پەرلەمانتاران: بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەكانی تر پێویستە هەرێم نەوت بداتە بەغدا

:: PM:10:02:19/03/2019 ‌

پەرلەمانتارانی كورد دووپاتی دەكەنەوە كە رەوانەكردنی شایستە داراییەكان لە چوارچێوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق جگە لە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، بە رادەستكردنی هەرێم بۆ ئەوە بڕە نەوتەی بۆی دیاریكراوە بەستراوەتەوە، بۆیە ئەگەر هەرێم ئەو بڕە نەوتە نەداتە بەغدا، شایستە داراییەكان رەوانە ناكرێت.

بەپێی یاسایی بودجەی گشتیی 2019ی عێراق، جیا لەو پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پێشمەرگە تەرخان كراوە، بۆ ئەوەی پشكی بودجەی هەرێم رەوانە بكرێت، پێویستە هەرێمی كوردستان مانگانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بداتە بەغدا.

ئارەزوو مەحموود, ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم بە"وشە"ی راگەیاند, مەرجی پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە پێدانی ئەو بڕە نەوتەیە كە بۆی دیاری كراوە لە یاسای بودجەی ٢٠١٩, بۆیە خەرجكردنی ئەو شایستانە بەستراوە بەو نەوتەوە.

زیاتر گوتی, ئەگەر هەرێم ئەو نەوتەی رادەستی بەغدا نەكرد وەك وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كە هەرێم تا ئێستە نەوتی نەداوە, ئەوا بەغدا هیچكام لە شایستە داراییەكانی هەرێم نادات و لەو حاڵەتەش هاووڵاتییان زیان دەكەن. 

لای خۆیەوە میران محەمەد, ئەندامێكی تری پەرلەمانی عێراق بە"وشە"ی راگەیاند, ئەگەر نەوت رادەستی بەغدا نەكرێت، لە كۆی ١٠ تریلیۆن دینار، تەنیا نزیكەی شەش تریلیۆن دینار دەدرێت كە مووچەی فەرمانبەرانە.

ئاماژەی كرد، شایستە داراییەكانی هەرێم پارەی گومرگ و بەركەوتەی بەڵێندەران و سنوورەكان و پەرەپێدانی پارێزگاكان و پارەی كۆمپانیاكانی نەوت دەگرێتەوە, بۆیە ئەگەر بەغدا پارەی ئەوانە نەدا، دۆخێكی نائاسایی دروست دەبێت لە كەرتەكانی تر، بە تایبەت بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان كە بۆ پڕۆژەكانە و راستەوخۆ پێوەندی بە هاووڵاتییانەوە هەیە. بۆیە شایستە داراییەكان تەنیا مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و قەرەبووی زیانە سروشتییەكان و بەشە خۆراك ناگرێتەوە, میران وای گوت.

بەپێی بەرپرسانی عێراق یەكێك لەوانە سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق، لە ماوەی داهاتوو گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ پرسی رێكخستنەوەی پێوەندییەكانی نەوتی هەردوولا و پرسەكانیتریش دەست پێ دەكات، تەنانەت باسی سەردانێكی عادل عەبدولمەهدی بۆ هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە رەنگە دواكەوتنی پێكهاتنی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پرسەكەی دواخستبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل