ئامێدی: چوارکەس بەهۆی ئاگری نەورۆزەوە سووتان

:: PM:10:36:20/03/2019 ‌

ئێوارەی ئەمرۆ لەکاتی هەڵگیرسانی ئاگری نەورۆز لە شارەدێی دێرەلووکی سەر بە شارۆکەی ئامێدی چوار هەڵگری مەشغەڵی ئاگر بەهۆی رووداوێکی نەخوازراو سووتان، "وشە" چیرۆکی یەکێک لەو بریندارانە بڵاو دەکاتەوە.

ژێهات زکری یەکێک لەو چوار کەسەی کە سووتاوە بە "وشە"ی راگەیاند، "ئەو وەکو هەموو گەنجەکانی تر مەشغەڵی ئاگری نەورۆز لە شارەدێی دێرەلووک هەڵگرتبوو و لەناکاو ئاگر ئەوانی گرت".

زیاتر گوتی، "ئەو شوێنەی کە هەڵگیرانی مەشغەڵ پێدا دەرویشتن نزیکەی دوو کیلومەتر درێژبوو بۆ ئەوەی لە رێگەدا مەشغەڵەکانمان دانەمرکێن و هەر گەشاوەبن، هەندێک کەسی تر نەوت بە مەشغەڵەکاندا دەکرت، بەڵام یەکێک لە کەسەکان لە جیاتی نەوت بە هەڵە بەنزینی بە مەشغەڵەکانمان دا کرد لەبەر ئەوە ئاگرەکە زۆر گەورە و گەشاوە بوو بەهۆیەوە سووتاندینی".

گەنجە سووتاوەکە لە درێژایی قسەکانی دا گوتی، زۆر دڵخوشە بە بەشداری کردن لە رێورسمی ئاگری نەورۆز و هەرگیز پەشیمان نییە کە چووەیتە ئەو رێورەسمە، چونکە نەورۆز هێمایی رزگارکردنی کوردە لەژێر زوڵم و ستەم"

"بۆ ئەوەی جارێکی تر ئێمەی کورد تووشی هیچ زوڵم و سەمێکی تر نەبین پێویستە زۆر گرنگی بە جەژن و بۆنە نەتەوەییەکانی کورد بدەین، بەو مەبەستە بەشداریم کردووە، ئەوەی منی نیگەران کردووە ئەوەیە کە بەهۆی برینداربوون نەمتوانی تەواوی ئاهەنگ و هەڵگیرسانی ئاگری نەورۆز لە ناوچەکە ببینم" ژێهات وای گوت.

ژێهات تەمەنی 14 ساڵە و قووتابییە لە شارەدێی دێرەلووک، پێشتریش بەشداری لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لە دێرەلووک و ناوچەکە کردووە، بەڵام ئەوجارە بەهۆی حاڵەتێکی نەخوازراوەوە دەموچاوی سووتا.

ئامێدی/نەوزاد هلوری










وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان