نووسەرێك: عێراق بێ گەندەڵی هەڵناكات

:: PM:06:12:18/03/2019 ‌

پرسی گەندەڵی لە عێراق بووەتە پرسێكی زەق و لە دوای 2003 ەوە تا ئێستە دەیان ملیار دۆلاری ئەمەریكایی گەندەڵی كراوە یان بەهەدەر دراوە و سەرەڕای دامەزراندنی پێنج دەزگای نەهێشتنی گەندەڵی، بەڵام نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت و ئەوەیش وای كرد كە لە یەكێك لە خۆپێشاندانە جەماوەرییەكانی بەغدا گەنجێك درووشمەكەی ئەوە بێت،"نەهێشتنی گەندەڵیمان ناوێت.. بەڵكو پشكی خۆم لە گەندەڵی پێ بدەن".

هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی و ستراتیجی عێراقی ئاماژە دەكات كە ئەو رێوشوێنانەی حكوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وەریان دەگرێت، سوودیان نابێت و پێشبینی داڕووخانی ئابووری عێراقی كرد بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیادا. 

هاشمی لە شرۆڤەیەك كە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "فەیسبووك"، نووسیویەتی، ئەنجوومەنی نەهێشتنی گەندەڵی، ئەنجوومەنێكی هاوئاهەنگییە و پێناسەیەكی یاسایی سەربەخۆی لە پەیكەری دامەزراوە چاودێرییەكانی دەوڵەتدا نییە.

زیاتر گوتی، هەوڵەكان بۆ نوێكردنەوەی دەزگاكانی چاودێری لە عێراق سوودی نابێت ئەگەر ئابووری عێراق دووچاری داڕووخان هاتەوە بەهۆی دابەزینی پێشبینیكراوی نرخی نەوت لەم نزیكانە، بۆیە پێویستە پەلە بكرێت لە دەركردنی بڕیاری حكوومەتی بۆ گەڕاندنەوەی چەندان ملیار دینار كە لە سامانی گشتییەوە بەهەدەر دراون. 

هاشمی دووپاتی كردەوە، لاوازیی چاودێری دامەزراوەیی وای كردووە ئەگەری دروستبوونی توانای دەوڵەت بۆ ریشەكێشكردنی لیژنە ئابوورییەكان كە كۆنترۆڵی گرێبەست و پڕۆژەكان و بەڵێندەرایەتی وەزارەكان دەكەن ئەگەرێكی ئەتۆی نەبێت، بەتایبەتی لەو ماوەیەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت لە 2022.

عەدنان حوسێن، نووسەری عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، عێراق لە گەندەڵترین وڵاتانی عەرەبییە و رەنگە جۆرێك لە خەیاڵكردن و دووربێت بێت كە وەزیر یان بریكارێك یان بەڕێوەبەرێكی گەندەڵ نەبینین، چونكە وا عێراق لەپێشەوەی لیستی وڵاتانی گەندەڵە لە جیهان لە بوارە جیاجیاكانەوە، ئاماژەی دەكات، لە عێراق هیچ جیاوازییەك لە نێوان گەندەڵێكی مێزەر لەسەر و بێ مێزەر نییە، هەمووان بەشدارن لە راكردنێكی ماوە درێژ لەپێناو گەیشتن بە پارە و پۆست و دەسەڵات. بۆیە عێراق پێویستی بە كاتێكی دوورودرێژ هەیە بۆ ئەوەی لە ریزبەندەكە بێتە خوارەوە.

زیاتر گوتی، ئەو حكوومەتەی ئێستە عێراق زیاتر لەوانەی پێشخۆی گرنگی بەو بابەتە دەدات، بەڵام تا ئێستە تەنیا لە قسەكردن تێی نەپەڕاندووە، ئەگەرچی وەك بەرپرسانی دەڵێن لە هەفتەی داهاتووەوە پلانی نەهێشتنی گەندەڵی كاری پێ دەكرێت كە كەم كەس متمانەی پێی هەیە، چونكە سەختە عێراق بێ بوونی گەندەڵی كارگێڕی و دارایی بێنیە پێش چاوی خۆت، واتە وەزیر فەرمان بە بەڕێوەبەرەكەی نەكات بە رێكخستنی كارەكان یان بەڕێوەبەرێك مامەڵە لەسەر پشكی خۆی نەكات لە گرێبەستێكی ملیۆنیدا، یان گرووپێكی سیاسی گفتوگۆی لەگەڵ یەكێكی تر نەكردبێت بۆ وەرگرتنی پۆستێكی حكوومەتی و بە چەند ملیۆن دۆلارێك نەیكڕیبێت، هەموو ئەوانە لە عێراق هەن. 

ئەو نووسەرە دەڵێت، عەبدولمەهدی رای گەیاند كە دەست بە جێبەجێكردنی پلانی نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن، واتە هەموو كەس بەدەر لە پۆست و پایەكەی دەگرێتەوە، كە ئەوەیش گومانی لەسەر هەیە و وا دەكات پڕۆژەكە جێبەجێ نەكرێت، چونكە كێشەی گەندەڵی لە عێراق تەنیا بوونی گەندەڵكاری ئاسایی نییە، بەڵكو ئەوان زۆرن و گەورە گەندەڵكارانیش بەرپرسن لە دەوڵەت لە وەزیر و بریكار و بەڕێوەبەری گشتی و سەرانی حزب و هاوپەیمانیەتییەكان و ئەوانەیش دژی خۆیان هیچ كارێك ناكەن. 

حوسێن دووپاتی دەكاتەوە كە لە عێراق یاسایەكی زێڕین لای گەندەڵكاران هەیە، ئەویش بێدەنگیم لێ بكە و لێت بێدەنگ دەبم، هەر لەسەر ئەو بنەمایەیش بوو كە لە دوای 2003ەوە تا ئێستە زیاتر لە شەش هەزار ملیار دۆلاری ئەمەریكایی لە پارەی نەوت دزراوە و زۆرینەی چووەتە حیساباتی بەرپرسانی حزبی بە ناوی ئەوەی ئەوان لەدژی دیكتاتۆریەتی بەعس و سەدام خەباتیان كردووە، راستییەكەیش ئەوەیە بەشێكیان بۆ یەك خولەكیش خەباتیان نییە و بەڵكو تا كۆتاییش لەگەڵ سەدام بوون.

ئەو نووسەرە دەڵێت، وەك دیارە عادل عەبدولمەهدی كەسی گونجاو نییە بۆ ئەو ئەركە سەختە یان ئەستەمە، چونكە لە نێوان سەركردە و سەرۆك هاوپەیمانیەتی و حزبەكان بەهێزترینیان نییە كە دەتوانن لەهەر ساتێك لەدژی رێككەون، بۆیە رەنگە پێویست بكات وەك چۆن لە هەندێك وڵات ئەنجام درا، ئەویش لەگەڵ گەندەڵكاران رێكبەكەوێت بۆ گەڕاندنەوەی بەشێك لەو پارانەی دزیویانە لە بەرانبەر لێخۆشبوونیان یان وەك قەرز بۆیان حیساب بكرێت و وادەی گەڕاندنەوەیان بۆ دیاری بكرێت، پێش دەچێت ئەو بیرۆكەیە خرابێتە روو، بەڵام چارەنووسی دیار نییە. 

رەنگە عەبدولمەهدی نیازی پاكی لەو بارەوە هەبێت، بەڵام متمانەیەكی زۆر بە قسەكانی حكوومەت نییە و زۆرینەی عێراقییەكان هەمان قسەی ئەو گەنجە دووبارە دەكەنەوە بەوەی،"نەهێشتنی گەندەڵیمان ناوێت.. بەڵكو پشكی خۆم لە گەندەڵی پێ بدەن". كە درووشمێكی لۆجیك و كردەنییە، چونكە ئەو پارەی گەندەڵكاران دزیویانە كە ساڵانە دەیان ملیار دۆلارە، ئەگەر وەك وشكە پارە بەسەر عێراقییەكان دابەش بكرێت یان وەبەرهێنانی تیادا بكرێت سوودی بۆ ملیۆنان هەژار و بێكار دەبوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل