زۆرجار شارەزایانی تەندروستی رێنوێنی دەدەن بۆ خواردنەوەی
ئاوی نیوچە گەرم بەیانیان راستەوخۆ دوا هەستان لە خەو، چونكە رۆڵێكی گەورەی هەیە لە دەست پێكردنی فەرمانە جیاجیاكانی لەش، توێژینەوەیەكی تر باسی گرنگی خواردنەوەی ئاوی نیوچە گەرم بەر لە نوستن دەكات.
رەنگە خەڵك حەز بەوە نەكەن بەر لە نوستن ئاو بخۆنەوە لە ترسی پێویستبوون بە هەستانەوە و میزكردن و شێوانی خەوە قووڵەكەی، بەڵام پێویستە بزانرێت كە خواردنەوەی ئاوی نیوچە گەرم شەوانە بەر لە نوستن چەندان سوودی هەیە وەك لە خوارەوە:
*نەهێشتنی نیگەرانی و خەمۆكی، كە كەمبوونەوەی ئاو لە لەش دەبێتە هۆی زیادبوونی رارایی و خەمۆكی مرۆڤ و بەو شێوەیە بە نەرێنی كار دەكاتە سەر نوستن.
*رزگاربوون لە ژەهرەكان، ئاوی نیوچە گەرم پلەی گەرمی لەش بەرز دەكاتەوە و ئارەقە دروست دەكات و ئەوەیش دەبێتە هۆی باشتركردنی سووڕی خوێن و رزگاربوون لە ژەهرەكانی لەش.
*قەرەبووكردنەوەی شلەی لەدەستدراو، تۆ لە رێگەی میزكردن و ئارەقەكردنەوە بە بەردەوام شلە ون دەكەیت، بۆیە پێویستە قەرەبوویان بكەیتەوە.
*بەهێزكردنی پرۆسەی هەرسكردن، ئاوی نیوچە گەرم خۆراك لەناو كۆئەندامی هەرس دەتوێنێتەوە و هەرسكردن باشتر دەكات، چونكە شەوانە هەرسكردن لاوازتر دەبێت، بۆیە خواردنەوەی ئاو هەرسكردن خێراتر و باشتر دەكات.
*یارمەتی لەدەستدانی كێش دەدات، كاتێك كرداری شیكردنەوەی خۆراك و هەرسكردن خێراتر دەكات.
*شێداركردنی لەش و كەمكردنەوەی شەكەتی و ماندووبوون و خەوێكی خۆش و لەناوبردنی زۆر جۆر ئازار و ئێشی لەش.
*هێوركردنەوەی ئازار و هەستیاری كەڵێنەكانی لووت و دەمارەكان و نەهێشتنی قەبزی.