بزانە بڕی ئەو پارەیە چەندە كە خراوەتە بەردەستی زێدان؟

:: PM:12:03:18/03/2019 ‌

فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕی ئەو پارەیەی دیاریكردووە كە خستوویەتییە بە دەستی راهێنەری تیپەكەی زێنەدین زێدانی فڕەنسی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ یاریزانان لە هاوینی داهاتوودا.

رۆژنامەی (دەیلی ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: پێرێز بوودجەیەكی بە بڕی 352 ملیۆن یۆرۆ خستۆتە بەردەستی زێدان تا لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی یاریزانانی نوێی پێ بكات و دووبارە تیپەكەی بنیاد بنێتەوە.

ئەو یاریزانە سەرەكییانەی كە زێدان بۆ وەرزی داهاتووی تیپەكەی داوای دەكات برێتین لە كیلیان مباپێ، نیمار دا سیلڤا و ئیدین هازارد، بەڵام كێشەی سەرەكی راهێنەرەكە ئەوەیە كە بە گرێبەستكردن لەگەڵ هەر یەكێكیان پارەیەكی زەبەلاحی لە دەست دەڕوات.

نزیكترین یاریزان لە پەیوەندیكردنی بە یانەی ریال مەدرید لە وەرزی داهاتوودا هازاردە كە هەرچەندە یانەی چێڵسی بە زەحمەت دەستبەرداری دەبێت بەهۆی سەپاندنی سزاكانی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا)وە كە ناتوانێ بۆ ماوەی دوو وەرز گرێبەستی نوێ ئیمزا بكات.

هازارد تەنیا یەك وەرزی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی چێڵسی دەمێنێ، تا ئێستاش ئامادە نەبووە گرێبەستەكە نوێ بكاتەوە، لەبەر ئەوە پێشبینی دەكرێ یانەی لەندەنییەكە لە هاوینی داهاتوو لەبەرامبەر پارەیەكی زەبەلاح دەستبەرداری بێت نەبادا بۆ وەرزی دواتر بەبێ پارە ناچار بێت لە دەستی بدات.

زێدان هەروەها كێشەی لەگەڵ گواستنەوەی نیمار و مباپێش هەیە بەهۆی بەرزی نرخەكانییەوە كە رەنگە هەریەكەیان نرخەكەی لە 200 ملیۆن یۆرۆ تێپەڕێ.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید رۆژی پێنجشەمی رابردوو بەفەرمی رێككەوتنی لەگەڵ بەرگریكاری بەڕازیلی ئیدێر میلیتاو لە یانەی پۆرتۆی پورتوگالی راگەیاندبوو بە بەهای 50 ملیۆن یۆرۆ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م