جلى كوردى مه‌ریوانى خواستى له‌سه‌ره‌

:: PM:10:03:22/03/2019 ‌

له‌گه‌ڵ هاتنى جه‌ژنى نه‌ورۆز خواست له‌سه‌ر كڕینى جلى كوردى و به‌تایبه‌تى جلى كوردى مه‌ریوانى له‌ شارۆكه‌ى پێنجوێنى هاوسنوورى شارۆكه‌ى مه‌ریوانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، رووى له‌زیادبوون كردووه‌.

ئه‌كره‌م عه‌لى، به‌رگدروو له‌ شارۆكه‌ى پێنجوێن، به‌ "وشه‌"ى راگه‌یاند، جیاواز له‌ساڵانى رابردوو ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ له‌لایه‌ن كڕیاران و دانیشتووانى پێنجوێنه‌وه‌، سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و خواست له‌سه‌ر كڕین و دوورینى جلى كوردى زیادی كردووه‌.

زیاتر گوتى، یه‌كێك له‌و جلانه‌ى كه‌ خواستێكى زۆر و به‌رچاوى له‌سه‌ره‌، جلى كوردى مه‌ریوانیه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌جۆره‌ باش و جوانه‌كان".

روونیشی كرده‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى شارۆكه‌كه‌مان هاوسنوورى شارى مه‌ریوانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌، بۆیه‌ "پێنجوێنیه‌كان"یش ده‌یانه‌وێت له‌رێى ئه‌و جۆره‌ جله‌ كوردیه‌وه‌، زیاتر كار بۆ تێكه‌ڵكردن و مانه‌وه‌ى كولتوورى كوردى نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵات بكه‌ن.

هاوكات ئه‌سعه‌د كه‌ریم، دانیشتووى ناو شارۆكه‌ى پێنجوێن، كه‌ ئه‌م نه‌رۆزه‌ جلى كوردى مه‌ریوانى كڕیوه‌، بۆ "وشه‌" گوتى "نرخى یه‌ك جلى كوردى مه‌ریوانى له‌ناوخۆى ئێراندا به‌قوماش و دورینه‌وه‌ له‌نێوان (150 بۆ 350 ) هه‌زار تمه‌ندایه‌ كه‌ ده‌كاته‌ (15 بۆ 35 ) هه‌زار دینارى عێراقى".

ئه‌و گوتى "به‌ڵام زۆر له‌ هاووڵاتیان و به‌تایبه‌تیش گه‌نجانى پێنجوێن، له‌به‌رئه‌وه‌ى ناتوانن بێ پاسپۆڕت بچنه‌ شارى مه‌ریوان، له‌ناو بازاڕى پێنجوێن به‌نرخێكى زیاتر كه‌ تا نزیكه‌ى 60 هه‌زار دینارى عێراقى ده‌بێت ئه‌و جله‌ ده‌كڕن".

شارۆكه‌ى پێنجوێن، یه‌كێكه‌ له‌شاره‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ شارى مه‌ریوان رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و ماوه‌ى نێوانیان نزیكه‌ى نیو كاتژمێر ده‌بێت و مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تى باشماخ له‌یه‌كیان جیا ده‌كاته‌وه‌.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنى


وشە - سه‌رخێڵ هاشم