نووسینگه‌ى سه‌در داوا له لایه‌نگرانى ره‌وته‌كه ده‌كات بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سووكایه‌تى كه‌ناڵه‌كان سبه‌ى هه‌ینى كفن بپۆشن.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر كه‌ناڵى دیجله‌ى عێراقى دیمانه‌یه‌كى په‌رله‌مانتارى پێشوو وائیل عهبدولهتیفى بڵاوكرده‌وه، له دیمانه‌كه‌دا گوتى "له سه‌رده‌مى رژێمى پێشوو لایه‌نگرانى ره‌وتى سه‌در له رۆژى هه‌ینى كفنیان له ترسى رژێمه‌كه ده‌پۆشێ، كه‌چى ئێسته خۆیان حكومڕانى عێراق ده‌كه‌ن كه‌چى كفنهكهیش ده‌پۆشن".
له‌م كاته‌دا پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌كه كه سه‌حه‌ر عه‌باس جه‌میل بوو پێكه‌نى و ئه‌مه‌یش لایه‌نگرانى ره‌وتى سه‌درى توڕه‌كرد، لێدوانى به‌رپرسه‌كه و پێكهنینهى بێژهرهكهیان به سووكایه‌تى زانى بۆ ره‌وته‌كه‌یان.
ئه‌مڕۆ نووسراوێك به‌ناوى نووسینگه‌ى محه‌مه‌د سه‌در بڵاوكراوه‌ته‌وه، داوا له لایه‌نگرانى ده‌كات كفن پۆشن و وه‌ڵامى ئه‌و كه‌ناڵانه بده‌نه‌وه.
ره‌وتى سه‌در كه ئێسته له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌دره‌وه رێبه‌رایه‌تى ده‌كرێت، یه‌كێكه له ئاراسته‌كانى شیعه‌ى عێراق.
ئێسته موقته‌دا سه‌در پشگتیریى هاوپه‌یمانى سائیروون ده‌كات، كه به‌پێى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى رابردوو كه له ئایارى ساڵى 2018 به‌ڕێوه‌چوو، وه‌ك یه‌كه‌م هاوپه‌یمانى ده‌ركه‌وت.