژیانمدا بەهیچ شێوەیەك خۆم بەدەستەوە نەداوە و بڕوایەكی تەواویشم بەخۆم هەیە كە دەتوانم دووبارە شوێنی سەرەكی لە پێكهاتەی یانەی ریال مەدرید بەدەست بێنمەوە.

لەبارەی چارەنووسیشی لە یانەی ریال مەدرید راگەیاند: گرێبەستەكەم لە یانەی ریال مەدرید بەردەوامە و بە هێواشی بۆ هەمووان دەسەلمێنم كە شایستەی ئەوەم لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەدا یاری بكەم و بەردەوام دەبم.

گۆڵپارێزە كۆستاریكییەكە هەروەها رایگەیاند: لەوەتەی هاتوومەتە یانەی ریال مەدرید هەموو شتێكم بۆ یانەكە پێشكەش كردووە، با بزانین داهاتووش چ هەگبەیەكی بۆ من هەڵگرتووە.

جێی باسە ناڤاس لە یارییەكانی ئەم وەرزەدا بە فەرمانی سانتیاگۆ سۆلاری تاڕادەیەكی زۆر پشتگوێ خرابوو و تەنیا لە یارییەكانی جامی شای ئیسپانیا یاریی پێ دەكرا، لە شوێنی ئەویش لە زۆربەی یارییەكاندا یاریی بە تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیكی دەكرد كە هاوینی رابردوو لە یانەی چێڵسیی ئینگلیزی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە كردبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م