خۆت نازانی بۆ سەرت دەیەشێ ئێمە دەزانین

:: PM:03:35:02/01/2017 ‌
سەرئێشە کە یەکێکە لە بڵاوترین نەخۆشییەکان و ئەگەری هەیە یەکەمیش بێت، چەندان هۆکاری هەیە، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی خواردن بێت.

بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، هۆکاری سەرئێشە بۆ چەند ڕوویەک دەگەڕێتەوە کە ئەمانەی خوارەوەن:

یەکەم: نەخۆشی
چەند نەخۆشییەک بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبنە هۆی سەرئێشە، چونکە پێوەندییان بە دەمارەوە هەیە و لە کاریگەرییەکانی بەدوور نابن، ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو نەخۆشییانە:
- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دەبێتە هۆی سەرئێشە، ئەمەش بەهۆی بەهێزیی ئەو پەستانی خوێنەی دروستی دەکات بۆ سەر.
- ئازارەکانی ددان، هەمیشە هۆکارن بۆ سەرئێشەیەکی تیژ، جۆرەکانی ئەو ئازارەش بەپێی جۆری ئازارەکانی ددان جیاوازییان هەیە.
- نەنفلۆنزا و هەڵامەت بە هەمان شێوە دەبنە هۆی سەرئێشە، چونکە بۆشایییەکانی لووت و قورگ دەگیرێ و ڕێگەی هەناسەدانیش سەخت دەکات، ئەمەش کاریگەری بۆ سەر دەمارەکانی سەر دروست دەکات.
- سکچوون و قەبزیش دوو هۆکاری ترن کە دەبنە هۆی سەرئێشە.

دووەم: خواردن
چەند جۆرێکی خواردن، دەبنە هۆی سەرئێشە، بۆیە توێژەران هەمیشە دووپات لەوە دەکەنەوە کە پێویستە خەڵک ئاگەداری ئەو خواردنانە بن کە سەرئێشە دروست دەکەن، ئەمانەی خوارەوەش ئەو خواردنانەن:
- پەنیر: هەرچەندە پەنیر سوودێکی زۆری تەندروستی هەیە و پڕە لە پرۆتین و مادە کانزایییەکان، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە سەرئێشە.
- ئایس کرێم: لەبەرئەوەی رێژەیەکی زۆری چەوری لە خۆ گرتووە، رۆڵی هەیە لە تووشبوون بە سەرێشەی نیمچەیی، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان نەخۆشیی سەرئێشەی درێژخایەنیان هەیە.
- چوکلێت: رێژەیەکی زۆری مادەی "سیامین"ی تێدایە، یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی رێژەی "سیروتۆنین" و دەوڵەمەندیشە بە مادەی چەوری، بۆیە زۆر خواردنی، سەرئێشە دروست دەکات.
- قاوە: هەرچەندە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ باشبوونی تەندروستیی مرۆڤ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خواردنی دەبێتە هۆکاری تووشبوون بە سەرئێشە و کەمبوونەوەی سەرنج و تێڕامانی مرۆڤ، ئەمەش ڕەنگە لای هەندێک کەس تاسان دروست بکات، چونکە ئەگەرچی مادەی کافین هۆشیارکەرەوەیە، هۆکاری سەرئێشەیشە.

سێیەم: هۆکاری دەروونی
هەمیشە هۆکارە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، بێزاری و شڵەژان، سەرئێشە دروست دەکەن.

چوارەم: تێکچوونی بەرنامەی خەو
شێواندن و تێکچوونی بەرنامەی خەو، یان کەمخەوی، هەمیشە دەبنە هۆی سەرئێشە و جاری وایە کەسی تووشبوو پەنا بۆ قاوە و هۆشیارکەرەوەکانی تر دەبات، بەڵام زیاتر سەرئێشەکە چڕ دەکەنەوە.

هۆکاری تری سەرئێشە زۆرن، وەک دەنگێکی بەرزی بێزارکەر، بۆنێکی تیژ و ناخۆش، دووکەڵی جگەرە، بەرزایی لە فڕۆکەدا، گۆڕینی کەشوهەوا و زۆری تر.

سەرچاوە: mawdoo3


وشە - وشه‌