رێژەی كوشتن لە هەڵكشاندایە

:: PM:07:39:19/03/2019 ‌

بەم دواییە لە سەرانسەری دنیا رێژەی كوشتن لە هەڵكشاندایە و ئەوانەی لە میدیاكان دێنە راگەیاندن مشتێكن لە خەروارێك، ئەمڕۆ لە نەرویج كەسێك بە چەقۆ چوار كەسی لە قوتابخانەیەك بریندار كردووە و لە میسریش گەنجێك چوار كەسی كوشتووە و سێشی بریندار كردووە.

دوێنێ لە شاری ئۆتراخت لە هۆڵەندا كەسێك لەناو ترەم تەقەی لە كۆمەڵێك خەڵك كرد و سێ كەسی كوشت و پێنجی تری بریندار كرد، وێڕای شێواندنی دۆخی شارەكە كە هۆڵەندا یەكێكە لە ئارامترین شوێنەكانی ئەوروپا، كەسوكاری گوتیان كوڕەكەیان تەقەی لە كەسێكی ناسیاوی خۆی كردووە و دۆخی دەروونی خراپە.

ئەمڕۆ پۆلیسی نەرویج دووپاتی كردەوە كە كەسێك هێرشی كردووەتە سەر قوتابخانەیەك لە ئۆسلۆی پایەتەخت و مامۆستایەك و سێ كرێكاری بریندار كردووە، هێرشبەرەكە گیراوە و برینی بریندارەكانیش سووكە، بێ روونكردنەوەی هۆكاری هێرشەكە.

لە میسر ئەمڕۆ سێشەم هاووڵاتییەكی میسری لە پارێزگای جیزە كوشتارگەیەكی دروست كرد دوای ئەوەی تەقەی لە ئەندامانی خێزانەكەی خۆی و دواتر لە هاووڵاتییانی شەقام كرد و بەو هۆیەوە چوار كەسی كوشت و سێ كەسیشی بریندار كرد.

وەك میدیاكانی میسڕ بڵاویان كردەوە هێزەكانی پۆلیس ئەو گەنجەیان كوشتووە كە خۆی رادەست نەكردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل