بەریتانیا ژمارەی هێزەكانی لە عێراق كەم ناكاتەوە

:: PM:05:08:23/03/2019 ‌

جێگری فەرماندەی گشتیی فرقەی كاری هاوبەش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دووپاتی كردەوە كە هێزە سەربازییەكانی بەریتانیا ژمارەیان لە عێراق و سووریا كەم ناكەنەوە و ئاماژەی كرد كە تا ئێستە دوو هەزار چەكداری داعش لە عێراق بوونیان هەیە.

وەك ماڵپەڕی "بی تی كۆم"ی بەریتانی لە راپۆرتێكی خۆی ئاماژەی پێ كردووە جەنەراڵ گریس غیكا، جێگری فەرماندەی گشتیی فرقەی كاری هاوبەش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رای گەیاندووە، سەرەڕای شكانی داعش و لەدەستدانی هەموو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی، بەڵام پێشبینی ناكەم كە كەوتنی بەناو دەوڵەتی خەلافەتەكەی مەترسی تیرۆر بۆ سەر بەریتانیا تا رادەیەكی زۆر زیاد و كەم بكات.  

زیاتر گوتی، ئێستە بەریتانیا هیچ پلانێكی نییە بۆ كەمكردنەوەی بەشداریكردنی لە پرۆسەی نەهێشتنی داعش لە عێراق و سووریا و ئاماژەی كرد، ئەمەریكا رای گەیاند كە بوونی سەربازیی خۆی لە سووریا دێڵێتەوە تا ئەوكاتەی هێزی ئاسمانی رۆڵی خۆی دەبینێت، بۆیە پێشبینی دەكەین كە بەریتانیاش بەردەوامبێت لە ئەركەكانی لەوبارەوە. 

غیكا روونی كردەوە هەمان شت جێبەجێ دەكرێت كە هێزەكانی بەریتانیا كە مەشق بە هێزە تەناهییەكانی عێراق دەدەن لە ئەركەكانیان لە عێراق بەردەوام دەبن، چونكە تا ئێستە داعش هەڕەشەیە و رووبەڕووی هێزەكانی عێراق دەبێتەوە كە ئەوەیش هەڕەشەیەكی گەورەیە. 

ئەو فەرماندە سەربازییە روونی كردەوە، ئێستە چەند سەت چەكدارێكی داعش لە سووریا و لە نێوان هەزار بۆ دوو هەزار چەكداریشیان لە عێراق هەن و پێویستە حكوومەتی بەریتانیا بڕیار بدات كە رۆڵی لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی بەریتانی، لەوانەیش منداڵانی داعش لە هەڵگرانی رەگەزنامەی بەریتانیایی دەبێت یان نا.

هێزەكانی سووریای دیموكرات ئەمڕۆ شەمووم 23ی ئادار /مارس سەركەوتنی كۆتاییان بەسەر تیرۆریستانی داعش ڕاگەیاند و لە دوای ناوچەی سووریا كە شارەدێی باغووز بوو، ئەوان كۆتاییان بە هەڵمەتەكانیان هێنا و تەواوی شارەكانی سووریایان لە دەستی تیرۆر ڕزگار كردەوە.

باغووز دوا مۆڵگەی چەكداری داعش بوو لە سنووری خاكی سووریا، هێزەكانی سووریای دیموكرات بە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەردەوامبوون لە ئۆپراسیۆنەكان تا توانیان تەواوی ناوچە جیا جیاكانی سووریا بە شەڕ و بەخشینی قوربانی زۆر لە تیرۆریسیتانی داعش وەربگرنەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل