له ساڵی 869 عه‌ره‌به ڕه‌شپێسته‌كانی باشووری ئێسته‌ی عێراق و نزیك شاری به‌سڕه دژی ده‌وڵه‌تی عه‌باسییه‌كان ده‌ستیان به شۆڕش كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌ك كۆیله له هۆر و زۆنگاوه‌كانی عێراق كاریان پێ ده‌كرا و له سه‌ربازگه‌ی زۆره‌ملێ نیشته‌جێ ده‌كران، شۆڕشه‌كه‌یان 12 ساڵ به‌رده‌وامی هه‌بوو و به ته‌واوی ده‌وڵه‌تی عه‌باسی ماندوو كرد و به ملیۆنان كه‌س به‌وهۆیه‌وه كوژران.
زه‌نج یان ڕه‌شپێسته‌كانی نزیك شاری به‌سڕه له سه‌رده‌مانی زووه‌وه وه‌ك كۆیله له ئه‌فریقاوه به‌ره‌و به‌سڕه هێنراون و له‌وێ وه‌ك كۆیله له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌وه كاریان پێ كراوه، به تایبه‌ت له هۆر و زۆنگاوه‌كانی عێراق كاریان كردووه، له پرۆژه‌كانی پاككردنه‌وه‌ی ئاوی زۆنگاوه‌كان و گۆڕینیان بۆ ئاوی شیرین به زۆر كاریان پێ كراوه و له سه‌ربازگه‌كانیش به‌ندكراون و له ژیانێكی زۆر خراپ دا گوزه‌رانیان كردووه و به شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرا و خراپترین و كه‌مترین خواردنیان پێ ده‌درا، له به‌رانبه‌ردا قورسترین كاریان ده‌كرد.
ئه‌و سه‌ربازگانه‌ی زه‌نجه‌كانیان لێ كۆ ده‌كرایه‌وه و له به‌ره‌به‌یانه‌وه به زۆر به‌ره‌و كار ده‌بران و ئێوارانیش ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ربازگه‌كان، وه‌كو به‌رمیله بارووتێك وابوو، هه‌موو كات ئاماده‌بوو بۆ ته‌قینه‌وه، تا دواجار له 869 ده‌ستیان به هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و شۆڕش دژی عه‌باسییه‌كان كرد.
كڵپه‌ی ئه‌و شۆڕشه به شیعر و هه‌ڵوێسته‌كانی شاعیرێكی گه‌وره‌ی ئه‌و سه‌رده‌م عه‌لی بن محه‌مه‌د ده‌ستی پێكرد، دوای ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی پێگه‌یشتنی په‌یامێكی ئاسمانی كرد، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی بگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر ڕێی ڕاست و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێنێت، ئه‌و خۆیشی یه‌كێك بوو له ڕه‌شپێسته‌كان، بۆیه سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌كه‌ی گرته ده‌ست.
ئه‌و شۆڕشه‌ی زه‌نجه‌كان ده‌ستیان پێكرد، تا ئێسته‌یش به یه‌كێك له خوێناوی‌ترین شۆڕش و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌كان دژ به ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وای ناوچه‌كه داده‌نرێت، زه‌نجه‌كان جه‌نگاوه‌ری زۆر به‌هێز و به ئه‌زموون بوون، سه‌ره‌تا بۆسه‌یان بۆ هێزه‌كانی حكوومه‌تی عه‌باسی دانا و سه‌رجه‌میان كوشتن، دواتر هێرشیان كرده سه‌ر گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری زۆنگاوه‌كان و پاشان به‌ره‌و به‌سڕه پێشڕه‌وییان كرد، تا دواجار توانیان له 871 به ته‌واوی ده‌ست به‌سه‌ر به‌سڕه‌دا بگرن و له‌وێ حكوومه‌تی تایبه‌ت به‌خۆیان ڕاگه‌یاند و هێزی ده‌ریایی و سیسته‌می باج و دراوی تایبه‌ت به‌خۆیان چاپ كرد.
عه‌باسییه‌كان زۆر په‌ست و نیگه‌ران و شپرزه بوون به‌م هه‌نگاوه‌ی زه‌نجه‌كان، بۆیه به‌رده‌وامبوون له هێرشكردنه سه‌ریان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه‌كان به گشتی و به‌سڕه به تایبه‌تی، چونكه به‌سڕه یه‌كێك بوو له گرنگترین شاره ستراتیجییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عه‌باسی و داهاتێكی زۆری بۆ گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت كۆ ده‌كرده‌وه.
حكوومه‌تی زه‌نجه‌كان تا 881 به‌رده‌وام بوو له فه‌رمانڕه‌وایی ناوچه‌كه، به‌ڵام دواجار عه‌باسییه‌كان گه‌وره‌ترین له‌شكریان ڕه‌وانه‌ی سه‌ر شاری به‌سڕه كرد و به گفتوگۆی نهێنی به‌شێك له سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی زه‌نجه‌كانیان به پاره هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و ناكۆكیان خسته ڕیزی زه‌نجه‌كانه‌وه و دواجار له 883 هێرشی فره‌وان بۆ سه‌ر به‌سڕه ده‌ستی پێكرد و ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری زه‌نجه‌كان كوژران له نێویان دا عه‌لی بن محه‌مه‌دی سه‌ركرده‌ی شۆڕشی زه‌نجه‌كان بوونی هه‌بوو.
عه‌لی بن محه‌مه‌د سه‌ركرده‌ی شۆڕشی زه‌نجه‌كان، به ڕه‌چه‌ڵه‌ك فارسێكی زه‌نج بوو، نه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری فارس و زه‌نجه‌كان بوو، كه پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی باشیان له‌گه‌ڵ فارسه‌كان هه‌بوو، ئه‌و ناوی له خۆی نابوو "زورا" تا ئێسته‌یش لای خه‌ڵكی ناوچه‌كه ناوی زورا وه‌ك پاڵه‌وانێكی جه‌نگ دێ، كه به ته‌واوی حوكمی به‌سڕه و ناوچه‌كانی باشووری عێراقی كردووه.
جیا له هۆكاری كۆیلایه‌تی و خراپی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زه‌نجه‌كان له‌لایه‌ن عه‌باسییه‌كان، هۆكارێكی تری ئه‌و شۆڕشه بۆ ڕوانگه‌ی سیاسیش ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه له‌و كاته توركه‌كان به ته‌واوی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عه‌باسی زاڵ ببوون و زه‌نجه‌كانیش كه نزیكایه‌تیان له‌گه‌ڵ فارس هه‌بوو، به هاندان و پشتیوانی ئه‌وان شۆڕ‌شیان به‌رپا كرد، تا ده‌سه‌ڵاتی فارسه‌كان له ده‌وڵه‌تی عه‌باسییه‌كان بگه‌ڕێننه‌وه و گورزێك له توركه‌كان بده‌ن و په‌یامێكی ڕوونیش بۆ خه‌لیفه‌ی عه‌باسی بنێرن، كه په‌راوێزخستنی فارسه‌كن كاره‌ساتی له‌مشێوه‌یه به‌دوای خۆی دا ده‌هێنێت.
شۆڕشه‌كه له سه‌رده‌می خه‌لیفه موعته‌مید ده‌ستی پێكرد و له‌لایه‌ن ئه‌بی ئه‌حمه‌دی برای و موه‌فه‌قی كوڕی ته‌لحه سه‌ركردایه‌تی سوپای عه‌باسییه‌كان كرا و شۆڕشی زه‌نجه‌كان له‌ناوبرا و سه‌ركرده‌كه‌یان كۆتایی پێ هێنرا.
به گوێره‌ی سه‌رجه‌م سه‌رچاوه باوه‌ڕپێكراوه‌كان، له ئه‌نجامی ئه‌و شۆڕشه‌ی زه‌نجه‌كان و به‌رده‌وامی بۆ ماوه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه، ژماره‌ی كوژراوان زۆر و بێ‌شومار بوو و به گشتی به 500 هه‌زار كوژراو ده‌خه‌ملێنرێت، ئه‌مه جیا له ڕاوه‌دوونان و كۆچكردنی خه‌ڵكی ناوچه‌كه كه به سه‌دان هه‌زاریان په‌ڕاگه‌نده‌ی ناوچه‌كانی فارسی نشین و كوێتی ئێسته و شاره‌كانی تری عێراق بوون، ئێسته‌یش پاشماوه‌ی زه‌نجه‌كان له عێراق ماون و به ئاسایی له به‌سڕه و باشووری عێراق ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.