وەزارەتی دارایی زانیاری لەسەر دابەشكردنی دوو مووچە دەدات

:: PM:05:33:20/03/2019 ‌
وەزارەتی دارایی زانیاری لەسەر دابەشكردنی دوو مووچە دەدات، سەرچاوەیەكیش دەڵێ ئەگەر بەغدا مووچەی سێ مانگی رابردووی ئەمساڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش 400 ملیار دابین بكات، ئەوا لە مانگی داهاتوو دوو مووچە بە فەرمانبەران دەدرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات لە هەژماری وەزارەت دوای دابەشكردنی مووچەی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو، زیاتر لە 240 ملیار دینار ماوەتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابەشكردنی دوو مووچە بەسەر فەرمانبەران بە بێ پاشەكەوت لە مانگی داهاتوودا.

سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی، زانیاری زیاتر لە بارەی دابەشكردنی دوو مووچەكە دا، ئەوەی خستەڕوو ئەگەر حكوومەتی عێراق مووچەی سێ مانگی رابردووی وەزارەتی پێشمەرگە بدات كە بۆ هەر مانگێك 68 ملیار دینارە و كۆی گشتی دەكاتە 204 ملیار دینار، هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی 400 ملیار دینار بداتە وەزارەت، لەگەڵ 240 ملیار دینارەكە دەتوانن مووچەیەكی تر هاوشانی مووچەی مانگی داهاتوو بە فەرمانبەران بدرێت.

ئەو سەرچاوەیە بۆ "وشە" روونی كردەوە ئەگەرچی ئەوانە ئەگەرن، بەڵام وەزارەتی دارایی بە نووسراوی فەرمی داوای لە حكوومەتی عێراقی كردووە بۆ پێدانی سێ مووچەكەی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوكات داوایشی لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە پێوەندی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراقی ببەستێت، ئەوانیش شاندیان رەوانەی بەغدا كردووە تا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری گفتوگۆ بكەن بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگ.

گوتی "ئەگەر بەغدا پارەكە بدات، ئەوكات نزیكەی 450 ملیار دینار لەبەردەست دەبێت، بۆ تەواوكردنی مووچەی مانگێكی تر پێویستە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بڕی 400 ملیار دیناری تر دابین بكات".

زیاتر گوتی "ئەوە پێوەندی بە مووچەی مانگی داهاتوو نییە كە لە پێنجی مانگ دیسانەوە دەست دەكرێتەوە بە دابەشكردنی مووچە بە بێ پاشەكەوت، لەو 454 ملیارەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دینارەی مووچەی پێشمەرگە دابینی دەكات لەگەڵ 317 ملیار دینارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

جێی باسە 12ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری هەڵگرتنی پاشكەوتی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان راگەیاند.



وشە - فه‌رمان سادق