بڕیارە ئەم هەفتەيە پارتی و یەکێتی بگەنە رێکەوتن

:: AM:10:43:23/03/2019 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی ئاشكرای دەكات لەو هەفتەیە بۆ پرسی پێکهێنانی حکوومەت پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە  و میدیاکانی یەکێتیش رای دەگەیەنن، لە کۆبوونەوەکە رێکەوتنی کۆتایی دەکریت.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئادار، لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا جارێكی تر شاندی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی نوێ‌ و پشكەكانی یەكێتی  كۆ دەبنەوە.

گوتەبێژەكەی یەكێتی ئاشكرای دەكات لەو كۆبوونەوەیە گفتوگۆ دەكرێت بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێێ‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە گوتەبێژی یەكێتی و ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەردوو حزب  كرد وەڵامی پێوەندییەكەیان نەدایەوە.

 ڕۆژی 19ـی ئادار شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە شاندێكی نوێ‌ دەستیان كرد بە گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆی كێشە ناوخۆیەكانیەوە تا ئێستە هیچ كەسێكی بۆ پۆستەكانی یەكلا نەكردووەتەوە و ئەوەیش هۆكار بووە بۆ دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد