رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی پەرلەمانی سست کردووە

:: PM:12:25:18/03/2019 ‌
نزیک بە پێنج مانگ بەسەر سوێند خواردنی پەرلەمانتاران تێدەپەڕێت، تا دێت كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی لەسەر رێككەوتن بۆ كابینەی نوێی حكوومەت درێژە دەكێشێت و پەرلەمانیش نەیتوانیوە نەك یاسا، بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی لیژنەكانیش هەڵبژێرێت. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ رێكنەكەوتنیان نەك كاریگەری لەسەر پەرلەمان، بەڵكو لەسەر هەموو خەڵكی كوردستان هەبووە.

پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان لە شەشی تشرینی دووەم سوێندی یاساییان خوارد، ئەگەرچی بەپێی پێڕەوی ناوخۆ دەبوو لە هەمان دانیشتندا سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێككەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەكان، دانیشتنەكە تا 18ی شوباتی رابردوو كە تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا، هەڵپەسێردرا.

لەو دانیشتنەدا كە پێشتر پارتی و یەكێتی لە پێنجی هەمان مانگ رێككەوتنی 18 خاڵیان واژوو كردبوو، بەهۆی پاشگەزبوونەوەی یەكێتی، فراكسیۆنی ئەو حزبە ئامادەی دانیشتنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی نەبوو، بەمەش پارتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی هەڵبژارد تا ئەو كاتەی لەگەڵ یەكێتی دەگەن بە رێككەوتنێكی تر.

لە چواری ئەم مانگە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی، رێككەوتنێكی نوێیان واژوو كرد، بەڵام دیسان لە پرس دابەشكردنی پۆستەكان نێوانی هەردوو حزب تێكچوو، بەجۆرێك ئێستە هەردوولا شاندێكی نوێیان دەستنیشان كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەركەوتەی هەڵبژاردن لە كابینەی حكوومەتدا.

پەرلەمانتاران كۆكن لەسەر ئەوەی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی كاریگەری نەرێنی لەسەر كاری پەرلەمانی هەبووە و هۆكار بووە لەوەی تا ئێستە سەرۆكایەتی لیژنەكانی پەرلەمان دەستنیشان بكرێن.

پەرلەمانی كوردستان لە 26ی شوبات، لیژنەی یاسایی هەڵبژارد بێ ئامادەبوونی فراكسیۆنی سەوز لە كۆبوونەوەكەدا، هاوكات لە 12ی ئەم مانگەش بەركەوتەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ 14 لیژنەكەی تری پەرلەمان دەستنیشان كرا، بەڵام تا ئێستە نەتوانراوە سەرۆكایەتی لیژنەكان هەڵبژێردرێت، ئەگەرچی دوێنێ 17ی ئادار پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لیژنەكان كۆبوونەوەی هەبوو، بەڵام نەگەیشتوون بە رێككەوتن بە تایبەت لەسەر بنەمای سانت لیگۆ كە "1.4 یان 1.7. یان 1.9" لەبەرچاو بگیرێت.

بەدریە ئیسماعیل پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێ كۆمەڵی ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ درێژ نەكردنەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان نەبووە، بەڵكو دەبوو لە هەمان دانیشتن سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان ئەو پرسە دواكەوت بۆ 18ی شوبات و زیانێكی زۆر گەورەی لە كاری پەرلەمانی دا.

بەدریە پێی وایە پەرلەمانتار بە وزەیەكی گەورە سوێندی پەرلەمانی خواردووە، بەڵام دواخستنی پرۆسەكە زیانی گەورەی لە وزە و توانای پەرلەمانی داوە و ئێستە جۆرێك لە متبوون و ناجێگیری بە كاری پەرلەمانی دیارە.

ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی كە بۆ "وشە" قسەی كردووە، لە بارەی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی و كاردانەوەی بەسەر كاری پەرلەمانی، دەخوازێ زوو بگەن بە رێككەوتن و كەشێكی ئارام لە كوردستان دروست بێت و دووچاری تەنگژەیەكی تر نەبێتەوە و كۆتاییش بە متبوونی پەرلەمان بێت. گوتی "رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی قسەی زۆر هەڵدەگرێت، رەنگە دابەشكردنی پشك و داواكاری و ئیمتیازات یەكێك بێت لە هۆكارەكان، جگە لەمە هۆكاری تر نابینین رێگر بێت، هەموو خەڵكی كوردستانیش وا تێدەگەن كە ئەوان بەرژەوەندی حزبیان پێش بەرژەوەندی نیشتمانی خستووە".

پێوەند بەو پرسە، محێدین حەسەن سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە دۆخی كوردستان پێویست بەوە دەكات رێككەوتنی سیاسی هەبێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، چونكە "هەموومان دەزانین ئەگەرچی لە بنەڕەتدا یەك حكوومەت هەیە، بەڵام تا ئێستەش دوو ئیدارەیی رەنگی داوەتەوە بەسەر پرسەكان".

سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی دەڵێ، دەبێت چاوەڕێی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بین، ئەگەرچی پەرلەمان دانیشتن ئەنجام دەدات، گوتی "رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی كاریگەری و لێكەوتەی نەرێنی تەنیا لەسەر پەرلەمان نەبووە، بەڵكو لەسەر ژیانی هاووڵاتییانیش كردووە، پارتی و یەكێتیش لەسەر پلە و پۆست پێك نایەن و هیچ پێوەندی بە بەرژەوەندی باڵای كوردستانی نییە، تەنانەت هەردوولا لە ئاستی دروشمەكانی خۆیشیان نەبوون لە دەمی هەڵبژاردن".

لێكەوتەی رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی وای كردووە پەرلەمانی كوردستان دوای چوار مانگ و 12 رۆژ، نەك نەتوانێت یاسا دەربكات، بەڵكو هێشتا نەیتوانیوە سەرۆكایەتی لیژنەكان هەڵبژێرێت و گرفتیش لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەیە و دەبێت چارەسەر بكرێت، بەوەی پارتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ یەكێتی داناوە و ڤاڵا فەریدیش پەرلەمانتاری خۆیشی كردووە بە سەرۆكی پەرلەمان تا یەكلابوونەوەی رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی لە بارەی دابەشكردنی پۆستەكان.



وشە - فه‌رمان سادق