ریال مەدرید لە كڕینی ئیریكسن نزیكتر دەبێتەوە

:: AM:11:07:17/03/2019 ‌

كریستیان ئیریكسنی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی دانیماڕكی نزیكە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بەشێوەی یەكجاری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی جێبێڵێ.

گرێبەستەكەی ئیریكسن لە هاوینی 2020 لەگەڵ یانەی تۆتنهام تەواو دەبێت، لە ماوەی رابردووشدا یانەكە هەوڵێكی زۆری دابوو بۆ ئەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵدا نوێ بكاتەوە.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی تۆتنهام تا ئێستا نەیانتوانیوە لەگەڵ ئیریكسن رێك بكەون سەبارەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی و بەمەش یانەكە نزیك دەبێتەوە لەوەی بڕیاری فرۆشتنی بدات لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

ئەگەر ئیریكسن لەسەر رەتكردنەوەی مانەوە بەردەوام بێت، یانەی تۆتنهام لە هاوینی داهاتوودا دەیخاتە بازاڕی فرۆشتنی یاریزانانەوە بۆ ئەوەی پارەیەكی لە فرۆشتنی دەست بكەوێ نەوەكو لە لە كۆتایی وەرزی داهاتوو ناچار بێت بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر دەستبەرداری بێت.

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانیش یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای راهێنەرە نوێیەكەیان زێنەدین زێدان بڕیاریداوە لە هاوینی داهاتوودا بە هێزەوە بێتە نێو ركابەرییەكان بۆ كڕینی ئیریكسن.

ئیریكسنی تەمەن 27 ساڵ لە ساڵی 2013 لە یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی پەیوەندی بە یانەی تۆتنهامەوە كردبوو و ئێستاش بەیەكێك لە یاریزانە هەرە باشەكانی هێڵی ناوەڕاستی ئەوروپا و جیهان دادەنرێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م