40 هەزار کیسە دابەش کراوە و سەدان تۆن زبڵ لە سەیرانگەکان کەوتوون

:: PM:02:28:23/03/2019 ‌
بەرپرسی ڕێكخراوێكی ژینگەپارێزی ئاشكرای دەكات، تەنیا لە سنووری هەولێر لە یەكەمین ڕۆژی نەورۆز 40 هەزار كیسەی زبڵ دابەش كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 23ـی ئادار، ئاسۆ شكاك سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤیاری ژینگەپارێزی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو پلانەی داماننابوو لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی لە هەولێر بۆمان دەركەوتووە بەداخەوە خەڵك لەو ئاستە هۆشیارییە نەبووە كە پێشتر چەندان هەڵمەتی هۆشیاریمان ڕاگەیاندبوو.

سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤیاری ژینگەپارێزی گوتی، لە یەكەمین ڕۆژی نەورۆز ئێمە 80 فەردە كیسەی زبڵمان لە بازگە و شوێنەكان دابەش كردووە و هەر فەردەیەك 500 كیسەی زبڵی تێدا بووە، كۆی گشتی دەكاتە 40 هەزار كیسەی زبڵ، بەڵام بەداخەوە بۆ ڕۆژی دووەم و سێیەم شوێنەكان بە پیسی جێهێڵراون.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ڕێكخراوی ئاڤیار هەر حەوت كۆمپانیایی پاكەرەوەی هەولێر سەرقاڵی پاككردنەوەی ئەو شوێنانە بوونە.

ئەو كیسە نایلۆنانەی دروست كراون توانای كۆكردنەوەی چوار بۆ پێنج كیلۆ زبڵی هەیە بەمەش كۆی زبڵی كۆكراوەی یەك ڕۆژی سەیرانگەكانی هەولێر زیاتر بووە لە 160 هەزار كیلۆ.




وشە - رامیار جەواد