" كوردستان پێویستی بە كارنامەیەكی سیاسی هەیە كە هێڵە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی دیار بێ"

:: PM:06:05:23/03/2019 ‌

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، دەرفەتی زۆر هەبوون بۆ چارەسەری دۆخی كەركووك، بەڵام لە دەست دراون، بۆیە پێویستە كەركووكییەكان خۆیان بیر لە دواڕۆژی شارەكە بكەنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 23ی ئادار، بێكەس قادر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێویستە لە رێی هەنگاوی كردەیی دەست بە چاكسازی بكرێ، ‌چونكە كوردستان پێویستی بە كارنامەیەكی سیاسی هەیە كە هێڵە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی دیار بێ و دەبێ مامەڵەی حكوومەت لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون بێ، نەك حزبی بوون.

بەرپرسەكەی زەحمەتكێشان لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژە بە دۆخی كەركووك دەدات و ڕای گەیاند، بۆ چارەسەری پرسی كەركووك زۆر كات‌ و دەرفەت لەدەست درا، ئەگەر دوێنێ رووی پرسیار لە بەغدا بوو بێ، ئەمڕۆ دەبێ كورد رووی پرسیاری لەخۆی بێ، چی كرا، جگەلە گواستنەوەی ناكۆكی‌و ململانێی حزبی، چی تر بە كەركووك نەبڕاوە.

دووپاتیش لەوە دەكاتەوە بێ هەبوونی پڕۆژە ‌و پلانێكی هاوبەشی كوردستانی نەخشە بۆ داڕێژراو، دۆخی كەركووك ئاسان نەبوو، بۆ ئێستە دەبێ باس لە ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە‌و چارەسەری دەستووری بكرێ. پێویستە كەركووكیەكان لەدەرەوەی تێڕوانین‌ و ململانێ ‌و بەرژەوەندی حزبی، بیر لە چارەسەر‌و دواڕۆژی كەركووك بكەنەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم