له شاری سلێمانی سینه‌مایه‌كی تایبه‌ت به منداڵان ده‌كرێته‌وه و ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن په‌روه‌رده‌ی سلێمانی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌یش ده‌ڵێت، ڕۆژانه منداڵانی قوتابخانه‌كان به‌پێی خشته‌یه‌ك سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
مه‌ریوان عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 22ى ئادار، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ڕاگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به هاوكاری ناوه‌ندی به‌كره‌جۆ له شاره‌كه سینه‌مایه‌كی تایبه‌ت به منداڵان ده‌كرێته‌وه.
ئه‌وه‌یشی گوت، سینه‌ماكه تایبه‌ت ده‌بێت به بواری په‌روه‌رده‌یی منداڵان و ته‌واوی ئاماده‌كاری و ئامێره‌كانی بۆ دابین كراوه و له سبه‌ی شه‌موو 23ى ئادار، سینه‌ماكه ده‌كرێته‌وه و ڕۆژانه به‌پێی خشه‌ته‌یه‌ك منداڵان له په‌روه‌رده و قوتابخانه‌كانه‌وه وه‌ك گه‌شتی زانستی سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
ڕوونیشى كرده‌وه، سینه‌ماكه ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌ی گشتی سلێمانی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و ئامانجمان زیاتر خزمه‌تكردنه به منداڵان و هۆڵی سینه‌ماكه‌یش هه‌ر له گه‌ڕه‌كی به‌كره‌جۆ ده‌بێت بۆ ئاشناكردنی منداڵان به سینه‌ما و فیلمی سایكۆلۆژیش له سینه‌ماكه په‌خش ده‌كرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی