بۆ هەڵپەڕكێی كارمەندانی هاتوچۆ ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:09:23:23/03/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لەسەر بڵاوبوونەوەی وێنەیەك كە دەردەکەوێت كارمەندانیان لەكاتی دەوام هەڵپەڕکێیان کردووە، ڕوونكردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئادار، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان هاتووە، هاتوچۆی گەرمیان هیچ پێوەندی بەو وێنانەوە نییە و هیچكام لەو ئۆتۆمبێلانە كە وێنە گیراون ئۆتۆمبێلی هاتوچۆی گەرمیان نین، هەروەها وێنەی یەكەمیان وێنەی ئۆتۆمبێلی جۆری تویوتا پیكابە هاتوچۆی گەرمیان تائێستە لەو جۆرە ئۆتۆمبێلەی نییە.

لە بەشێكی ڕوونكردنەوەكەدا ئاشكرا كراوە، هەرچی وێنەی دووەمیشە ئەگەر بەوردی سەرنج بدرێت تابلۆكەی لەڕووی ئەندازەییەوە باریكە، ئاشكرایە تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی گەرمیان تابلۆی ڕەسمین و هێندەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی مەدەنییە.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە ئاماژە دراوە، بۆیە بەپێویستی دەزانین كە بۆ هاووڵاتییان و ڕاگەیاندكاران ڕوونی بكەینەوە كە ئەو ئۆتۆمبێلانە دوور و نزیك پێوەندییان بە هاتوچۆی گەرمیانەوە نییە.

بڵاوبوونەوەی دوو وێنە لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكان لە دوو ڕۆژی ڕابردوو كە چەند كارمەندێكی هاتوچۆ لە كاتی ئەركدا خەریكی هەڵپەڕكێن، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی لێ كەوتۆتەوە و پێشتر بە كارمەندی هاتوچۆی گەرمیانیان دەزانین.



وشە - رامیار جەواد