پارتی: هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ڕاناگیرێ‌

:: PM:06:46:23/03/2019 ‌

پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپات لەوە دەكەنەوە وەك چۆن بەبێ‌ فراكسیۆنی یەكێتی كارەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕاناگیرێ‌ بەهەمانشێوە دەركردنی یاسا و هەموار كردنەوەیش ڕاناگیرێت و ئێستە كار بۆ ئەوە دەكەن یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ببنە پەرلەمان و دامەزراوەكە كارا بكرێتەوە.

گەلاوێژ عوبێد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێویستە یەكێتی بێتەوە هۆڵی پەرلەمان، بەڵام بە هەر هۆكارێكی جیاواز بێ‌ كارەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕاناگیرێ‌.

ڕوونیشی كردەوە كە پەسەندكردنی یاساكان و ڕێوشوێنەكان بەردەوام دەبن، هەركاتێكیش فراكسیۆنی یەكێتی بێتەوە پەرلەمان ئەوە شوێنەكەیان دیارە.

لەلایەكی ترەوە  ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە: "بە هاوكاری لایەنەكانی تر سەرقاڵی كارەكانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانین، هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە بەبێ‌ یەكێتی ئەو كارە نەكریت، بەڵام ئەگەر هەر نەهاتن، كارەكانی هەموواری یاساكە راناگیرێ‌".

بڕیارە پەرلەمانی كوردستان دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كارا بكاتەوە و دوای سوێندخواردنی كاندیدی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە نیچیرڤان بارزانییە كاندیدی سەرۆكی حكوومەت راسپێردرێ‌.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم