چوارشەممە سووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە دەچێت

:: PM:02:02:19/03/2019 ‌

 

رێورەسمی  چوارشەممە سووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کرد. رێورەسمەکە هەموو ساڵێک رۆژێک  بەر لە دوایین چوارشەممەی ساڵ بەڕێوەدەچێت.

 

ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئاداری 2019 هاوکاتە لەگەڵ 28ی رەشەمێی ساڵی 2718ی کوردی  و سبەی چوارشەم بە دوایین چوارشەممەی ساڵی کوردی هەژمار دەکرێت.

 

بەگوێرەی نەریتێكی كۆنی كوردەواری و بەشێك لە گەلانی نیشتەجێی ئێران، هەموو ساڵێك چەند رۆژێك بەر لە هاتنی ساڵی نوێ و دەستپێكردنی جەژنی نەورۆز، رێوڕەسمێكی تایبەت بە چوارشەممە سووری بەڕێوە دەچێت.

 

رێوڕەسمەكە سەرەتا بە بەخشینی دیاری بە منداڵان لە دوانیوەڕۆدا دەست پێ دەكات. منداڵانی گەڕەك لە كاتێكدا توورەکەیان بەدەستەوەیە، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن بۆ ئەوەی دیارییان پێشكەش بكرێت.  پێدانی هێلكەی رەنگاورەنگ، کێک و بسکیت، چپس و گوێز، سنجوو، برێشكە و پارە، ئەو دیارییانەن كە دەدرێنە منداڵان. لە گوندەکان رێورەسمەکە گەرم و گوڕتر لە شارەکان بەڕێوەدەچێت.

 

منداڵان دروشم و هۆنراوەی تایبەتی دەڵێنەوە كە لە باب و باپیرانیان بۆیان ماوەتەوە. "سەری ساڵێ و بنی ساڵێ، خوا پێتان بێڵێ گەورەی ماڵێ."  "هەنووکان و مەنووکان.. دایک و باوکی جندووکان.. ناردوویانم بۆ هێلکان."

 

لەگەڵ تاریكبوونی كەشوهەوا لە سەرجەم گوند و گەڕەك و شارۆكەكان ئاگر دەكرێتەوە. دواتر گەنجان و تەنانەت كەسانی بە تەمەنیش بە رێكخستنی نمایش و رازاندنەوەی "شەمۆ"  و هەندێك جاریش بە لەبەركردنی جلوبەرگی ژنان و سەماكردن لەكاتێكدا دەمامكیان پۆشیوە بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و لە بەرامبەر بەخشینی خۆشی و شادی، دیاری وەردەگرن.

 

پێشتر كە سەربانەكان نزم بوون و سەقفی هەموو ماڵێک کولانەیەکی تێدابوو، گەنجان لە سەربانەوە پشتێندیان شۆڕ دەكردەوە و داوای دیارییان دەكرد. ئەوانەش هۆنراوەی تایبەت بە خۆیان دەگوتەوە. "جاڵجاڵۆكە بە حەواوە.... سەدوسی سوار راوەستاوە..... خوا كوڕەكەتان بكات بە زاوا."

 

لە خوارەوەش بە پێشکەشکردنی دیاری رەنگاورەنگ چوارشەممەسووری پیرۆز دەکەن. چوارشەممە سووری دەرفەتێکی زۆر لەبارە بۆ کیژان و کوڕانی گەنجیش بۆ ئەوەی لەم شەوەدا دیاری پێشکەش بە یەکتر بکەن و پەیمانی خۆشەویستی نوێ بکەنەوە.

 

هەندێك ساڵ حكوومەتی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەكە لەمپەر دروست دەكات، بەڵام بە درێژایی مێژوو هیچ لەمپەرێك خەڵكی لە بەڕێوەبردنی بۆنە نەتەوەیییەكان سارد نەكردووەتەوە.

 

لەم چەند ساڵەی دوایی لەگەڵ ئەو نەریتە كۆنانە یاری ئاگری دەكرێت و تریقەی جۆراوجۆر دەتەقێنرێتەوە و ئەمەش بووەتە مایەی مەترسی بۆسەر خەڵك. ساڵی رابردوو لە رۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی تری ئێران  بەهۆی یارییە ئاگرینەكان و تریقەی جیاواز دوو هەزار و 600كەس بریندار بوون و كەسێكیش گیانی لەدەست دا.

 

لە چەند رۆژی رابردوودا چالاکان و رێکخراوەکان بە بڵاوکردنەوەی رێنمایی داوایان لە خەڵکی کردووە لە تریقە و یارییە ئاگرینەکان دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی هیچ رووداوێکی دڵتەزێن جەژنەکەیان لێ تێک نەدات.

 

یەکێک لە هیواکانی منداڵان ئەوەیە ئەم رۆژە کەشوهەوا لەبار بێت بۆ ئەوەی زیاتر چێژ لە گەڕان و وەرگرتنی دیارییەکان وەربگرن بەڵام  ئەمڕۆ لە هەندێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بارینی بەفر دەستی پێ کردووە و لەکاتێکدا بەفرێکی قورس دەبارێت منداڵان ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و دیاری وەردەگرن.







وشە - سلێمان تاشان