وێڕای تۆمەتباركردنی بە مادەی هۆشبەر ئەساڵە توانی بچێتە لبنان

:: AM:11:18:20/03/2019 ‌

دوای ئەوەی گۆرانیبێژی ناوداری عەرەبی ئەساڵە نەسری لە 2016 بەتۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لە لبنان كە بەسەریدا بڕابوو، بڕیاری دا ئیتر بەهیچ شێوەیەك نەچێتە لبنان، كەچی ئێستە لە لبنانە و بەنیازی تۆماركردنی بەرنامەیەكی دیدارییە.

پێگەی "فەرفیش" هەواڵێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، دوای ئەوەی ئەساڵە نەسری لە ساڵی 2016 كە ویستوویەتی لە لبنان لە فڕۆكەخانەی رەفیق حەریری گەشت بكات، بڕێك مادەی هۆشبەر لە جانتاكەی گیراوە، ئەوكات زۆرترین قسەوباس لەبارەیەوە بڵاو بوونەوە و ئەساڵەیش رای گەیاندبوو كە تووشی جەنگێكی نهێنی بووە و كەسانێك دژایەتیی دەكەن. بۆیە ئیتر بەهیچ شێوەیەك ناچێتەوە بۆ لبنان.

هەر ئەوكات لە چەندان سەرچاوەوە بڵاو كرایەوە كە ئەساڵە نەیهێشتووە پشكنینی تایبەت بە هۆشبەری بۆ بكرێت، هەروەها ئەوەش بڵاو كرایەوە گوایە لە رێی چەند كەسێكی ناودارەوە ویستوویەتی مامەڵە بەمادەی هۆشبەر بكات، كەچی هەر ئەوكاتیش ئازاد كرا.

بەپێی هەواڵەكەی "فەرفیش"، ئێستەیش ئەساڵە لە ڕێی دیزاینەری ناوداری لبنانی نیكۆڵا جبران لە لبنان پێشوازیی لێ كراوە تا لە بەرنامەیەكی دیداریی لەگەڵ راگەیاندكاری ناودار نیشان بەشداری بكات. ئەساڵە بۆ ئەو گەشتەی بۆ لبنان، لەگەڵ هاوسەرەكەی دەرهێنەر تاریق ئەلعریان ئێستە لەو وڵاتەیە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە كە ئەساڵە ئێستە لە لبنانە، لە چەندان سەرچاوەوە بڵاو كرایەوە تەنیا ئەوەندەی ئێستە ئەساڵە لە لبنانە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەوەی پێشتر لەبارەی هۆشبەرەوە بڵاو كرایەوە، راستییەكی تێدا نییە.

ئەساڵە نەسری لە ساڵی 1969 لە سووریا لە دایك بووە و لە دیمەشق پەروەردە بووە، دەكاتە كچی هونەرمەند مستەفا نەسری كە یەكێك بووە لە گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و موزیكوانە ناودارەكانی سووریا. لە منداڵییەوە بەهاوكاریی باوكی دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە و لەسەر تەختەی شانۆ دەستی بە گۆرانیگوتن كردووە. تا ئێستە خاوەنی دەیان گۆرانییە كە زۆربەیانی كلیپ كردووە، جیا لەو كۆنێسترانەی لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا  كردوونی. هاوكات دەیان خەڵاتی عەرەبی و دنیایی وەرگرتووە و بە یەكێك لە ئەستێرە زۆر دیارەكانی گۆرانیی عەرەبی هەژمار دەكرێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د