ئەمڕۆ رۆناڵدۆ یاری ناكات

:: AM:10:42:17/03/2019 ‌

ماسیملیانۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤێنتۆس پێكهاتەی یاریزانەكانی بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ یەكشەمی خولی ئیتاڵیا بەرامبەر یانەی جەنەوا راگەیاند.

ئەمڕۆ یەكشەم یانەی یۆڤێنتۆس لە گەڕی 28ی خولی ئیتاڵیا سەعات 2:30ی دوای نیوەڕۆ دەبێتە مێوانی یانەی جەنەوا، لە یاریی چووندا هەردوو یانەكە بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان ببوون.

ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤێنتۆس ئەستێرەی یەكەمی تیپەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی لە یارییەكەدا دوور خستۆتەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەك پشووی پێداوە.

رۆناڵدۆ لەلایەن راهێنەری هەڵبژاردەی پورتوگالەوە بۆ یارییەكانی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا (یۆرۆی 2020) بانگهێشتكراوە، بۆ ئەمەش راهێنەری یانەی یۆڤێنتۆس دەیەوێ كەمێك پشووی پێ بدات تا لە یارییەكانی داهاتووی یانەكەدا بەشێوەیەكی باشتر سوودی لێ ببینێ.

ئەو یاریزانانەی كە ئەلیگری بۆ یارییەكەی ئەمڕۆی یانەی یۆڤێنتۆس بەرامبەر یانەی جەنەوا بانگهێشتی كردوون برێتین لە:-

گۆڵپارێز: چیزینی، بیرین و پینسۆلیۆ

بەرگری: كیلینی، كاسیریس، ساندرۆ، بونوچی، كانسێلۆ، رۆگانی و سبینزۆلا

ناوەڕاست: بانیچ، ماتویدی، جان، بینتانكۆر و كاڤالیا

هێرشبەر: دیبالا، ماندزۆكیچ، مۆیس كین، بێرناردێسكی و مۆرینۆ.

جێی باسە یانەی یۆڤێنتۆس تاڕادەیەك لە یەكلاكردنەوەی ناسناوی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیا نزیك بۆتەوە و ئێستا بەكۆكردنەوەی 75 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانە و نزیكترین ركابەریشی یانەی ناپۆلییە كە 57 خاڵی هەیە، یانەی جەنەواش بە 30 خاڵ لە ریزبەندی 13ی یانەكان دێت.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م