ماكڕۆن: شكستی داعش كۆتایی بە گەورەترین هەڕەشە لەسەر فڕەنسا هێنا

:: PM:04:02:23/03/2019 ‌
دوای چەند سەعاتێك بەسەر رزگاركردنی باغووز لە دەستی داعش لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل، ئیمانوێڵ ماكڕۆن دەڵێ، شكستی داعش كۆتایی بە گەورەترین هەڕەشە بەسەر فڕەنسا هێنا.

ئەمڕۆ شەموو 23ی ئادار/ مارس، یەكینەكانی پارتاستنی گەل سەركەوتنی یەكجاریان لە باغووزی دوا مۆڵگەی خەلافەتی ئیسلامی بەسەر داعش راگەیاند و یەكەمین وێنەیان لەو شارەدێیە بە ئاڵای یەكینەكانی پاراستنی گەل بڵاو كردەوە.

راگەیاندنی ئەو سەركەوتنە بەسەر داعش بەلای فڕەنسا گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو، هاوشانی وڵاتانی تری ئەوروپی. ئیمانوێڵ ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا رای گەیاند شكستی داعش كۆتایی بە گەورەترین هەڕەشە بەسەر وڵاتەكەی هێنا. گوتی "یەكینەكانی پاراستنی گەل كە ئەمەریكا پشتگیرییان دەكات، توانیویانە كۆنتڕۆڵی دوا مۆڵگەی داعش كە باغووز بوو لە رۆژهەڵاتی سووریا بكەن".

ماكڕۆن لە تویتێكدا لە تۆیتەری تایبەتی خۆی نووسیویەتی، "ئەمڕۆ هەنگاوێكی گەورە بەدەست هات، كۆتایی بە مەترسییەكی گەورە بەسەر وڵاتەكەمان هات".

سەرۆكی فڕەنسا لە تویتەكەی ئاماژەی بەوەش كردووە كە هێشتا مەترسی بەردەوامە و دەبێت بەردەوام بن لە وەستانەوە بە رووی گرووپە تیرۆریستییەكان.

لای خۆیەوە فلۆرانس بارلی وەزیری بەرگریی فڕەنسا لە تویتێكدا ئەوەی خستەڕوو كە چیتر داعش خاكی بە دەست نەماوە، بەڵام هێشتا مەترسییەكانی ماون و كۆتایی پێ نەهاتووە.

جێی باسە داعش لە 2014 لە پەراوێزی شۆڕشی بەهاری عەرەبی لە سووریا كە ساڵی 2011 هەڵگیرسا، لە پارێزگای رەقە بوونی خۆی راگەیاند و دەستی بەسەر یەك لەسەر سێی خاكی سووریا گرت، دواتر لە حوزەیرانی هەمان ساڵ پەڕییەوە بۆ عێراق و دەستی بەسەر یەك لەسەر سێی خاكی عێراقیش گرت، ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە مزگەوتی نوور لە مووسڵ خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و شام راگەیاند، بەڵام دواتر لەلایەن عێراق و سووریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رووسیا و ئێران، بە توندی رووبەڕووی ئەو گرووپە تیرۆریستییە وەستانەوە، لە سووریاش یەكینەكانی پاراستنی گەل بە پشتگیریی ئەمەریكا هێزی سەرەكی بوو لە كۆتاهێنانی داعش لە سووریا.



وشە - فه‌رمان سادق