مەترسی ڕووخانی پردەكەی ڕانیە ڕاگەیەنرا

:: PM:01:48:23/03/2019 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، مەترسی ڕووخانی پردەكەی ڕانیە هەیە، چونكە بە كەموكوڕی دروست كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئادار، یاسین خدر ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی كارەساتی ڕووباری دیجلەی شاری مووسڵ لە دەربەندی ڕانیە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە ڕێكاری خێرا بگرنەبەر.

ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان گوتی، داواكارم لە حكوومەت بەزووترین كات كاری چاككردن لە پردی دەربەندی ڕانیەدا بكەن، چونكە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلامە و ئەوەی لە واقیعدا دەیبینین، پردەكە لە سەرەتادا بە كەموكورتی دروست كراوە و ئێستەش بەهۆی زیادبوونی ئاستی ئاوی ڕووباری زێی بچووك و زۆری جموجۆڵی گەشتیاری لەم ناوچەیەدا نیگەرانم لە ئەگەری داڕمانی پردەكە و كارەساتێكی گەورەی لێ بكەوێتەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، پێش ئەوەی خەڵكی دەڤەری راپەڕین و گەشتیاران تووشی كارەسات بن كاری پێویستی بۆ بكرێت، هەروەها وەك چارەسەرێكی كاتی داوا دەكەم بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ڕاپەرین لەڕێی ڕێكخستنی هاتوچۆی گەشتیاران بەسەر پردەكەدا ئەو مەترسییە كەم بكاتەوە .

ئەو هەواڵە لە كاتێكدایە یەكەمین ڕۆژی جەژنی نەورۆز بەلەمێك لە شاری مووسڵ نقوم بوو و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەكیش بێسەروشوێنن.



وشە - رامیار جەواد