کەمتر لە دوو رۆژ ماوە ساڵی نوێی کوردی دەست
پێ بکات. ساڵی کوردی بەگوێرەی سووڕانەوەی زەوییە بە دەوری خۆر و ساڵانە لەگەڵ
دەستپێکردنی وەرزی بەهار دەگۆڕدرێت.
گۆڕینی ساڵ لە سەعاتێکی دیاریکراودا نییە و
هەموو ساڵێک لە ساتێکی جیاوازدا دەگۆڕدرێت. ئێستە ساڵی 2718ی کوردییە و رۆژی پێنجشەم پێ دەنێینە ساڵی 2719ی کوردی.
ساڵی نوێی کوردی سەعات 58خولەک و 27 چرکەی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەم 21ی ئادار بە کاتی هەولێر و سەعات یەک و 28خولەک و 27 چرکە بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگۆڕدرێت.
ساڵێک بریتییە لە 365رۆژ و پێنج سەعات و 48 خولەک و 45 چرکە و هەر کاتێک ئەمە تەواو بوو دەچینە نێو ساڵێکی نوێوە. هەڵبەت
یاسایەکی تر هەیە لە گۆڕینی ساڵ و ئەویش هەر چوار ساڵ جارێک روو دەدات کە بە ساڵی
کەبیسە ناسراوە و ژمارەی رۆژەکانی ساڵەکە دوای کۆکردنەوەی سەعەتەکان دەگەیەنرێتە 366رۆژ. دواجار لە ساڵی 2716 ژمارەی رۆژەکانی ساڵ 366 رۆژ بوو و بەو
هاوکێشەیە بۆمان دەردەکەوێت ساڵی نوێی کوردی ژمارەی رۆژەکانی دەبێت بە 366رۆژ.
کلتوورێک کە لە نیو کورد و گەلانی تری ئێرانیش
باوە کۆبوونەوەی خێزانە لەسەر "سفرەی حەوت سین" لەکاتی گۆڕینی ساڵ. ئەمە
خۆشترین ساتە کە ماڵئاوایی لە ساڵی کۆن دەکەن و ساڵی نوێ بە هیوا و ئاواتێکی نوێوە
دەست پێ دەکەن و دەپاڕێنەوە ساڵی نوێیان پڕ بێت لە خۆشی و شادی و ئاواتەکانیان
بەدی بێت.
سێو، سککە، سیر، سماق، سنجوو، سەوزە، سینی
حەوت شتن کە بە س دەست پێ دەکەن و لەسەر سفرە دادەنرێت. جگەلەمانە شیرینی و میوە و
فستق و ئاوێنە و کتێبی قورئانیش دادەنرێت.
دامەزراندنی دەوڵەتی ماد بە دەستپێکی مێژووی
کوردی هەژمار دەکرێت کە 700 ساڵ بەر لە زایین رووی داوە.