چارەسەری پێستی وشك

:: PM:04:11:18/03/2019 ‌
ژنان زیاتر گرنگی بە پێستیان دەدەن بە تایبەتی پێستی دەست و پێیەكان، چونكە كاری زیاتری پێ ئەنجام دەدرێت بە درێژایی رۆژ. بەداخەوە ناتوانین بە درێژایی رۆژ پێستمان بە شێداری و نەرمی بمێنێتەوە، گرنگینەدان  بە چاودێریكردنی پێست دەبێتە هۆی وشكبوونەوە و شەقبوون و دروستبوونی توێكڵ، ئەمەش شێوازێكی ناشیرین بە پێستت دەدات و بەردەوام بە وشكی دەردەكەوێت.

ئەمانە چەند رێیەكی سروشتین كە یارمەتی پاراستنی پێست دەدەن و رێ لە وشكبوونەوە و قڵیشان دەگرن.
یەكەم: شێداركردنەوە، كاتێك بەهۆی ئیشكردنی رۆژانەوە سەرقاڵ دەبین خۆمان لە بیر دەكەین. پێستمان زۆرترین زیانی بەردەكەوێت بەهۆی وشكبوونەوەی لەشەودا. لەم كاتەدا پێویستە بڕێكی زیاتر ئاو و شلە بخورێتەوە بۆ ئەوەی جێی ئەو شلانە بگرێتەوە كە بە درێژایی رۆژ لەشمان بەكاری هێناوە.

دووەم: خۆشووشتن كەم بكەرەوە، زۆر كات بۆ خاوبوونەوەی ماسولكەكان كەمكردنەوەی هیلاكی لەش بیر لە خۆشووشتن دەكەینەوە بە ئاوی گەرم. ئەگەر ماوەی خۆشووشتن لە 10 خولەك زیاتر بوو ئەوە دەبێتە هۆی لابردنی ئەو زەیتە سروشتییانەی كە لە لایەن پێستەوە دەردەدرێت كە بەرپرسە لە هێشتنەوەی لەش بە شێوەیەكی نەرم و شێدار. باشتر وایە لە كاتی خۆشووشتندا ئاوی شلەتێن بەكار بهێنرێت چونكە باشترە بۆ تەندروستی پێست.

سێیەم: پاككردنەوە و شێداركردنەوەی پێست، لە هەموو بەشێكە پێستدا بڕێكی زۆر تۆز و ئارەق كۆ دەبنەوە بە هۆی ئەو میكیاج و بابەتە جوانكارییانەی كەبەكار دەهێنرێت. زۆر گرنگە پێستت بە پاكی بهێڵیتەوە لە كۆتایی رۆژدا. ئەمە یارمەتی كونیلەكانی پێست دەدات كە بە پاكی بمێننەوە و رێ لە قەپاتبوونیان دەگرێت. باشتر وایە دوایە پاككردنەوەی پێست شێداركەرەوە بەكار بهێنرێت چونكە لە هەندێك حاڵەتدا زۆر پاككردنەوەی پێست دەبێتە هۆی وشكبوونەوە، بۆیە باشتر وایە شێداركەرەوەی تایبەت بەكار بهێنرێت.

چوارەم: فشار كەم بكەرەوە، فشاری دەروونی كاریگەرییەكی زۆری هەیە لەسەر پێست، زۆر كات دەبێتە هۆی دەركەوتنی خەتی پیربوون لە ناوچەوان. هەروەها كار لە چۆنیەتی پێست دەكات. ئەگەر بتەوێت پێستت بە زیندوویی و جوانی بمێنێتەوە، ئەوە پێویستە رێ لە فشاری دەروونی بگیرێت.



وشە - ئاوات ئازاد