عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی كەركووك دەگەیەنێتە 600 بۆ 700 هەزار بەرمیل

:: PM:11:38:19/03/2019 ‌

وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كە كە پلانێكیان ئامادە كردووە بۆ راكێشانی بۆڕییەكی تری نەوت لە كێڵگەكانی كەركووكەوە بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا كە توانای هەناردنی دەگاتە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رۆژانە.

سامر غەزبان، ئەمڕۆ سێشەم بە رۆژنامەی "سەباح"ی فەرمی عێراقی راگەیاندووە كە كەركووك لە دوای گەڕانەوەی بۆ ژێر دەستی بەغدا رۆژانە 380 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بەرهەم دێنێت كە 80 هەزار بەرمیلی بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا هەناردە دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئێستە وەزارەتی نەوت تەندەرەكان وەردەگرێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و بۆڕیەكە بە تۆڕی نەوتی نیشتیمانییەوە دەبەسترێتەوە، چونكە ئێستە كەركووك ئەو بڕە نەوتە بەرهەم ناهێنێت دووپاتی كردەوە كە پلانێكیش هەیە لە رێگەی هاریكاری لەگەڵ كۆمپانیای "بی پی"ی بەریتانی بۆ هەڵسەنگاندنی توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی كەركووك و بەرزكردنەوەیان بۆ 600 تا 700 هەزار بەرمیلی رۆژانە. 

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی كرد كە وەزارەتەكە سەرقاڵی كاری نۆژەنكردنەوە و زیادكردنی بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی كەركووكە، بەتایبەتی بای حەسەن و كێڵگە بچووكەكانی تر و چاككردنەوەی بۆڕییەكان و كۆمپانیای نەوتی باكور سەرەڕای سەختییەكان نزیك بووەتەوە لە چاككردنەوەی بۆڕی گواستەوەی نەوتی كەركووك بۆ پاڵاوگەی حەدیسە بۆ ئەوەی چیتر پشت بە گواستنەوەی تانكەر نەبەسترێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل