ژنێك لە هەوڵێكی كوشتن خۆی رزگار دەكات و داوای پاراستنی دەكات

:: PM:01:40:20/03/2019 ‌
ژنێك لە هەولێر رای دەگەیەنێت كە هاوسەرەكەی بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەری و هەوڵی كوشتنی داوە، بەڵام دراوسێكانی فریای كەوتوون و رزگاریان كردووە، بۆیە سێ ڕۆژ دواتر ژنەكە ماڵ جێدێڵێت و هاوسەرەكەیشی ماڵەكە هەڕاج دەكات و خۆیشی ون دەكات. بەڵام شلێر سكاڵای تۆمار كردووە و پارێزەری گرتووە بۆ جیابوونەوە و سەرەتای مانگی نیسان یەكەم دانیشتنی دادگا بەڕێوە دەچێت.

شلێر ساڵح /٣١ ساڵ/ خاوەنی كوڕێكی چوار ساڵانە و ماوەی حەوت ساڵە هاوسەرگیری لەگەڵ "جەمال" كردووە، وەك خۆی باسی دەكات، "جەمال قاچاخچی بووە و لە ئێران و توركیا كاری قاچاخچێتی كردووە"، بەڵام نایشارێتەوە كە تا ساڵێك دوای هاوسەرگیری نەیزانیوە هاوسەری قاچاخچییە. 

شلێر لەسەر داوای خۆی لە "وشە" كێشەكەی دەخاتە ڕوو و رای دەگەیەنێت، لە دەرگەی زۆر ڕێكخراوی پاراستنی مافی ژنی داوە، بەڵام هیچیان برینێكیان بۆ ساڕێژ نەكردووە. بۆیە ددان بە بێكەسی خۆیدا دەنێت و داوای بەهاناوەچوون دەكات.

وەك شلێر دەڵێ، "لە ماوەی هاوسەرگیری جەمال چەند جارێك بە چەند مانگ منی جێهێشتووە و چووەتە توركیا بۆ كاری قچاخچێتی، یەكەم جار كە چوو بۆ توركیا 10 مانگ نەهاتەوە و ناچار لەگەڵ ماڵی براگەورەكەی ژیام، وەك بەندكراو وابووم و ئەویش كەس نەیدەزانی چی دەكات، دواتر زانیم قاچاخچییە، كاتێك دەمگوت بگەڕێرەوە، هەزار قسەی ناشیرینی پێ دەگوتم و مۆبایلی بەسەر دادەخستم، لەبەرئەوەی برام نییە و دایكیشم نەماوە و باوكیشم زۆر بەتەمەنە، كەس نەبوو یارمەتیم بدات، ئەویش زیاتر سوودی لەو بێكەسییەم وەرگرت".

بەهۆی زۆری هاتوچۆی جەمال بۆ توركیا و ئێران، خوشكەكانی شلێر ماڵەكەی لە سلێمانییەوە دەگوزانەوە بۆ هەولێر، ماوەی دوو ساڵ لە هەولێر دەژین، خوشكەكانی سەرپەرشتی دەكەن و بەپێی قسەكانی شلێر، "لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا هاوسەرەكەی هەشت جار جێی هێشتووە بێ ئەوەی هیچ خەرجییەكی بكێشێت". 

ئەو ژنە گەنجە ئەوەش دەخاتە ڕوو كە قاچاخچێتییەكەی جەمال دیسان ئەمی كردووە بە قوربانی و وەك خۆی گوتی، "ئەوكاتانەی لە هەولێر بوو، خەڵكی كۆ دەكردەوە بە قاچاخ بیانبات بۆ دەرەوە، بۆیە هەر جارە و كۆمەڵە كەسێكی دەهێنایەوە ماڵ و بەمنی دەگوت بڕۆ ماڵی خوشكت تا هەفتەیەك مەیەوە".

شلێر لە باسكردنی كێشەكەیدا هەر دووبارەی دەكردەوە كە لەگەڵ هەر كێشەیەكی بچووك كە لە نێوان هەر ژن و مێردێك ڕوو دەدات، جەمال لێی داوە و جنێوی ناشیرینی پێ داوە. زیاتر گوتی "چەندجار بە سەرخۆشی ویستوویەتی من و كوڕەكەم بكوژێت، بەڵام كۆتا جار كە لێی دام تلیاكی خواردبوو، ئەگەر دراوسێكان بەهانام نەهاتنایە ئێستە مردبووم".

"دواینجار كە پێش دوو هەفتە بوو، ئەو ڕۆژەی لە ئێران گەڕایەوە تا دوو شەو بێهۆش بوو، تەنانەت خۆی پیس دەكرد و دەڕشایەوە، لێم پرسی تلیاكت كێشاوە یان چی، بۆ وات بەسەر هاتووە، بەڵام بە قایش كەوتە گیانم و دواتر لە كوڕەكەی دا و لەبەرچاوی منداڵەكە چەقۆی خستە سەر ملم، كردم بە قیژە و هاوار و دراوسێكان فریام كەوتن". شلێر وای گوت.

ئەو ژنە كە ئێستە لە ماڵی خوشكێكی دەژی، لەبارەی پێشینەی بابەتەكە بەوەی هیچ سكاڵای بووە یاخۆ كەسی ئاگەدار كردووەتەوە؟ گوتی، "پێشتر دووجار لە سلێمانی و جارێك لە هەولێر لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی مافی ژنان و بەشی كۆمەڵایەتی یەكێتی ئافرەتان سكاڵام كردووە، بەڵام خوشكەكانم دەستیان پێ هەڵگرتم لە سكاڵاكان، جارێكیش لە ماڵی خوشكێكم بە دەمانچەوە هێرشی كردە سەرمان و ١٠٤ /پۆلیسی فریاكەوتن/م ئاگادار كردەوە، بەڵام ئەوكاتیش ماوەی دوو مانگ خۆی ون كرد و تا هاتەوە كەسوكارەكەی پەشیمانیان كردمەوە و لێی خۆش بووم".

بەڵام ئەمجارە وا دەردەكەوێت كێشەكان بینەقاقای شلێریان گرتووە و دەیەوێ كۆتایی پێ بێنێ، بۆیە پارێزەری گرتووە و لە دادگا داوای جیابوونەوەی تۆمار كردووە. خۆی دەڵێ "ئەمجارە بڕیارم داوە بەهیچ جۆرێك ناگەڕێتەوە ژیانم بەتایبەت دوای ئەوەی دڵنیا بووم تلیاككێشە و دوای سێ ڕۆژ لە جێهێشتنی ماڵیش هەموو ماڵەكەمی فرۆشتووە، تەنانەت جلەكانی خۆم و كوڕەكەیشی نەداوە پێمان".

پارێزەر ئارام محەمەد كە بریكاری شلێرە لە دادگای سلێمانی، بۆ "وشە" روونی كردەوە كە ئێستە هاوسەری شلێر بێسەروشوێنە، بۆیە سەرەتای مانگی داهاتوو یەكەم دانیشتنی دادگایە، ئەگەری زۆر هەیە ئامادە نەبێت و دادوەر دانیشتنەكە دوا بخات، بەڵام ئامادە نەبوونی ناكاتە مانای ئەوەی جیا نابنەوە، چونكە دوای سێ دانیشتنی دادگا بەبێ ئامادەبوونی ئەو، بە "غیاب" تەڵاق دەدرێت، دوای بڵاوكردنەوەی ناوی لە ڕۆژنامە.

لەبارەی چارەنووسی منداڵەكە، ئەو پارێزەرە گوتی، "منداڵ تا تەمەنی ١٥ ساڵ لە دادگا دەدرێت بە دایك و مافی بەخێوكردنی منداڵ بۆ دایكە".

كەیسەكەی شلێر لە دادگای سلێمانییە، چونكە لەگەڵ هاوسەرەكەی خەڵكی سلێمانین، بەڵام ماوەی دوو ساڵە دانیشتووی هەولێرن. 

ئێستە شلێر لە ماڵی خوشكەكەیشیەوە ترسی لە هاوسەرەكەی هەیە هەڵكوتێتە سەری و كارێكی خراپ بەرانبەر خۆی یان كوڕەكەی بكات، بۆیە داوا دەكات كە ژیانی خۆی و منداڵەكەی بپارێزن.

نەقیبی مافپەروەر ڕێباز زێوەر بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژی دژی ژن لە هەلێر، لەبارەی ئەو حاڵەتە بۆ "وشە" گوتی، بەپێی هەڵكەوتەی نیشتەجێبوونی شلێر دەبێت سەردانی نووسینگەی  "قەڵا"  بكات و سكاڵا لەسەر هاوسەرەكەی تۆمار بكات، ئەوكات سكاڵاكەی بەرز دەكرێتەوە بۆ بەردەم دادوەری پاراستنی مافی خێزان، لەوێوە بەپێی یاسای توندوتیژی خێزان مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەی دەكرێت كە توندوتیژی بەرانبەر كراوە و مافی خوراوە، ئەوكات خاوەن كەیس بە مافەكانی خۆی دەگەیەنرێت و ژیانیشی پارێزراو دەبێت.

"وشە" پێوەندی بە هاوسەری شلێرەوە كرد، بەڵام ژمارەكانی داخراون، كەسوكاریشی ئامادە نەبوون قسە لەسەر كەیسەكە بكەن و بەگوتەی خۆیان "حاشایان لە كوڕەكەیان كردووە". 

وشە/ بەدواداچوونی ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - تایبه‌ت