جه‌نگیز چانده‌ر كه‌سایه‌تى سیاسیی دیاری توركیا، پێی وایه ئه‌وه‌ى له 2016 به‌ناوی كوده‌تا رووی دا، شانۆیه‌ك بووه و هیچی تر، له‌باره‌ى دۆخی ئابووریی وڵاته‌كه‌یشی كه به‌هۆی گرژی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ناجێگیره، ده‌ڵێ "توركیا له ته‌نگژه‌دایه".
جه‌نگیز كه راوێژكاری توركۆت ئۆزال سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشتری توركیا بووه و به‌شداری له دیداری هه‌ولێر كردبوو، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا به‌راوردی نێوان ئۆزال و ئه‌ردۆغان ده‌كات و ده‌ڵێ، ئۆزال له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوو عێراق ببێت به وڵاتێكی فیدڕاڵ، به‌ڵام ئه‌ردۆغان دژی فیدڕاڵی كوردستانه و پرسی كرانه‌وه به رووی كوردیشدا له باكوری كوردستان لاى ئه‌و تاكتیك بووه نه‌ك ستراتیج.
ئێوه راوێژكاری توركۆت ئۆزال بوون، ئه‌وكات سیاسه‌تى كرانه‌وه به رووی كورد هه‌بوو، له سه‌رده‌می ئه‌ردۆغانیش ئه‌و كرانه‌وه‌یه هه‌بوو، به‌ڵام هیچیان نه‌گه‌یشت به ئه‌نجام، جیاوازیی نێوان هه‌ردوو كرانه‌وه چین؟
له سه‌رده‌می سه‌رۆك توركۆت ئۆزال و سه‌رۆكى ئێسته‌ى توركیا، جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ری هه‌بوو له رووی كرانه‌وه به رووی كورد و پێكهاته‌ى عێراق كه جیاوازییه‌كی تیۆری بوو. توركۆت ئۆزال له‌گه‌ڵ فیدڕاڵی بۆ كورد بوو له عێراق له نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، به‌ڵام سه‌رۆك ئه‌ردۆغان كه ئێسته سه‌رۆكى توركیایه، دژی فیدڕاڵییه بۆ كورد له عێراق، ته‌نانه‌ت بۆ سووریاش هه‌مان بۆچوونی هه‌یه به‌رانبه‌ر به كورد.
پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ كوردستان له سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌كاندا، پێوه‌ندییه‌كی ناچاری بووه له رووی بازرگانی و ئابوورییه‌وه، ئه‌مه‌شمان بینی له‌وكاته‌ى كوردستان ریفراندۆمی ئه‌نجام دا، په‌رچه‌كرداری ئه‌ردۆغان دیار بوو كه ده‌ربڕی بۆچوونی كلاسیكی ده‌وڵه‌تى توركیا بوو دژ به فیدڕاڵی كوردستان.
ئێسته ئێمه له قۆناغی ئاساییكردنه‌وه‌ى پێوهندییهكانداین له نێوان توركیا و كوردستان، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ته قۆناغی پێش ریفراندۆم، ئه‌مه‌ش جیاوازییه ریشهییهكهیه له نێوان باوه‌ڕی توركۆت ئۆزال و ئه‌ردۆغان له‌باره‌ى پرسی كورد.
كه‌واته مه‌به‌ستته بڵێی باوه‌ڕێك لاى توركۆت ئۆزال هه‌بوو، ئه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان باوه‌ڕێكی كاتی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی بازرگانی و ئابوورییه؟
جیاوازییه‌كی ریشه‌یی و بنه‌ڕه‌تی هه‌یه له نێوان هه‌ردوو نموونه‌دا، چونكه توركۆت ئۆزال له رووی تیۆری و سیاسییه‌وه له هێڵی نه‌ته‌وه‌یی توركی نه‌بووه، به‌ڵام ده‌وڵه‌تى ئێسته‌ى توركیا له رووی ئایدۆلۆجی و تیۆرییه‌وه ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی توركییه و سیاسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌ییش پێڕه‌و ده‌كات، له‌گه‌ڵ دوو كات و سه‌رده‌می جیاوازدا، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات بڵێین پێوه‌ندی ئێسته‌ى نێوان ئه‌نكه‌ره و هه‌ولێر زیاتر پێوه‌ندییه‌كی بازرگانی و ئابوورییه.
به‌ڵام ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان دوای گرتنه ده‌ستى ده‌سه‌ڵات له ناوخۆی توركیا كرانه‌وه‌ی به رووی كورد هه‌بوو، كۆمه‌ڵێك هه‌نگاویشی هه‌ڵگرت، به‌ڵام دواتر پرۆسه‌كه وه‌ستاوه و ئێسته‌یش له پاشه‌كشه‌دایه، بۆچوونی ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و كرانه‌وه‌یه چییه و بۆچی وه‌ستا؟
ئه‌و پرسه زۆر قسه هه‌ڵده‌گرێت و به چه‌ند رسته‌یه‌ك ناتوانی وه‌ڵام بده‌یته‌وه، به‌ڵام پرۆسه‌كه شكستى هێنا. گرنگترین هۆی شكسته‌كه گۆڕانكاری و پێشوه‌چوونه‌كانی سووریا بوو، له‌گه‌ڵ حیسابی سیاسیی ئه‌ردۆغان بۆ گرتنه ده‌ستى ده‌سه‌ڵات و گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانی له توركیا بۆ سه‌رۆكایه‌تیى، ئه‌و دوو پرسه، واته پرسی كرانه‌وه به رووی كورد و پرسی بوون به سه‌رۆك كۆمار، دوو پرسی ته‌واو جیاواز بوون و یه‌كیان نه‌ده‌گرته‌وه.
له هه‌ڵبژاردنى ئه‌وكاتیش نوێنه‌رانی كورد كه به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردن كرد، له رووی سیاسیشه‌وه له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تى په‌كه‌كه بوون و زیاتر 13% ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا، بوون به رێگر له به‌رده‌م ئه‌ردۆغان كه ده‌ستوور بگۆڕێت بۆ سه‌رۆكایه‌تیى، بۆیه ئه‌ردۆغان وا بیری كرده‌وه پرۆسه‌ى ئاشتى به رووی كورد، سوودی لێ وه‌رناگیرێت، به‌ڵكو حزبه كوردییه‌كه زیاتر سوودی لێ وه‌رده‌گرێت، ئیتر سیاسه‌ته‌كه‌ی گۆڕی و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان ئه‌نجام دا.
به بۆچوونی ئێوه ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په كه زۆرترین ده‌نگی كوردی باكوری به‌ده‌ست هێنا، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان ئه‌نجام بدایه، سیاسه‌تى كرانه‌وه به رووی كورد به‌رده‌وامی پێ ده‌درا؟
نه‌خێر، چونكه سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیى خۆی له‌گه‌ڵ كرانه‌وه به رووی كورد نه‌ده‌گونجا، به‌و پێیه‌ى سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیى مه‌ركه‌زییه و پرسی كوردیش پێویستى به كرانه‌وه و لامه‌ركه‌زی هه‌یه، بۆیه ئه‌ردۆغان سیاسه‌تى كرانه‌وه‌ی به رووی كورد له رووی ستراتیجه‌وه پێڕه‌و نه‌كردووه هێنده‌ى وه‌ك ته‌كتیكێك بووه، ئه‌مه‌ش وایكرد به‌رده‌وامی پێ نه‌دات.
كه‌واته هیچ روانگه‌یه‌ك لای ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێسته‌ى توركیا به رووی كورد نییه؟
بێگومان لاى بژارده‌ى ئێسته‌ى ده‌سه‌ڵاتداری تورك نییه.
وه‌ك ده‌زانن دۆخی ئابووری توركیا به ناجێگریدا تێده‌په‌ڕێت و پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا گرژی تێكه‌وتووه، ئایا ئه‌ردۆغان ده‌توانێ توركیا له‌و دۆخه رزگار بكات؟
توركیا ئه‌گه‌ر ئێسته له ته‌نگژه‌ى دارایی و ئابووریدا نه‌بێت، ئه‌وا به‌و ئاراسته‌یه هه‌نگاو ده‌نێت و ئه‌ردۆغانیش ناتوانێ رزگاری بكات. ئه‌و گرژییه‌ى هه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت، داهاتووی ئابووری توركیا روو له لێژییه.
مه‌به‌ستمه بپرسم كوده‌تاكه‌ی 2016 له دیدی خۆتان وه‌ك سیاسه‌توان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ كوده‌تای تر به‌منزیكانه روو ده‌دات؟
له دیدی من شتێك نه‌بووه ناوی كوده‌تا بێت و ئه‌وه‌ى رووی دا شانۆگه‌رییه‌ك بوو به‌هۆیه‌وه كۆمه‌ڵێك كه‌س خرانه گرتووخانه.
بۆچوونت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كانی توركیا چییه كه له كۆتایی ئه‌و مانگه ئه‌نجام ده‌درێت؟
ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان شاره گه‌وره‌كان وه‌ك ئیستانبوڵ و ئه‌نكه‌ره و ئیزمیر له ده‌ست بدات، ئه‌وا ده‌ست ده‌كات به پرۆسه‌ى بێده‌نگكردنی خه‌ڵكی توركیا له چوار پێنج ساڵی داهاتوودا، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیسته‌می توركیا نابێت، چونكه توركیا بووه‌ته وڵاتێكی نیمچه دیكتاتۆری.
له‌باره‌ى سووریا ئه‌گه‌ر پرسیار بكه‌م، توركیا ئاماده‌كاری بۆ ئۆپراسیۆنى سه‌ربازی ده‌كات، به بۆچوونی ئێوه ئه‌وه روو ده‌دات؟
هه‌تا یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له رۆژئاوای كوردستان بمێنێته‌وه، توركیا ئۆپراسیۆنى سه‌ربازی ئه‌نجام نادات، بۆیه باسكردنى مانه‌وه‌ى 200 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی مانای ئه‌وه‌یه ئۆپراسیۆنى سه‌ربازی روو نادات. چونكه مانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا جیاوازه له‌وه‌ى رووسیا و ئه‌وه‌ى له عه‌فرین رووی دا، به‌وه‌ی به‌لای رووسیا هاوكێشه‌كان جیاوازییان هه‌یه و ئه‌وان خۆیان ده‌رگه‌یان بۆ توركیا كرده‌وه بێته ناو عه‌فرین.
*كرانه‌وه به رووی كورد لاى ئه‌ردۆغان تاكتیك بوو نه‌ك ستراتیج