ریال مەدرید دەستی بە هەنگاوی كڕینی هازارد كرد

:: PM:12:00:17/03/2019 ‌

رۆژنامەیەكی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەستی بە هەنگاوەكانی كڕینی ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی و یانەی چێڵسیی ئینگلیزی كردووە.

هازارد ماوەیەكی درێژە جێگەی بایەخی بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدە و دوای گەڕانەوەی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسیش فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكە بەڵێنی پێداوە بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵی كڕینی چەند ئەستێرەیەك بدات یەكێك لەوانەش هازاردە.

رۆژنامەی (زە سەن) بڵاوی كردەوە: كارگێڕی یانەی ریال مەدرید دەستی كردووە بە ئامادەكردنی دەستەوارەیەك بۆ یانەی چێڵسی و وەك سەرەتاش بڕی 82 ملیۆن یۆرۆیان بۆ كڕینی هازارد دیاری كردووە.

هازارد پێشتر لە چەند بۆنەیەكدا دانی بەوەدانابوو كە ئارەزوو دەكات وێستگەی داهاتووی یانەی ریال مەدرید و خولی ئیسپانیا بێت.

زێدان یەكێكە لەوانەی سەرسامە بە ئاستی هازارد و لە ماوەی رابردووشدا چەندان جار داوای لە پێرێز كردبوو هەوڵ بدات گرێبەستی لەگەڵ بكات، بەڵام یانەكە بە بیانۆی زۆری نرخەكەیەوە هەوڵەكانی رژد نەكردبووەوە و جگە لەوەش یانەی چێڵسی هەمیشە جەختی لەوە كردبووەوە كە ئەم ئەستێرە بەلجیكییەیان بۆ فرۆشتن نییە.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لە كاتی گەڕانەوەی زێدان بۆ ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەیان بەڵێنی پێدابوو بۆ وەرزی داهاتوو گۆڕانكاری گەورە لە ریزی تیپەكەیدا بكات و بۆ ئەمەش بڕی 500 ملیۆن یۆرۆی تەرخان كردبوو.

جگە لە هازارد، كارگێڕی یانەی ریال مەدرید هەروەها ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی دەستەوارەیە پێشكەش بە یانەی پۆرتۆی پورتوگالیش بكات بە مەبەستی كڕینی ئیدێر میلیتاوی بەرگریكاری بەڕازیلی، بۆ ئەمەش بڕی 50 ملیۆن یۆرۆی تەرخان كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م