پۆڵەندا.. كوردێك خەڵاتی باشترین توێژینەوەكانی ساڵ وەردەگرێت

:: PM:05:19:19/03/2019 ‌

د. حەسەن عەلی سوڵتان، قوتابی دكتۆرا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی پۆزنان لە پۆڵەندا و بەهێزی نامەی دكتۆراكەی سەرنجی چەند دامەزراوەیەكی گەورەی پۆڵەندای بەلای خۆیدا راكێشا و وەك باشترین پێنج توێژینەوەی ساڵی 2018 هاتە هەڵبژاردن. 

ڕێكخراوی زانستی The European Community on Computational Methods in Applied Sciences (ECCOMAS)، كە بنكەی سەرەكی لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیایە، ساڵانە پێشبڕكێی باشترین پێنج توێژینەوەی شارەكانی ئەوروپا ڕێكدەخات.

شایەنی باسە بۆ ساڵی ٢٠١٨، ڕێكخراوەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی پۆڵەندی Polish Association of Computational Mechanics لیستی پێنج باشترین توێژینەوەی ساڵیان دیاری كرد و تێیدا نامەی دكتۆرای حەسەن عەلی وەك چوارەم باشترین توێژینەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ هەڵبژێردرا لەسەر ئاستی پۆڵەندا.

توێژینەوەكەی د. حەسەن باس لە بەرگری باڵەخانەكان دەكات بەرامبەر بۆمب و تەقینەوە. ئەم توێژینەوە سوودێكی گەورە دەگەینێت بە كەرتی سەربازی لە جیهاندا بە گشتی و لە كوردستان و عێراق بەتایبەتی. لە لایەكی ترەوە سەلامەتییەكی زیاتر دەدات بە هاووڵاتییان.

لای خۆیەوە زیاد ڕەئووف، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا ئەم توێژینەوە و سەركەوتنەی د. حەسەن عەلی بەرز نرخاند و هیوای خواست كە قوتابیانی كورد بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی تواناكانی خۆیاندا بن و بە هەموانی پێشان بدەن كە تاكی كورد دەتوانێت جیهان بەرەوپێش ببات.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل