دەستەی باڵا بۆ سەرژمێری گشتی راگەیەنرا

:: PM:03:35:23/03/2019 ‌
وەزارەتی پلاندانانی عێراقی، دەستەی باڵای سەرژمێری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری راگەیاند كە بڕیارە لە بەهاری 2020 لە سەرانسەری عێراق ئەنجام بدرێت.

عەبدولزەهرە هنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان روونكردنەوەی لەسەر ئەندامانی دەستەكە دا و ئاماژەی بەوە دا كە سەرۆكی لیژنەی نیشتمانی بۆ سیاسەتی دانیشتووان، دەزگای ناوەندی بۆ ئامار، نوێنەرێك یان دوو لە هەرێمی كوردستان كە یەكێكیان سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەندامانی دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق دەبن.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی وەزارەتی پلاندانان كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، هنداوی ئەوەشی خستووەتەڕوو كە دەستەكە نوێنەری پەرلەمانی عێراق، بریكاری وەزارەتەكانی ناوخۆ، دەرەوە، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و شارەوانییەكان، رۆشنبیری، گواستنەوە، پێوەندییەكان، كشتوكاڵ، سەرچاوە ئاوییەكان، كۆچ و كۆچبەران، تەندروستی و ژینگە، بەرگری و نوێنەری ئەنجوومەنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و نوێنەری ئەمینداریەتی بەغدا، نوێنەری دەستەی راگەیاندن، نوێنەری دیوانی ئەوقافی شیعی و سوننی و ئاینەكانی تر، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری هونەری لە دەزگای ناوەندی بۆ ئامار و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گشتی دانیشتووان و نێشتەجێكردن، تێیدا ئەندام دەبن. 

گوتی "ئەركی دەستەكە داڕشتنی پلانێكی گشتگیرە بۆ سەرژمێری و پلاندانان بەگوێرەی قۆناغە جیاوازەكان و پێویستییەكانی لە رووی دارایی و توانای مرۆیی بۆ هەموو سێكتەرەكان بە جیاواز".

جێی باسە دوا سەرژمێری لە عێراق ساڵی 1997 لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعس ئەنجام درابێ بەشداری هەرێمی كوردستان تێیدا، هەروەها پرسی سەرژمێری كۆمەڵێك كێشە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق یەكلا دەكاتەوە بەتایبەت پرسی پشكی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق كە هەموو ساڵێك مشتومڕی لەسەر دەكرێت، هەروەها بۆ دەستنیشانكردنی چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی كوردستانیش دەكرێت سوودی لێ وەربگرێت.



وشە - فه‌رمان سادق