بەرشەلۆنە بە فەرمی پێكانی سوارێزی راگەیاند

:: AM:10:37:18/03/2019 ‌

یانەی بەرشەلۆنە بەفەرمی پێكانی هێرشبەرە ئۆرگواییەكەی لویس سوارێزی راگەیاند لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی ریال بیتیس.

دوێنێ یەكشەم یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 28ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بووە مێوانی یانەی ریال بیتیس و یارییەكەشی بە ئەنجامی 1-4 گۆڵ لێ بردەوە.

پێش تەواوبوونی یارییەكە سوارێز قاچی خلیسكا و بە پێكانەوە یاریگەی جێهێشت و تەنانەت نەیتوانی بەشێوەیەكی ئاساییش یارییەكە جێبێڵێ.

سوارێز لە یارییەكەدا توانیبووی گۆڵێك تۆمار بكات، بەم سەركەوتنەش یانەی بەرشەلۆنە جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید كردە 10 خاڵ و بە 76 خاڵ پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیای قایمتر كرد.

لاپەڕی یانەی بەرشەلۆنە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ئاشكرای كرد كە سوارێز تووشی پێكانی قاچی راستی بووە و ئەمڕۆ دووشەمیش پشكنینی زیاتری پزیشكی بۆ دەكرێ تا بەتەواوی قەبارەی پێكانەكەی دیاری بكرێ.

هەرچەندە یانەی بەرشەلۆنە ماوەی دووركەوتنەوەی سوارێزی ئاشكرا نەكرد، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان هێرشبەرە ئۆرگواییەكە بەلایەنی كەم ماوەی 2 هەفتە لە یاریكردن دادەبڕێ، بێگومان دیاریش نییە دەتوانێ بۆ یارییەكانی قۆناغی 8ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بگەڕێتەوە یان نا كە لە هەفتەی دووەمی مانگی داهاتوو بەڕێوە دەچن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م