ئەمەریكا: ڕێ‌ نادەین ئێران حووسییەكان بەكاربێنێت

:: PM:07:00:23/03/2019 ‌
ئەمڕۆ شەموو 23ی ئادار/ مارس، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، وڵاتەكەی رێگە نادات ئێران بەردەوام بێت لە بەكارهێنانی حووسییەكان لە یەمەن، واشنتن بەردەوام دەبێت لە راوەدونانی تاران لە هەر جێگەیەك بوونیان هەبێت.

پۆمپیۆ لە دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ "سكای نیوز عەرەبیە" كە لە بەیرووتی پایتەختی لبنان لەگەڵیدا ساز كراوە، ئاماژەی بەوەدا ئێران مووشەك بەكار دەهێنێت و لە یەمەنیش حووسییەكان شەڕی ئێران بە وەكالەت دەكەن كە لەمەشدا سعوودیەی كردووەتە ئامانج كە بووەتە مەترسی بەسەر دانیشتووانی ئەو وڵاتە جا چ سعوودی بن یان ئەمەریكی و لبنانی و ئەوروپییەكان بن، گوتی "ناكرێت ئەمە قبوڵ بكرێت، بۆیە هەرچی لە دەستماندایە بەكاری دەهێنین بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی گەلی یەمەنی دەیانەوێت".

پۆمپیۆ دووپاتی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی راوەدوی ئێران دەنێت و دژی چالاكییەكانی دەوەستێتەوە لە هەموو پنتێكی دنیا، چ لە ئەمەریكای لاتینی بێت یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەموو جێگەیەك دەیاندۆزینەوە و ناچار بە كشانەوەیان دەكەین.

"دەمانەوێت گەلی ئێران ژیانێكی نوێ بژین نەك هەر لە پێشوازی رۆڵەی وڵاتەكەیان بن لەناو تابوتی مەرگ". پۆمپیۆ وای گوت، ئەوەشی خستەڕوو كە ئەمەریكا كۆشش دەكات تا گەلی ئێرانی بە دیموكراتی و ئازادی و مافی مرۆڤەوە بژیت، كە ئەمە ویستی ئەمەریكا بۆ هەموو گەلێك.

زیاتر گوتی "ئەمەریكا خۆشی بۆ گەلی ئێران مەبەستە كە سەركردەكانیان خیانەتیان لێیان كردووە و وڵاتەكەیان لێ كاول كردن كە پێشتر سەرچاوەی شانازی بوو، بەڵام ئەوان بە پشتگیری كردنی گروپە توندڕۆ چەكدارەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەم شەڕ لە لبنان و ناوچەكە بڵاودەكەنەوە و هەمیش ئابووری وڵاتی خۆیان بەهۆیەوە وێران بووە".
 

سكای نیوز عەرەبییە دەڵێ، تەواوی دیمانەكەی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كە ئێستە بە گەشتێك لە لبنانە، ئەمشەو بڵاو دەكرێتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق