دابەشكردنی مووچە دەست پێ دەکات

:: AM:09:41:23/03/2019 ‌
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵ دەست پێ بكات و وەزارەتێكیش كاتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئادار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی ڕاپەڕین بڵاوی كردووەتەوە، لە سەرەتایی مانگی داهاتوو دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانمان.

شارەوانی ڕاپەڕین نووسیویەتی لە ڕۆژی دووشەم حەوتی نیسان مووچەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابەش دەكرێت.

هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دابەشكردنی مووچەی مانگی یەك لە كاتی خۆیدا دەبێت و ئەگەر حكوومەت بڕیار بدات، ئەوا پێش دەخرێت.

ئەو سەرچاوەیە لەبارەی دابەشكردنی دوو مووچە بەیەكەوە گوتی، هیچ شتێكی لەو شێوەیە نییە و ئەوەی هەیە دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكە بەبێ‌ پاشەكەوت بۆ فەرمانبەران.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەو مانگە هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی ڕاگەیاند كە ئەمەیش بووە هۆكاری دڵخۆشبوونی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە سێ‌ ساڵ پاشەكەوت لە مووچەكەیان دەكرا، ئەوەیش بەهۆی بڕیارێكی عێراق كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی وەستاندبوو.





وشە - رامیار جەواد